ڕێکخراوەکانی ژنان لەگەڵ ئەوەی چالاکانە کار ناکەن، یاساش پاڵپشتیان ناکات

هەرچەندە ڕێکخراوەکانی ژنان ژمارەیان زۆرە، بەڵام نەیانتوانیوە کێشەکانی ژنان لە بنچینەوە چارەسەربکەن، بەشێکیان تەنها بۆ بەرژەوەندی حزب و لایەنێک کار دەکەن، ئەو ڕێکخراوانەشی بۆ پرسی ژن کاردەکەن لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ئاستەنگ دەکرێن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ڕێکخراوەکانی ژنان لەناو کۆمەڵگەدا وێنەیەکی لێڵیان هەیە و متمانەیان پێناکرێت، هەندێکیان بەڕاستی کار بۆ ژن ناکەن و بەشێکی دیکەیان ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتدارێتی بەڕێوەیان دەبات، هەندێکی دیکەیان لەلایەن حزب و دەسەڵاتەوە ئاستەنگییان بۆ دروستدەکرێت.

 

ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری کۆمەڵگە قبوڵی ناکات ژن ئازاد بێت و ئازادانە داوای مافەکانی خۆی بکات، بۆیە کاتێک ناوی ڕێکخراوێک یاخود لایەنێک دێتە ئاراوە هەوڵی ناشرینکردنی دەدات، وەک ئەو دۆخەی ئێستا ڕێکخراوەکانی تێدایە، تەواوی کۆمەڵگە و ژنانیش کارەکانیان بەرز نانرخێنن، لەلایەکی دیکەوە لێکۆڵینەوەی ناورد، بەدوادانەچوونی کەیسەکانی ژنان و کەموکورتی لە کارەکانیان ئەو بێ متمانەییەی دروستکردووە، خودی یاساش پاڵپشتی ڕێکخراوەکان ناکات، بەڵکو ڕێگریشیان لێدەکات بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان.

 

"بەهۆی هەوڵنەدانی جدی، کاری ڕێکخراوەکان لای هاوڵاتیان بووەتە جێگای پرس"

چرۆ شوانی، پارێزەر، ئاماژەی بەوەدا کۆمەڵگە گەیشتووەتە ئاستێک، نەک تەنها بەرامبەر ڕێکخراوەکان بەڵکو تەواوی حزب و هەر لایەنێکی دەرکەوتوو متمانەی پێناکات، هۆکاری ئەم بێ متمانەییەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە هیچ ڕێکخراو و لایەنێک بۆ مەبەستە سەرەکییەکەی خۆی کارناکات، "ڕێکخراوەکان کاردەکەن بەڵام لەو ئاستەدا نین متمانە لەلای خەڵکی دروستبکەن، ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدەن گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵکییە، ئەویش لە ڕێگای کارکردنی جدی، وە ئەگەر هەوڵنەدەن بۆ گەڕاندەوەی ئەو متمانەیە هەمیشە دەبنە جێگای پرسیار".

 

"ڕێکخراوەکان کاتێک دۆسیەی ژنێک هەیە، لێکۆڵینەوەی وردی بۆ ناکەن"

چرۆ شوانی تیشکی خستەسەر کاری ڕێکخراوەکان کە کاتێک ژنێک سەردانی ڕێکخراوێکی ژنان دەکات ئەگەر کێشەکەی یاسایی بێت و چارەسەر بکرێت ئەوا پارێزەری ڕێکخراوەکە بە خۆبەخشانە بۆی چارەسەر دەکات، وتیشی کێشەکە لەوەدایە ژنان متمانەیان بە ڕێکخراوەکان نەماوە و زۆربەی کات کەیسەکانی ژنان نایەتە ڕێکخراوەکان بەڵکو دەچێتە لای پارێزەرەکان.

 

باسی لەوەشکرد، ژنێک دەکوژرێت ڕێکخراوکان کاری جدی و لێکۆڵینەوەی وردی بۆناکەن، هۆکاری ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ بوونی دەسەڵاتێکی پیاوسالار کە ڕێگە نادەن کەیسەکان بڵاوببنەوە و کپی لێدەکەن، بەڵام کاری ڕێکخراوەکان بەدواداچوونە و ئەنجامی نادەن، "سەرەڕای بوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، بەڵام کێشەکان لە زیادبووندان، بۆیە یاساکە کەموکورتی تێدایە، لە ئێستادا لە هەموارکردنەوە دایە، یاسا نابێت چەقبەستووبێت چونکە بە پێی دۆخی کۆمەڵگە و دروستبوونی دیاردەکان دەبێت گۆڕانکاری بەسەردا بکرێت، لە ڕووی سزادانەکان و لێکۆڵینەوەکانیش".

 

هەندێک سزای یاسایی هەن لە بەرامبەر تاوانەکان سزای سوکن کە نەدەبوو بەو جۆرە بێت وەک، خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی چونکە زۆرترین ڕووداو و تاوانەکان لەوێوە سەرهەڵدەدات، وەک پارێزەرێک داوا دەکات یاسا سەروەربێت و لە بوونی هەر کێشە و دیاردەیەک یاسا بێ دەستێوەردانی لایەنی سیاسی و دەسەڵاتداران سەروەری خۆی بسەلمێنێت.

 

"ڕێکخراوەکان باگراوندی سیاسیان هەیە"

دیاری فەرەیدون، ڕاگەیاندنکار و چالاکوان، دەربارەی کاری ڕێکخراوەکان ئاماژەی بەوەدا، ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوەکان هەن بەڵام ئەوەی کە بە ڕاستی کار دەکەن ژمارەیان کەمە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک وەک ئابووری، دەستێوەردانی دەرەکی بە تایبەت ئەو ڕێکخراوانەی سەربەخۆن ڕێگریان بۆ دروستدەکرێت لەلایەن کەسانی سیاسی و دەسەڵاتدارانەوە، دەیانەوێت بیانخەنە ژێر فکری خۆیانەوە.

 

"زۆرینەی ڕێکخراوەکان، لە دەستەی بەڕێوەبردنییەوە تا بچوکترین ئەندامیان باگراوندی سیاسیان لە پشتەوەیە، کاتێک لەژێر کاریگری حزبێکدا کاردەکەن بێگوومان کارەکانیان لەبەرژەوەندی ئەواندا دەبێت، هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر ڕێکخراو هەن نەیانتوانیووە وەک ژنانی سەردەمانی پێشوو چالاکبن و ببنە ڕێبەری شۆڕشێک، لەگەڵ ئەوەش کێشە و ژیانی ژنانیان لە کۆمەڵگەی ئێستادا چارەسەر نەکردووە، چونکە چەندین کەیس هەن کە براوەتە ڕێکخراوەکان لە پاشان ژنەکە بە بیانوویەک کوژراوە و لەناویان بردووە".

 

"ڕێکخراوەکان لە بەرامبەر ڕێگریکردنی یاسا بێدەنگن"

ئەو چالاکوانە باسی لەوەشکرد ئەو ئامارانەی هەن بۆ توندوتیژیکردن لەسەر ژنان لە ئاستێکی بەرزدان، ئەوەی جێگای پرسە ڕێکخراوەکان بێدەنگن و لێکۆڵینەوەی لێناکەن، دەڵێت "هەرکات دۆسیەیەک هەبێت نابێت ڕێکخراوەکان لێی بترسن و سڵ لە یاسا بکەنەوە، بەڵام چونکە یاسا لە هەرێمی کوردستان بۆ بێ دەسەڵاتەکانە، بۆیە بەشێک لە ڕێکخراوەکان و ئەوانەی حزبی نین کاتێک هەوڵی دەرخستنی ڕاستی بابەتەکە دەدەن یاسا ڕێگریان لێدەکات، خودی ڕێکخراوەکان خۆشیان لە بەرامبەر پێشێلکردنی یاسا بەرامبەر بە ژنان بێدەنگن، وەک ئەو ڕووداوەی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە دادگای سلێمانی ڕوویدا و تیایدا یاسا پێشێلی مافی ژنانی کرد، کە دەبوو سەرجەم ژنانی چالاکوان و ژنانی ناو ڕێکخراوەکان بێنە دەنگ لێی".

 

"کۆمەڵگەیەک بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری بڕوات بەڕێوە، ناهێڵن ژنان چالاکبن تیایدا"

کۆمەڵگەی کوردی بەوپێیەی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارە و بەو فکرە بەڕێوە دەچێت، ئەو ڕێکخراوانەی چالاکن و کاریش دەکەن ڕووبەڕووی چەندین سوکایەتی و پێشێلکردنی مافەکانیان بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەی مافەکانیان پێشێلدەکرێت ئەرکەکانیشیان زیاد بووە لەسەریان ئەمەش دووبارە بارگرانی بۆ ژنان دروست کردووەتەوە.

 

لە کۆتایدا دیاری فەرەیدون وەک ڕێگەچارەسەرییەک ئاماژەی بەوەدا، هەرچەندە ژنان و ڕێکخراوەکانی ژنان کار بکەن، کاتێک یاسا لە پشتیان نەبێت ناتوانن بەردەوام بن و دەنگیان کپ دەکرێت، "پێویستە ڕێکخراوەکان خۆشیان گوێنەدەن بە قسەی کۆمەڵگە و بوێرانە کاری خۆیان بکەن و لێکۆڵینەوەی ورد بکەن بۆ کێشەکانی ژنان، یەکگرتووانە و بێ گوێدانە حزب و لایەنەکانیان بۆ پرسی ژن کار بکەن".