"منداڵانی ئۆتیزم پێویستیان بە تێکەڵ بوون لەگەڵ کۆمەڵگە و منداڵدا هەیە"

ئەسمەعە ڕەسوڵ، ڕاهێنەری منداڵانی ئۆتیزم باس لە شێوازەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵانی ئۆتیزم دەکات و دەڵێت: یەکێک لە پێویستییەکانی منداڵی ئۆتیزم ئەوەیە، تێکەڵی منداڵی هاوتەمەنی خۆی بکرێت.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- سەنتەری هەتوان بۆ شیاندن و ڕاهێنانی منداڵانی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستی تایبەت لە شاری ڕانیە تایبەتە بە منداڵانی ئۆتیزم و ژنان لە ڕێکخراوەکەدا کار دەکەن تا بتوانن زانایی منداڵانی ئۆتیزم زیاد بکەن، لە بۆنە و یادەکانی منداڵاندا، ئاهەنگیان بۆ ساز دەکەن و کاتێکی خۆش لەگەڵیاندا تێدەپەڕێنن، وەک یادی ڕۆژی جیهانیی منداڵان، کە هەموو ساڵێک لە ١ی حوزەیراندا یاد دەکرێتەوە.

 

ئەسمەعە ڕەسوڵ، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە پەروەردە و دەرونزانی، باسی لە سەنتەری هەتوان کرد کە ١٤ ژنن و لە شاری ڕانیەی هەرێمی ڕاپەڕین شیاندن و ڕاهێنان بە منداڵانی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەن، لەو بارەیەوە دەڵێت: ئێمە لە سەنتەرەکە کۆمەڵێک ڕاهێنان و چالاکی و کار لەسەر لایەنەکانی منداڵانی ئۆتیزم دەکەین، لایەنە کارامەییەکانیان پێشدەخەین.

 

ئەسمەعە ڕەسوڵ پێناسەی حاڵەتی ئۆتیزمی کرد، کە تێکچوونێکی دەمارییە و کار لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی و ڕەفتاری منداڵەکە دەکات، تیایدا کۆمەڵێک ڕەفتار دەردەکەوێت، کە زۆر کات بەخێوکەرەکەی، کە دایک و باوکە، هەستی پێدەکەن بەوەی منداڵەکەی لە منداڵی ئاسایی ناچێت، بۆ نمونە کۆمەڵێک نیشانی وەکو چاو، کە نیشانەی سەرەتایین و هەستی پێدەکرێ، یاخود جوڵەی زۆر، یان دواکەوتنی لایەنی زمانەوانی و چەند ڕەفتارێکی دیکەن دەریدەخەن کە منداڵێک ئۆتیزمی هەبێت.

 

ئەسمەعە ڕەسوڵ باسی لە میکانیزمەکانی شیاندنی منداڵانی ئۆتیزم کرد، کە دوای ئەوەی دایکەکە هەست بە هەندێک جوڵەی نائاسایی منداڵەی دەکات، دەچێتە لای پزیشكی پسپۆڕی منداڵان، دواتر لە ڕێگەی لیژنە و هەڵسەنگاندن بۆ منداڵەکە و ئەنجامدانی چەند چالاکییەک، بڕیار لەسەر تەندروستی منداڵەکە دەدەن، هەروەها وتی: ئێمە لێرەوە دەستدەکەین بە ڕاهێنان پێکردنی ئەو منداڵانە، بەڵام پێش ئەوە بۆ نمونە کۆمەڵێک پرسیار هەیە لە دایک و باوکەکە دەکرێت تا زانیاری لەسەر توانایی و لایەنی بەهێز و لاوازی منداڵەکە کۆبکەینەوە، لە جیهانی ئێستا و دوایین توێژینەوەکاندا ئۆتیزم بە نەخۆشی هەژمار نەکراوە، بۆیە ئێمە ناتوانین قسە لەسەر چاک بوونەوە و چاک نەبوونەوەیان بکەین، لێرەدا ئۆتیزم وەک حاڵەتێکی جیاوازی دەبینرێت، بۆ نمونە توێژینەوەکان و پسپۆڕان حاڵەتەکان بە جیاوازی دەبینن و پێیان وایە قبوڵکردن و خۆشویستنیان دەکەوێتە سەر کۆمەڵگە، واتە دەبێت کۆمەڵگە ئەو جیاوازییە قبوڵ بکات کە دەکرێت منداڵێک لەوەی دیکەی نەچێت، هەروەها منداڵانی ئۆتیزم پێویستییان بە ژینگەی گونجاوە لەبەربوونی هەستیاری لە زۆربەی حاڵەتەکانیاندا.

 

لە کۆتاییدا ئەسمەعە ڕەسوڵ ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە هاوکاری ماددی دایکان و باوکانی منداڵانی خاوەن پێداویستی بکرێت، ئاسانکاری لە شوێنە گشتیەکانی وەکو قوتابخانە و نەخۆشخانەکان و شوێنە گشتیەکانی دیکە بکرێت بۆ ئەو منداڵانە، کۆمەڵگەش دەبێت هاوکار بێت، بۆ نمونە بە چاوێکی کەم سەیریان نەکات، لەوە نەترسێت کە منداڵە ئاساییەکەی خۆی تێکەڵی منداڵی ئۆتیزم بکات، چونکە ئەوە یەکێکە لە پێویستییەکانی منداڵی ئۆتیزم کە تێکەڵی منداڵی هاوتەمەنی خۆی بکرێت، بۆ ئەوەی هەندێک ڕەفتاری باش هەیە لە منداڵەکانی دەوروبەری خۆی وەربگرێت .