"چەک بۆ بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان بەکارناهێنرێت"

چالاکوانانی بواری ژنان دەڵێن: چەک وەک کەرەستەیەکی سەرەتایی لە بازاڕەکانی هەرێم و باشووری کوردستاندا بازرگانی پێوە دەکرێت و بووەتە هۆکارێک بۆ زیادبوونی کوشتنی ژنان.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە بازاڕەکاندا بازرگانیکردن و بڵاوکردنەوەی چەکی بێ مۆڵەت ڕوو لەزیادبوونە، هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاماری کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستان، بەهۆی هەبوونی دەستی سیاسی بۆ هاتنە ناوەوەی چەکی بێ مۆڵەت بۆ هەرێمی کوردستان ژنان بەردەوام دەبنە زیانبەرکەوتوو و هەموو ڕۆژێک بە کوشتنی ژنێک ڕۆژ دەستپێدەکات، ئەگەرچی یاساکان لەلایەن پیاوان و دەسەڵاتەوە دەردەچن، سەروەر نەبوونیشی هۆکارێکە بۆ زۆربوونی چەکی بێ مۆڵەت، بەشێکی زۆر لە بکەرانی تاوانەکان ناگەن بە سزای تاوانەکەیان، ئەمەش هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی کوشتنی ژنانە.

 

بەپێی ئەو ئامارانەی دەست ئاژانسی نوژنها کەوتووە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٧٥ ژن کوژراون و ناچار بە خۆکوشتن کراون، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ژمارەکە بۆ ٨٥ ژن بەرز بووەتەوە.

 

"چەک لە بازاڕەکاندا وەک کەرەستەی سەرەتای بازرگانی پێوە دەکرێت"

عایشە عەبدول حەکیم، سکرتێری یەکێتی ژنانی کوردستان و چالاکوانی ژنان، باس لەوە دەکات، لە باشووری کوردستاندا هەبوونی پاراستنی وڵات و هێزی چەکداری بووەتە هۆکاری زیادبوونی چەک، دەشڵێت: ئێمە بە دروستکردنی هەرێمێک ویستمان خەباتی چەکداری ڕابگیرێت، بەڵام کەسانی باڵادەست و کوڕی بەرپرسان بەردەوام بە چەکەوە بە ناو شارەکاندا دەگەڕێن، ئەم هەڵسوکەوتە بووەتە هۆکاری ئەوەی لای گەنجانی دیکە بەکارهێنانی چەک ئاسان بێت، هەروەها زۆربوونی چەک بەبێ سانسۆر و فرۆشتنیان لە بازاڕەکاندا وەک هاوشێوەی فرۆشتنی هەموو پێداویستیە سەرەتاییەکانی لێهاتووە.

 

ئاماژەی بەوەشدا، هەبوونی چەک لە بازاڕەکاندا بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، هەروەها بە نرخێکی هەرزان دەفرۆشرێت بە هاوڵاتیان، وتیشی: چەک وەک هەر کەرەستەیەکی سەرەتایی دەفرۆشرێت لە بازارەکانی هەرێم و باشووری کوردستاندا، وەک چۆن میوە دەکڕین ئاواش بێ مۆڵەت بە بڕە پارەیەکی کەم دەست دەکەوێت، هەبوونی ئەم چەکانە مەترسی بۆ سەر ژیانی ژنان دروست کردووە لە ماڵەکانیاندا، هەروەها خێزانەکان هۆکاری سەرەکین بۆ هەبوونی کوشتنی ژنان لە ماڵەکاندا، لە منداڵیەوە ژنان هەموو شتێکیان بۆ هەڵەیە و کۆت و بەند دەکرێن، ئەگەر ژنان لەم یاسای خێزانە دەربچن بە چەک دەترسیندرێن و دەکوژرێن، بەڵام پیاوان ئازادن دەتوانن هەرکارێک دەیانەوێت ئەنجامی بدەن و زۆربەی کات خێزان پشتگیریان دەکەن، کەواتە هەبوونی چەک هۆکارێکە بۆ پێکانی ئامانجەکانیان کە ژنە، نەک بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان.

 

"دەسەڵات لێپێچینەوە لە هەبوونی چەک لە ماڵەکاندا ناکات، ئاماری کوشتنی ژنانیش زیادی کردووە"

عایشە عەبدول حەکیم، هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت لە باشووری کوردستاندا دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی دەسەڵاتێکی پتەو بۆ دانانی یاسایەک دژی هەبوونی چەک لە ماڵەکاندا، دەڵێت: هەبوونی چەک دەبێت مەرج و یاسایی تایبەتی خۆی هەبێت، هەروەها نەبوونی لێپێچینەوەی یاسایی بۆ هەڵگرتنی چەک هۆکارێکی دیکەی زۆربوونی چەکی بێ مۆڵەتە، دەبینین هەر منداڵێکی ١٦ ساڵان چەک هەڵدەگرێت و لێپرسینەوەی نییە، هەر ناوچەیەک یان دەسەڵاتێک لێپێچینەوەی نەبێت و یاسا کار نەکات، ئەو ناوچەیە ڕێژەی کوشتن و ئاژاوە نانەوەی تێدا زیاد دەکات.

 

لە درێژەی قسەکانیدا کاری ڕێکخراوەکانی هەڵسەنگاند و وتی: ڕێکخراوەکان لەناو یەکدا هەوڵ نادەین بۆ یەک ئامانج، کە ئەویش ئامانجی یەکبوون و داواکردنی مافەکانی ژنانە، هەروەها بەشێک لە ڕێکخراوەکان پاشکۆی حزبێکن کە پێویست ناکات لەکاری ڕێکخراوەیدا و بەتایبەت بۆ ژنان حزبێک بڕیار بدات، پێویستە ڕێکخراوەکان هاودەنگ و هاوهەڵوێست بن بۆ داواکردن و نەهێشتنی چەکی بێ مۆڵەت لە هەرێمی کوردستاندا، لە کوشتنی زۆربەی ژنان دەکۆڵینەوە دەبینین دەستێکی لەپشتە و بە بابەتێکی کۆمەڵایەتی کوژراوە.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: هەبوونی ئەم بارودۆخە دەستێکی سیاسیی لەپستەوەیە، دەسەڵات هیچ ڕێکارێک ناگرێتەبەر، کەواتە دەستی دەسەڵات لە پشت ئەم بابەتەوە هەیە و ئامانجیان قڕکردنی گەلی کوردە لەم نێوەندەدا، کە ماڵێک چەکی تێدابێت دەبێت بە یاسادا بڕوات، پاشان چەک وەربگرێت نەک هەموو خێزانێک بتوانن ئەو چەکە بەکاربهێنن و هەرکات کێشەیەک دروست بوو بەرامبەر یەکتر بەکاری بهێنن.

 

"هەڵگرتنی چەک و تاوان کردن پێیم دووجار تاوانە و سزای هەیە لە دادگادا"

لاڤان زاهیر، پارێزەری یاسایی لە یەکێتی ژنانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، لەبارەی هەبوونی چەکی بی مۆڵەت لە هەرێمی کوردستان و زیادبوونی هەڵگرتنی چەک، کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا پەرلەمانی کوردستان ماددەی دووی هەموار کردەوە، دەڵێت: لە هەموارکردنەوەی یاساکەدا چەندین سزای دیکە دانرا وەک بازرگانی کردن و هاوردەکردنی و هەڵگرتنی چەک سزاکانی قورستر بێت، لە ماددەی پانزەدا یاساکان دیاری کران هەر هاوڵاتیەک چەکی بێ مۆڵەت هەڵبگرێت سزاکەی لە ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەند کردنە، هەروەها سەرپێچی بە بڕی یەک ملیۆن دینار بۆ پێنج ملیۆن دیناری عێراقی کەمتر نەبێت، دانرا.

 

وتیشی: هەبوونی چەکە بێ مۆڵەتەکان و هەڵگرتنیان تاوانێکە، کاتێکیش هەڵگری چەکە بێ مۆڵەتەکە تاوانێکی پی ئەنجام دەدات تاوانەکەی دووجار دەبێت، لە دادگادا تاوانبار سزای کوشتن و هەڵگرتنی چەکی بی مۆڵەت سزا دەدرێت و سزاکانیان وەردەگرێت.

 

"بەکارهێنانی چەکە مۆڵەتدارەکان سنوردارن و لە چوارچێوەی کاردا بەکاردێت، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە"

پارێزەر لاڤان زاهیر باس لەوە دەکات، دەسەڵاتی جێبە‌جێکردن هەیە بۆ جێبەجێکردنی یاساکان لە پەرلەماندا، کاتێک یاسایەک دەرەچێت لە دادگاوە بەپێی ماددەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، دەڵێت: یاساکان دەڵێن بازرگانی کردن بە چەکی بێ مۆڵەت سزاکەی زیندانی کردنە، دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵبستن بە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بازرگانی بە چەکە بێ مۆڵەتەکانەوە دەکەن، دادگا ئەرکی جێبەجێکردنی یاساکانە، نەک پشتگوێخستنیان.

 

"پێویستە پارێزەر و دادگاکان هەوڵبدەن بۆ کەمبوونەوەی دیاردەی کوشتنی ژنان"

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشدا، هەبوونی جۆری چەکەکان کاریگەری دەبێت لە بڕیارەکانی دادگادا، "لە ماددەی ٤٠٥، ٤٠٦ی سزادانی عێراقی گرتنی چەک لە ماڵەکاندا و چەکی بێدەنگ دەگرێتەوە، کاتێک تاوانەکە پلان بۆ داڕێژراوە ئەوا تاوانبار بەپێی ماددەی ٤٠٦ سزا دەدرێت.

 

لە کۆتاییدا وتی: داوا لە دادگاکان و پارێزەران دەکەم ئەو تاوانانەی بە چەکی بێ مۆڵەت ئەنجام دەدرێت چاوپۆشیان لێ نەکەن، هەوڵبدەین بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی تاوانکاری و هەبوون و بازرگانیکردن بە چەکە بێ مۆڵەتەکانەوە، هەروەها بۆ ئەو کەیسانەی بەلاڕێدا دەبرێت، یاخود دەیانەوێت بە سوڵحی عەشایەری بە ئەنجام بگەیەندرێت، پێویستە هەوڵبدەین بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردانە ڕێگری لێبکەین.