چالاکوانێک لە ڕانیەوە: پێویستە ژنان خەباتی زیاتر بکەن
ئاشنا حەسەن، چالاکوانی بواری ژنان لە ڕانیە، پیرۆزبایی ٨ی ئاداری لە ژنان کرد و ڕایگەیاند، پێویستە خەباتی زیاتر بکرێت بۆ دەستەبەری ژیانێکی شایستە.
دیڤان سیهاد
ڕاپەڕین- ئەمڕۆ ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێكۆشانی ژنانە، نزیکەی ١٧٠ ساڵ بەسەر ناڕەزایەتی ژنانی کارگەکانی وڵاتی ئەمریکا تێپەڕدەبێت، کە لە پێناو مافەکانیان تێكۆشانیان کرد، ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا لەناو قەیران و کێشە و ناکۆکی و شەڕدا دەژین، دوورخستنەوەیان لە بوارەکانی ژیاندا کاریگەری لەسەر سیستمی گشتی بەڕێوەبردنی جیهانیش کردووە، کە قەیران و شەڕ و ململانێکانی لێکەوتووەتەوە، ژنان باس لەوە دەکەن، کە پێویستە لەسەر ئاستی هۆشیاری و خۆبەرەوپێش بردن کار بکرێت و هەوڵ بدرێت بەرەو ئازادی هەنگاو بنرێت،
ئاشنا حەسەن، چالاکوانی بواری ژنان لە هەرێمی ڕاپەڕین، ٨ی ئاداری لە ژنانی جیهان و کوردستان وبە تایبەت هەرێمی ڕاپەڕین کرد و وتی: بە هیوای هاتنەدی مافەکانی ژنانەوەین، لە مێژووەوە ژن خەباتیان کردووە، تا توانیویانە مافە ڕەواکانی خۆیان بەدەست بهێنن، هەرچەندە وەکو پێویست نەگەیشتووینەتە مافەکانی خۆمان، بەڵام هەمیشە لە هەوڵدانداین کە شان بە شانی پیاوان بتوانین لە هەموو دام و دەزگاکان و کار و بارەکاندا جێگە بگرین و هەوڵ بۆ ئاشتەوایی خێزان و پێکەوە ژیان بدەین.
ئاشنا حەسەن باسی لەوەشکرد، پێویستە دەسەڵات هاوکاری جدی بێت بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان لە بەدیهێنانی مافەکانیان، ئەمەش بە تایبەت لەناو ئەم کۆمەڵگەیەی کە ئێمە هەمانە و هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستەی کە بتوانین وەکو ژنێکی ئازاد ڕاشکاوانە و سەربەخۆیانە بتوانین بگەین بە ئامانجەکانی خۆمان، ئەو چالاکوانە هۆکارەکانی گەڕاندەوە بۆ دابونەریت و کۆمەڵگە و وتیشی: پێویستە ئێمەی ژنان زیاتر برەو بدەین بە چالاکیەکان و چوونە دەرەوەکانمان و پابەندبین بە ژنبوونی خۆمانەوە، ئەمەش بە سیمینار و خۆبەرەوپێشبردن و کۆڕ و چالاکی دەبێت و دەتوانین ژنان بگەیەنینە ئەو ئاستەی کە مافەکانی خۆیان بەدەستبهێنن.
لە کۆتاییدا وتیشی: پێویستە ئێمەی ژنان کۆڵنەدەر بین لە خەبات، لە ئیش کردن، ئێمە دەبێت لە ڕووی ئاستی هۆشیارییەوە وابکەین کە بگەینە ئەو ئاستەی کە خۆمان دەمانەوێت، بۆیە داواکارم لە کچان و ژنان کە بەردەوام بن لە خوێندن، بەردەوام بن لە ئیش و کارەکانیان و هیچ شتێک نەیانڕوخێنێت، دەبێت خۆیان بیسەلمێنن کە بوونیان هەیە و ژنیش یەکسانە لە هەموو کار و بوارەکانی ژیاندا.