"پێویستە ژنان لە ئاست توندوتیژییەکاندا بێدەنگ نەبن"

کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان لە هەڵکشاندایە و ڕێکخراوەکانی ژنانیش بێدەنگن لە ئاستیدا، ئەندامێکی یەکێتی ژنانیش دەڵێت: سەرەوەر نەبوونی یاسا وایکردووە ڕێکخراوەکانی ژنان بێدەنگ بن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- سەرەڕای بەرەو پێشچوونی بوارەکانی ژیان و هەبوونی سزای تاوانباران، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ ژنان ڕووبەڕووی کوشتن و توندوتیژی دەبنەوە و تاوانبارانیش بە سزای خۆیان ناگەن، ئەمە نائومێدی لای ژنان دروستکردووە، چونکە بێدەنگ بوونی ڕێکخراوەکانی ژنان کە بۆ چارەسەری کێشەکانی ژنان دروستبوون، سەروەر نەبوونی یاسا، پشتگیری نەکردنی ژنان لە کاتی کێشەکاندا و زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری ژنانی لە دەسەڵات و کۆمەڵگەدا دوورخستووەتەوە و دۆخی ژنانی خراپ کردووە.

 

"ڕێگریکردنی خێزانەکان وای کردووە ژنان نەبن بە خاوەنی ئابووری سەربەخۆ"

بەیان محەمەد، ئەندامی کۆمیتەی سەرچنار لە یەکێتی ژنانی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا توندوتیژی کردن بەرامبەر بە ژنان و کوشتنیان لە چاو ساڵانی ڕابردوودا زیادی کردووە، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە لەیەک تێنەگەشتن لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا، هەبوونی کەسی سێیەم لە ناو خێزانەکاندا کە لە بری ئەوەی کێشەی خێزانەکان چارەسەر بکات قوڵتری دەکاتەوە، هەروەها کێشەی ئابووری یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکان، ئەگەر ١٠ خێزان کێشەیان هەبێت ٨یان لەسەر ئابووریە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت هەبوونی ئابووری سەربەخۆ گرنگە بۆ ژنان، بەڵام سەرەڕای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و بوارەکانی ژیان هەندێک لە خێزانەکان بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و پەیڕەوکردنی دابونەریتی کۆن، ژنانیان بێبەش کردووە لە کارکردن لە دەرەوە و بەدەستهێنانی ئابووری سەربەخۆ.

 

"ژنان لە کایە سیاسییەکاندا پەراوێز خراون"

بەیان محەمەد ڕوونی کردەوە، بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان بێدەنگن لە ئاست ئەو توندوتیژی و کوشتنەی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت، ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ترسی ڕێخراوەکان و هەڕەشە لێکردنیان لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵگە و توانج گرتن لێیان، لە کاتێکدا ڕێکخراوەکان بۆ ئەوە دروستبوون داکۆکی لە مافەکانی ژنان بکەن، بەڵام سەروەر نەبوونی یاسا ناهێڵیت ئەرکەکەیان جێبەجێ بکەن، ئەم بێدەنگبوونەی ڕێکخراوەکانیش مەترسیە بۆ سەر خۆیان و ئەو ژنانەشی توندوتیژیان بەرابەر دەکرێت.

 

وتیشی: لە ئێستادا ژنان لە کایە سیاسییەکاندا پەراوێزخراون، چونکە پیاوان دەیانەوێت خۆیان قسەکەر بن و سەرکەوتنی ژنیان پێ قبوڵ ناکرێت، ژمارەیەکی کەمیان هەیە لەناو پەرلەماندا و وایان لێکراوە نەتوانن کێشەکانی ژنانیش باس بکەن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی دەسەڵات، ئەگەر ژمارەی ژنان نیو ئەوەندەی پیاوانیش بوایە لە دەسەڵاتدا، زۆربەی کێشەکان چارەسەر دەکران.

 

"یاسا سەروەر نییە بەرامبەر کێشەکانی ژنان"

بەیان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، بەشداری کەمی ژنان لە بوارە سیاسییەکاندا دەگەرێتەوە بۆ زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و ناهۆشیاری بەشێک لە ژنان، پێویستە ژنان بێنە دەنگ بەرامبەر هەر پێشێلکارییەک کە بەرامبەریان دەکرێت و بوونی خۆیان بسەلمێنن، ژنان داوای مافی خۆیان دەکەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا یاسا پشتی ژنان ناگرێت و ئەمەش وا دەکات ژنان ماف خوراو بن، وتیشی: پێویستە خێزانەکان لە سەرەتای پەروەردەکردنی منداڵدا جیاوازی نەکەن لە نێوان منداڵی کوڕ و کچدا و حوکمی کوڕ نەسەپێنن بەسەر کچدا، هەروەها ئەقڵیەتی پیاوسالاری نەچەسپێنن لە مێشکی کوڕدا، دەبێت لە ڕێگەی کۆڕ و سیمینارەوە هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە بۆ ئەوەی ژنان کاتێک توندوتیژیەکیان بەرامبەر کرا بێدەنگ نەبن، هەروەها هۆشیارکردنەوەی پیاوانیش گرنگە بۆ ئەوەی تێبگەن ژنانیش بەشێکی کۆمەڵگەن.