بەهرە تەیب: دەسەڵاتداران وەک پڕۆژەیەک تەماشای زانکۆ ئەهلییەکان دەکەن

زانکۆی سلێمانی، ئەو زانکۆیەی چەندین تێکۆشان و هەوڵ بونیادنراوە، لە ئێستادا بەهۆی سیستمی سەرمایەداری پشتگوێخراوە و هیچ لایەنێکی بەرپرسیار خۆی بە خاوەنی نازانێت، تەواوی سیستم و باڵەخانە خزمەتگوزارییەکانی کەموکورتی هەیە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ساڵی ٢٠٢١-٢٠٢٢ی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکان کۆتاییپێهات، بەڵام بۆ زانکۆ حکومییەکان کۆتاییەکی پڕ لە کەموکورتی و نەبوونی خزمەتگوزاری و موچەی مامۆستایان و چەندین خۆپیشاندان بۆ دەرماڵە و دابینکردنی پێداویستییەکانی بەشە ناوخۆییەکان بوو، لە بەرامبەردا زانکۆ ئەهلییەکان بۆ ڕۆژێکیش بایکۆتی دەوامیان نەکرد و بۆ تەنها جارێکیش بەدەست کێشەی کەموکورتیەوە نەتلانەوە.

 

جیاوازییەکی زۆر لە نێوان زانکۆ حکومی و ئەهلییەکاندا بەدیدەکرێت لە سیستمی خوێندن، دابینکردنی پێداویستی، هەبوونی خزمەتگوزاری گونجاو و مامۆستای پێویست، ئەم جیاوازییە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە مەبەست دروستکراوە، لەپێناو دروستکردنی چینایەتی و زیادکردنی خوێندکاری زانکۆ ئەهلییەکان.

 

دەسەڵاتداران خۆیان بە خاوەنی زانکۆ حکومییەکان نازانن و پشتگوێیان خستووە، لە بەرامبەردا بۆ ئاهەنگی دەرچوونی زانکۆ ئەهلییەکان بەرپرسان بەشداری دەکەن و هونەرمەند لە وڵاتانی وەک تورکیای داگیرکارەوە بانگهێشت دەکەن، لەکاتێدا دەتوانن بەو بودجەیەی ئەو ئاهەنگەی پێ بەڕێوەدەبەن بەشێکی کەموکورتی زانکۆ حکومییەکانی پێدابین بکەن.

 

"ساڵ بە ساڵ دۆخی زانکۆ بەرەو خراپتر دەچێت"

بەهرە تەیب، مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت، لەو بارەیەوە بۆ نوژنهای ڕوونکردەوە، کە زانکۆی سلێمانی لە دۆخێکی خراپدایە و لە ڕووی کوالێتی و داراییەوە بە تەواوەتی پشتگوێخراوە، پێشووتر زانکۆی سلێمانی لە ئاستی یەکەمەکاندا بوو لە سەرانسەری عێراق ئێستاش لە ڕووی فێربوون و زانستەوە لە ئاستە یەکەمەکاندایە، بەڵام لە ڕووی کوالێتی زانکۆکەیەوە پاشەکشەی کردووە.

 

"کەس نییە گوێ بگرێت لە کێشە و کەموکورتییەکانی زانکۆی سلێمانی، خودی وەزیری خوێندنی باڵا تا ئێستا نەهاتۆتە ناو زانکۆ و ببینێت زانکۆ لە چ ئاستێکدایە و ڕاستەوخۆ لە زاری مامۆستا و خوێندکارەکانەوە ئاگاداری کێشەکان بێت".

 

"هەرچەند کێشەکان ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێت، بەڵام چارەسەر ناکرێن"

ئەو مامۆستایە دەڵێت: هەرچەندە پێداویستییەکان بۆ مامۆستایان دابین ناکرێت، بەڵام مامۆستا خۆیان لە ڕێگای پەیوەندی تایبەتییەوە هەوڵی کۆکردنەوەی زانیارییان داوە، چەندین پڕۆژەیان خستووەتە بەردەم سەرۆکایەتی زانکۆ بەڵام پشتگوێی خستووە و تا ئێستا جواب نەدراوەتەوە، تەنانەت وەک مامۆستایان سەردانی بەشە ناوخۆییەکانیان کردووە و کێشە و گرفتەکانی خوێندکارانیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی زانکۆ کردووە، بەڵام جوابیان نەدراوەتەوە" بەهرە تەیب دەشڵێت: "لە هەرێمی کوردستان کێشەکان چارەسەر ناکرێت، تەنها کێشە دروست دەکرێت".

 

"دەسەڵاتداران زانکۆ ئەهلییەکان وەک پڕۆژەیەک تەماشا دەکەن"

جیاوازی نێوان کەرتی گەشتی و کەرتی تایبەت زانکۆکانیشی گرتووەتەوە، بە جۆرێک جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان زانکۆ حکومی و ئەهلییەکاندا، لە زانکۆ ئەهلییەکاندا هەموو پێداویستییەک دابینکراوە بە کوالێتیەکی بەرز لە ڕووی بیناو ماددە و مامۆستاکانیشیانەوە، خوێندکار کەموکورتی نییە، بەڵام لە زانکۆ حکومییەکان بە پێچەوانەوەیە و خوێندکار بەردەوام کێشەی نەبوونی خزمەتگوزاری هەیە، مامۆستا بەهرە تەیب وتی: هۆکارەکەی بوونی منداڵی کەسانی سیاسی و دەسەڵاتدارە لەناو زانکۆ ئەهلییەکاندا، بۆیە ئەو زانکۆیانە وەک پڕۆژەیەک سەیردەکەن نەک ناوەندی فێربوون.

 

زانکۆیەک بە تێکۆشان بونیادنرا، ئێستا هەوڵی لەناوچوونی دەدەن

زانکۆی سلێمانی دەبوو جێگای شانازی دەسەڵاتداران و سەرۆک حیزبەکان بوایە بەڵام هێندەی شانازی بە زانکۆ ئەهلییەکانەوە دەکەن، هێندە گرنگی بە زانکۆی سلێمانی نادەن، مامۆستا بەهرە وتی: "هیچ دەسەڵاتدار و سەرۆک حیزبێک نایەت بە دەم کێشەکانی زانکۆی سلێمانییەوە بەڵام ئامادەن بڕە پارەیەکی زۆر دابین بکەن بۆ بۆنە و ئاهەنگی دەرچوونی خوێنکارەکانیان، کە بەشی زۆری بڕە پارەکە لە خوێندکار خۆی و دەسەڵاتداران وەردەگرن".

 

وتیشی: دەبوو ئەو گرنگیەی دەسەڵاتداران دەیدەن بە زانکۆ ئەهلییەکان بیاندایە بە زانکۆ حکومییەکان، بەڵام چارەسەری کێشەکانیش ناکەن، تا کێشەکان گەورە نەکرێن چارەسەری بۆ نادۆزنەوە.

 

"ئامانجی حکومەت نەهێشتنی چینی ناوەندییە لە نێو کۆمەڵگەدا"

مامۆستا بەهرە تەیب ڕوونیکردەوە کە گرنگیدان بە کەرتی تایبەت تەنها لە زانکۆکاندا نییە، بەڵکو هەموو دام و دەزگاکانە، وەک تەندروستی و پەروەردە، بەڵام ئەوەی وێرانی و گوزەرانی خەڵکی بە دوای خۆیداهێناوە هەر کەرتی تایبەتە، چونکە بە پارەیەکی خەیاڵی کاری هاوڵاتیان جێبەجێدەکەن لە بەرامبەریشدا نە خوێندکار فێری ئاستێکی خوێندنی باش دەبێت، نە کەرتی تەندروستیش هاوڵاتیان بە بڕە پارەیەکی گونجاو چارەسەر دەکەن، ئەم جیاوازی دروستکردنە لە نێوان کەرتی تایبەت و گشتی بووەتە هۆی دروستبوونی چینایەتی، لە ئێستادا حکومەت بە پلان وادەکات کە چینی ئاسای نەمێنێت، بەڵکو ببێت بە دوو بەشەوە چینی هەژار و دەوڵەمەند.