خەنای ٨٣ ساڵ کۆچکردنی لە نەینەواوە بۆ تل تەمر دەگێڕێتەوە

خەنا یونان تەمەنی ٨٣ ساڵەو لە گوندی تل شەمیران لە ناوچەی تل تەمر نیشتەجێیە و باس لە کۆچکردنی خۆیمان بۆ دەکات.

سورگوڵ شێخۆ

حەسەکە - گەلی کورد و ئاشووری ئەو دوو گەلەن کە چارەنوسی هاوبەشیان هەیە و بە درێژایی مێژوو تا ئەمڕۆش لە لایەن هێزە هەژموونگەراکان و بەتایبەتی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە سیاسەتی دڕندانەی جینۆساید و ڕەگەزپەرستییان بەرامبەر دەکرێت، هەردوو گەلیش یەکێکن لە کۆنترین نەتەوەکان کە لەسەر خاکی میزۆپۆتامیا دەژین و کولتوور و مێژووی خۆیان بەجێهێشتووە و بوونی خۆیان پاراستووە، ئاشورییەکان لە هەکارییەوە هاتوون بۆ نەینەوا لە عێراق و سوریا، بەڵام گەشتەکەیان ڕووبەڕووی جەنگ بۆتەوە، هەندێ جار بە شمشێر، هەندێک جار بە سێدارە و چەکی قورس لە هەموو لایەکەوە شەڕیان لەگەڵ دەکرێت و دەیانەوێت کۆتاییان پێ بهێنن و ڕەگ و ڕیشەیان لە جیهان بسڕنەوە، هەروەک چۆن کورد کوردی پێشوو نین ئاشوورییەکان وەک دوێنێ نین، چەندین خێزانی ئاشووری لە ناوچەی تل تەمر لە کانتۆنی حەسەکە - باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەژین، خەنا یونان یەکێکە لەو داپیرانەی کە لە ناوچەکە دەژی لەگەڵ کوڕە نەخۆشەکەی، ٨٣ ساڵی تەمەنی لێرە بەسەر بردوەو باس لە کۆچکردنی دەکات.

 

لە منداڵییەوە کشتوكاڵم کردووە

خەنا یونان لە سەرەتای قسەکانیدا باس لە منداڵێتی خۆی دەکات و دەڵێت: "ئێمە لە بنەڕەتدا خەڵکی عێراقین، بەڵام من خۆم لە گوندی تل شەمیران لەدایک بووم، ئێمەش لە تل تەمر هاوسەرگیریم کردووە و کچێک و چوار کوڕم هەیە کە یەکێکیان نەخۆشە و ئێستا تەنیا من و ئەو لە ماڵەوە دەمێنینەوە، من حەزم لە خوێندنگە نەبوو، پاشان کە تۆزێک گەورە بووم، پەموم چاند و ئاوم دەدا، کاتێک باوکم کۆچی دوایی کرد خوشکە گەورەکەم هاوسەرگیری کرد و تەنیا من و خوشکە بچوکترەکەم ماینەوە هەروەها گەنممان چاند و من تراکتۆرم لێدەخوڕی و کێڵانم دەکرد، ئێمە گەنممان بە داس لادەبرد، تا ئێستا لە بیرمە کە لە تەمەنی ١٢ ساڵانەوە دەستم بە کاری کشتوکاڵی کردووە و لە سروشتی مندا ئەو شتە هەیە کە من زۆر حەزم لە ئیشە، بۆ دراوسێکانم ڕۆژانە ٧ مانگا دەدۆشم بۆ ئەوەی ماست و شیر بفرۆشن".

 

پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کورد و ئاشوورییەکان

خەنا یونان باس لە پەیوەندی نێوان کورد و ئاشوورییەکان دەکات و دەڵێت: "دوای ئەوەی هاوسەرگیریم کرد و هاتمە تل تەمر، کوردم ناسی و ئێستا پێکەوە دەژین، ئێستا بۆ هەر کوێیەک بڕۆم دراوسێ و ناسیاوانی کورد بانگم دەکەن و کۆدەبینەوە، بۆ من هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئاشوری و کورددا نییە و هەموویان خوشک و برای منن وەک منداڵەکانم، . لە پرسە و ئاهەنگەکاندا پێکەوەین و لە جەژنەکاندا سەردانی یەکتر دەکەین ئێمە زیاتر لە ٥٠ ساڵە لێرە پێکەوە دەژین".

 

گەشتی ژیانمان بەناو کۆمەڵکوژیدا تێپەڕ بووە

خەنا یونان، ئاماژەی بەوەکرد گەشتەکەیان لە تورکیاوە بۆ عێراق دەستیپێکردووە و لە سوریا نیشتەجێ بووە و لە بەردەوامیدا وتی: "داعش لە ساڵی ٢٠١٥دا هێرشی کردە سەر گوندەکانی ئێمە و ژمارەیەکی زۆر لە خێزان و هاوڵاتیانمانی ڕفاند و پاشان ئازادکران هەروەها هەموو گوندەکانیان تاڵان کرد و وێرانیان کرد و لە هەمان کاتدا کڵێساکانی ئێمەیان تەقاندەوە نازانین ئەو چەتانەی داعش لە کوێوە هاتوون بوونەتە کێشە بۆ ئێمە، هێرشکرایە سەر ئاشوریەکان لە تورکیا و لەوێ ڕوویان لە عێراق کرد و ئەمجارەیان ڕوویان لە سوریا کرد ئەوان لێرەش دڵخۆشییان نەبینیوە، دووبارە ڕووبەڕووی هێرش بوونەوە ژیانمان بە کۆمەڵکوژکردندا تێپەڕیوە".

 

خەنا باسی هەندێک لە بیرەوەرییەکانی دەکات و دەڵێت: "درەختم چاندووە، باخچەم دروست کردووە، گەنمم چاندووە و تراکتۆرم لێخوڕیوە، هەموو شتەکان باس ناکرێن بەڵام بیرەوەری زۆرم هەیە، لە کەناری ڕووباری خابوور چەندین داری جیاواز هەبوون و لە هەموو شوێنێک ئاو دەڕژاو و سەوزایی هەبوو، بەڵام ئێستا وشک بووە، ئێمە ئێستا پەرۆشی ئەو ڕۆژانەین دووجار چووم بۆ خابوور، ڕۆژانی پێشووم بیرکەوتەوە، بە تەواوی گەڕام، هیچ شتێک نییە کە بتوانین بیکەین، ئێستا ڕووبارەکە پەرش و بڵاوە.

 

"لێرە دەمێنمەوە"

خەنا یونان تیشکی خستە سەر کۆچکردنی و وتی: "ئەگەر لێرە بمکوژن، من ناچمە دەرەوە و سووریا جێناهێڵم تەنانەت ئەگەر بچمە دەرەوە، زمان نازانم، کۆمەڵگەی دەرەوە نامۆیە و هیچ سوودێک لە ڕۆیشتنمان وەرناگیرین، لانی کەم لێرە پەیوەندی کۆمەڵایەتی هەیە من لێرە دەژیم و لێرە دەمێنمەوە".