ژنانی ڕانیە: بۆ ڕزگاربوون لە توندوتیژی هزری ڕێبەر ئۆجالان چارەسەرە

ژنانی چالاکوانی ڕانیە باس لە توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان دەکەن کە لەلایەن تاک و کۆمەڵگە و دەسەڵاتەوە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت و جەختیشیان کردەوە، کە خۆڕێکخستن و هۆشیاری ژنان بە هزری ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ڕێگای ڕزگارییە لە توندوتیژی.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەردەوامە و ژنان لە ڕێگەی چالاکی جیاوازەوە دەیانەوێت هۆشیاری لە کۆمەڵگەدا بڵاوبکەنەوە، بەڵام تەنها لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمدا ٤ ژن کوژراون.

 

ژنانی هەرێمی ڕاپەڕین باس لە توندوتیژییەکان دەکەن و پێیان وایە ڕزگاربوون و کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکان لە ژێر چەتری هزری ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالاندا دەبێت.

 

کۆمەڵگە و خێزان و دەسەڵات توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدەن

ئاواز ئیسماعیل، چالاکوانی بواری ژنان لە شاری ڕانیە، لە سەرەتای قسەکانیدا سڵاوی بۆ گیانی هەموو ئەو ژنە گەریلا و شەرڤانانە نارد کە لە سەنگەرەکانی بەرخۆداندان و باسی لەوەکرد، توندوتیژی کردارێکی بەرفراوانە و بە تایبەت بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت، وتیشی: لە هەرێمەکەماندا ژنان خاوەن بڕیاری خۆیان نین و بڕیارەکان لەلایەن پیاوانەوە دەدرێت، بەشێکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ژنان بە ڕێکخستن نین و نەتوانراوە ژنان وەها لێبکرێت کە خاوەن بڕیار و پێگە بن، ئەمەش وایلێکردوون بەرامبەر بە توندوتیژییەکان بێدەنگ بن.

 

ئاواز ئیسماعیل باسی لەوەشکرد، کە ژنان لەلایەن تاک، خێزان و دەسەڵاتەوە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت و وتی: لە کۆمەڵگەدا توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت و هەر قسەیەک کە بەرامبەر ژنان دەکرێت ڕێگری و توندوتیژییە، هەروەها خێزانەکان بە ڕێگریکردنی كچان لە خوێندن و چوونە دەرەوە بەشێکی توندوتیژییە و بەڕێوە دەبرێت، بەڕوونیش دەسەڵات بەرامبەر بە ژنان توندوتیژی ئەنجام دەدات، بۆیە گرنگە ئێمەی ژنان هزر و  هۆشمەندی ئازادیمان هەبێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو چالاکوانە دەڵێت: ئێستا هەنگاوێکی هۆشیاری بە پێشەنگایەتی ژنانی ئازادیخواز دەستی پێکردووە و زیاتر ژنان توندوتیژییەکان ئاگادار دەکەنەوە، ئەم هەنگاوە بە هزری ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەڕێوە دەچێت و ئەو ژنانەی کە پێشەنگایەتی دەکەن، دەتوانن ژنان بەڕێكخستن بکەن، چونکە هزری ڕێبەر ئۆجالان ڕزگاریکاری ژنانە لە توندوتیژییەکان، ئەگەر ژنانیش هۆشیارییان نەبێت دەبنە کاڵا بە دەستی سیستمی سەرمایەداری و ئەقڵیەتی سەرمایەداری، لە بەرامبەر ئەمەشدا دەبێت ژنان خۆیان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و دژی توندوتیژییەکان بوەستنەوە.

 

بە یەکڕیزی ژنان دەتوانرێت توندوتیژی کۆتایی پێبێت

ئەدیبە عەلی، ژنێکی دیکەی دانیشتووی ڕانیەیە و باس لەوە دەکات، هەزاران ساڵە ژن دەچەوسێنرێتەوە و توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، لەبەرامبەر ئەمەشدا ڕێکخراوەکانی سەر بە دەسەڵات بێدەنگن لە ئاست ئەم توندوتیژییانە، ئەم دۆخە لە چوار پارچەی کوردستان هاوشێوەیە و ژنان دەکوژرێن و دەسووتێنرێن و کۆیلە دەکرێن، وتیشی: حزبە دەسەڵاتدارەکان نایانەوێت ژنان پێشبکەون و لە سەرهەڵدان و دەنگی ژنان دەترسن، بۆیە ژنان دەبێت خۆیان بە تێکۆشان خۆیان بەرەوپێش ببەن تا بەرامبەر بە توندوتیژییەکان بوەستنەوە.

 

ئەدیبە عەلی یادی ساکینە جانسز و هەڤاڵانی بەرز ڕادەگرێت و دەڵێت: هەر ژنێک ئازادیخواز و تێکۆشەر بێت دەبێتە جێی ئامانجی دەوڵەتانی داگیرکار و دەسەڵات وەک ساکینە جانسز و هەڤاڵانی کە لە پاریسی پەیتەختی فەرەنسا تیرۆر کران، وەک ناگیهان ئاکارسەل، شەهید زەلال و هەموو شەهیدانی دیکە، کە لەسەر مافی ژنان گیانی خۆیان بەختکرد، چونکە نەیاندەویست پیاوسالاری باڵادەست بێت بەسەر ژناندا، ئیسلامی سیاسیش لە ڕێگەی یاسا و بە شوودانی کچانی ٩ ساڵەوە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکات، بۆیە دەبێت ژنان خۆیان هۆشیار بکەنەوە و بەرامبەر هەموو توندوتیژی و کۆیلایەتی دەسەڵات و پیاو ڕزگار بکەن و یەکڕیز بن.