ژنانی ماتۆڕسکیل سوار؛ تابۆشکێنانی گوندی بێساران

سوهەیلا پیری دەڵێت: هیوادارم ژنان هەر خەونێکیان هەبێت بەدەستی بهێنن و بەهۆی ڕەگەزەکەیانەوە ڕێگریان لێ نەکەن.

ئەسرا عەزیزی

 

بێساران - ژنانی بێساران لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە ماتۆڕسکیل سواری دەکەن، دوو ژن ئەمساڵ ئەم ڕێگایە بۆ ژنانی دیکەش دەڕەخسێنن و بەم شێوەیەش زۆرینەی ژنان لە پێناو ئاسانکاریی کارەکانی ڕۆژانەیان و بۆ ئەوەی گرێدراوی پیاوان نەبن و هاتووچۆیەکی ئاسانیان هەبێت، ماتۆڕسکیل لێدەخوڕن، بەڵام دواتر ئەم ژنانە وەک پیاوان لێخۆڕینی ماتۆڕسکیل بە مافی خۆیان دەزانن و خۆیان لە چێژبردن لە ماتۆڕسواری بێبەش ناکەن.

 

بە ڕۆیشتن بەناو گوندەکەدا لە کاتژمێرە دیاریکراوەکانی ڕۆژدا، ڕووبەڕووی ژنانی ماتۆڕسکیل دەبیت کە جوانی گوندەکە دوو هێندە دەکەن، ئەو ژنانەی کە هەرچەندە لە سەر ماتۆڕسکیلیش دەبێت ئاگاداری قسەی خەڵک بن، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا، شکاندنی تابو سەرکەوتنێکی حاشا هەڵنەگرە. ئەگەر پێویستی بووەتە هۆی ئەم بوێری و شکاندنی تابۆ، پێویستە ئەو پێویستییانە ستایش بکرێت، بۆ ئەوەی ژنان سێبەری سەرووی سەریان وەلا بنێن و نەترسن و توانای ماتۆڕسواریی خۆیان بەکاربهێنن.

 

سۆمەیە مورادی بە ئاژانسی هەواڵی ئێمەی ڕاگەیاند: ماوەی ساڵێکە ماتۆڕسکیل لێدەخوڕم و وەک عەیبەیەک بۆ ژنان سەیری ناکەم، لە وڵاتی ئێمەش بووەتە فەرمی بۆ زۆرێک لە ژنان ماتۆڕسکیل لێبخوڕن، ژنان ماتۆڕسکیل بەکاردەهێنن بۆ چوون بۆ دەشت و باخ و کاری کشتوکاڵی و یارمەتیدانی خێزان.

 

هەروەها سوهەیلا پیری بە ئاژانسی هەواڵی ئێمەی ڕاگەیاند: هەستێکی خۆشم هەیە کە دەزانم چۆن ماتۆڕسکیل لێبخوڕم و سوپاسی خێزانەکەم دەکەم کە ئەم مەرجانەیان بۆ دابین کردم و براکەم کە فێری کردم و ماتۆڕسکیلێکی باشی بۆ کڕیم. لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە ژنان وردە وردە فێری ماتۆڕسواری بوون و ژمارەی ماتۆڕسوارەکانمان زیادی کردووە پێم خۆشە ژنانی گوندەکانی تریش لەگەڵمان بن و بە هاوکاری گوندنشینان مەرجیان بۆ دابین دەکرێت.

 

دەڵێت: ئێمە لە گوندەکەدا بە ماتۆڕسکیل کارێکی زۆر دەکەین، پیاوانیش تێڕوانینێکی باشیان بۆ ئەم کارە هەیە، هیوادارم هەموو ژنان هەر خەونێکیان هەبێت بەدەستی بهێنن و بەهۆی ڕەگەزەکەیانەوە ڕێگریان لێ نەکەن.

 

سەبری عەلیرمایی، یەکێک لە ماتۆڕسوارەکانی تر دەڵێت: ماوەی ٤ ساڵە ماتۆڕسکیل لێدەخوڕم و زۆر حەزم لەم کارە هەیە. هانی هەر هاوڕێیەکم دەدەم کە حەزی لێیە و یارمەتیان دەدەم فێربن، پێم خۆشە ژمارەی ماتۆڕسوارەکان زیاد بکات، لە ئێستادا زیاتر لە ٥٠ کەس لێرە ماتۆڕسکیل لێدەخوڕن، هیوادارم ئەمە بەسەر هەموو گوندەکاندا بێت و ببێتە داب و نەریتێک، من بە شەرەفێکی گەورەی دەزانم کە ژنەکانمان ماتۆڕسوارن.

 

ئەو دەڵێت: باوک و براکانم دژی ئەوە بوون کە ماتۆڕسکیل سوارببم، بەڵام من پێداگریم کرد و بە وەرگرتنی قەرز و کڕینی ماتۆڕسکیل، توانیم پەسەندیان پێبکەم، ئێستاش جێگەی شانازییە کە دەتوانم زۆربەی کارەکانی ماڵ و خێزانەکەم بە ماتۆڕسکیلەوە بکەم.

 

سەبری ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو تاکە ئەندامی خێزانەکەی نییە کە ماتۆڕسکیل لێدەخوڕێت، ئاماژەی بەوەشکرد: خوشکەکەم لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە ماتۆڕسکیل لێدەخوڕێت و توانی ڕێگە بۆ من و زۆرێک لە ژنانی گوندەکە دابین بکات، لە ڕاستیدا دوو کەس هەبوون بە شکاندنی تابۆ توانیان ڕێگامان بۆ بکەنەوە و گوندەکەمان لەم حاڵەتەدا سەرفراز بوو.

 

سومەییە و سوهەیلا و سەبری بە ماتۆڕسکیل دایکی خۆیان و هەندێک جار ئەندامانی دیکەی خێزانەکەیان دەگوازنەوە و لە باخچەکانەوە دەیانهێننە شوێنی نیشتەجێبوون و بە پێچەوانەشەوە ئەو کارە دەکەن کە زیاتر پیاوان لە غیابی ئەواندا ئەنجامی دەدەن، بۆیە ژنانی گەنج لەم تەمەنەدا هەرچەندە دەست بە خوێندن دەکەن، بەڵام دوای گەڕانەوەیان لە قوتابخانە، واز لە کارەکانی تر ناهێنن و هەندێک جار ماڵ و کێڵگەکانیان بۆ بەجێدەهێڵن و ڕەنگە ئازایەتی و هێزی ژنانی گوندیش لەو بەرپرسیارێتیانەوە بێت.