"پێویستە پێکەوە کاری ڕۆژنامەنووسی لەپێناو کوردستانێکی ئازاد بکەین"

ڕۆژنامەنووسێک دەڵێت: میدیاکارانی سەر بە دەسەڵات لە کارەکانیاندا ئاستەنگییان بۆ دروست ناکرێت، بەڵام میدیاکاری ئازاد ڕووبەڕووی گرتن و زیندانیکردن دەبێتەوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ئازادی ڕۆژنامەگەری لە باشووری کوردستاندا بۆ ڕۆژنامەنووسانی ئازاد بەرتەسک دەکرێتەوە، میدیاکاری ئازاد لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕێگری ڕووماڵکردنی ڕاستییەکانیان لێدەکرێت، لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەریشەوە دەبنە جێی ئامانج و هاوشێوەی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، کە ٢٣ی ئابی ئەمساڵ لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیاوە کرانە ئامانج، گیان بەخت دەکەن.

 

دێرین ڕەحیم، ڕۆژنامەنووس، باس لەوە دەکات، ڕۆژنامەنووسان لە باشووری کوردستاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی و ئەشکەنجە دەبنەوە، میدیاکاری ئازاد لە کاتی ڕووماڵکردندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی و زیندانی کردن دەبێتەوە، لەناو میدیاکاراندا ژنانی ڕۆژنامەنووس لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ڕووبەرووی ئاستەنگی دەکرێنەوە، دەشڵێت: لە ئەنجامی داگیرکارییەکان هاوڵاتیانی باشووری کوردستان ناڕەزایی دەردەبڕن، میدیاکاری ئازاد لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕاستییەکاندا لەلایەن ئاسایشەوە ڕووبەڕووی فشار دەبنەوە، هەروەها هەبوونی دەنگی ئازاد لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە بەرپەرچ دەدرێنەوە، ناوزەندیش دەکرێت بە کەسانی گێرەشێوێن لە کاتێکدا داوای سەروەری خاکیان دەکەن.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە باسی لەوەکرد، دەنگ هەڵبڕین دژی دەسەڵات لە باشووری کوردستاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگیت دەکاتەوە، لە ناویاندا ژنانی میدیاکار لەلایەن ئاسایشەوە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و هێرشکردنە سەر کەرەستە ڕۆژنامەوانییەکانیان دەبنەوە، وتی: لە ٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٤دا لە بەردەرکی سەرا بەرەی یەکڕیزی گەل دژی داگیرکاری گردبوونەوەیان ئەنجامدا، بەڵام لە ئەنجامی ڕێگری ئاسایش ڕێگری لە ڕووماڵەکە کرا، پاشان ڕێگرییان لێکردین، وەک ڕۆژنامەنووس کەرەستە ڕۆژنامەوانییەکانمان دەستی بەسەردا گیرا.

 

"کارکردنی ژنان لە ڕوانگەی ئەقڵیەتی پیاوسالاریدا قەتیس دەکرێت"

دێرین ڕەحیم ئاماژەی بەوەدا، کارکردنی ژنان لە چوارچێوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاریدا قەتیس کراوە، ژنان لە چوارچێوەی ماڵەکانیاندا دەهێڵنەوە و ئەرکێکی دیاریکراوی وەک منداڵ پەروەردە کردنی پێ دەسپێرن و پاشان وابەستەی دەکەن، دەشڵێت: سەرەڕای تەواوکردنی ئەرکی خوێندن ژنان لەلایەن خانەوادەکانیانەوە ئاستەنگی کارکردنیان بۆ دروست دەبێت، کارکردنیان بۆ دەستنیشان دەکرێت و ئاگادار دەکرێنەوە لە چ بوارێکدا کار بکەن، خێزانەکان کاری ڕۆژنامەگەری و میدیاکاری وەک کارێکی پیاوانە لێی دەڕوانن و ڕێگە نادەن ژنان لەو بوارەدا کار بکەن، بەڵام بە تێکۆشانی ژنان لە دژی ئەو ئەقڵیەتە دەتواندرێت پەرە بە تواناکانتان بدەن.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە باسیشی لەوەکرد، ژنان لە کاری ڕژنامەگەریدا ڕووبەڕووی ئاستانگی لەلایەن کۆمەڵگە و خێزانەکانیاوە دەبنەوە، وتی: ئێمەی ژنان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئاستەنگیەکان پێویستمان بە خۆڕێکخستن هەیە دژی ئەو ئەقڵیەتی پاوانخوازییە کە لە باشووری کوردستاندا ڕەنگی داوەتەوە.

 

"میدیاکارانی ئازاد ڕووبەڕووی ئاستەنگی و هێرشی دەسەڵاتداران دەبنەوە"

دێرین ڕەحیم، ڕۆژنامەنووس لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، پرسی داگیرکاری بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان لە ژێر سێبەری دەسەڵاتیکی هەرێمدا ئەنجام دەدرێت، هاوکاریکردنی لایەن و حزبەکانی هەرێمی کوردستان نەبێت، دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت بە ئاسانی بێتە خاکی هەرێمی کوردستانەوە، هەروەها ڕۆژنامەنووسانی سەر بە دەسەڵات هاوکاری تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانن، دەشڵێت: هەبوونی میدیاکارانی سەر بە دەسەڵات و ڕووماڵکردنی کارەکانیان کێشە و ئاریشەیەک بۆ ڕۆژنامەنووسان دروست ناکات، میدیاکارانی ئازاد ڕووبەڕووی ئاستەنگی و هێرشی دەسەڵاتداران دەبنەوە، نمونەی ڕۆژنامەنووسی ئازاد سلێمان ئەحمەد، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی باشوورەوە زیندانی کراوە، ئەمە نمونەی میدیاکاری ئازادە لە زینداندا.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە لە کۆتاییدا وتی: ئێمەی ڕۆژنامەنووسان دەمانەوێت بە ئازادانە کارەکانمان بکەین و ڕووماڵی ڕوداوەکان بکەین، ڕێگریکردن لە ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دەرنەخستنی بیروڕا ئازادەکانە، لە ڕێگەی ڕووماڵەکانەوە دەمانەوێت خاکمان ئازاد بکرێت، ژنان بەردەوامی بدەن بە کارەکانیان و بەرگری لە خۆیان و کارەکانیان بکەن، هەروەها هەموو میدیاکار و هاوڵاتیانی ئازادیخواز بتوانین پێکەوە بەرامبەر داگیرکارییەکان بووەستنەوە، چیدیکە جیاوازی نەکەین لە نێوان میدیاکانی دەسەڵات و میدیای ئازاددا، پێکەوە هەوڵ بدەین بۆ کوردستانێکی ئازاد.