ژنانی سودان: ژیانمان لەگەڵ شەڕی بەردەوام خراپتر دەبێت

شەڕی سودان چووەتە ساڵی دووەم و هیچ کارێک ناکرێ بۆ وەستاندنی، شەڕەکە پێشێلکاری زۆری بەسەر ژناندا هێنا، بەتایبەتی کەیسەکانی دەستدرێژی و هاوسەرگیری بەزۆر.

مەیسا قازی

 

سودان-گەلی سودان نزیکەی دوو ساڵە لەناو شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەژین، ئەم شەڕە یەکێکە لە گەورەترین قەیرانە مرۆییەکان لە جیهاندا و ژمارەی ئاوارەبوون بۆ زیاتر لە ٨ ملیۆن کەس زیادی کردووە.

 

مەلاز عیسام، ڕۆژنامەنووس و نووسەری فێمینیست، کە دوای ململانێی سەربازیی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە خەرتوم، کۆچی کردووە بۆ شارێکی دیکە، ئاماژەی بەوەکرد، کاریگەری ڕووداوەکانی ١٥ی نیسان وایکردووە کارەکانی ڕابگرێت و لە ناوچەکەی خۆیەوە کۆچ بکات، وتیشی: دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ لە ناوچەیەکی دیکەدا ئاسان نییە.

 

"ژنانی ناو کامپەکان ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و دەستدرێژی دەبنەوە"

مەلاز عیسام ئاماژەی بەوەدا، کاریگەریی شەڕەکە هێشتا بەردەوامە و دوو هێندە زیادی کردووە، بەڵام زۆرترین کاریگەری لەسەر ژنان هەبووە، لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە کامپەکانی دراوسێدان و وتی: ژنانی ناو کامپەکان ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و دەستدرێژی دەبنەوە، ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانیشیان دابین بکەن، هەندێک لە ژنان ناتوانن ناوچەکانی شەڕ خەرتوم و جزیرە بەجێبهێڵن و ژیانیان و منداڵەکانیان لە مەترسیدایە، لە کاتی شەڕدا بارگرانی لەسەر ژنان قورستر دەبێت، پاراستنی منداڵان لەسەر شانی دایکانەو ڕێگاکانی کۆچکردن مەترسیدارن.

 

"لەو شوێنانەی کۆچبەران بۆی دەچن کێشەی نیشتەجێبوون و بێکاری هەیە"

مەحاسن ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و پێشکەشکاری تەلەفزیۆنی و چالاکوانی مافی مرۆڤ، دوای ڕووداوەکانی ١٥ی نیسان ڕووی لە شارێکی دیکە کردووە، ئاماژەی بەوەکرد، دۆخی شارەکەی پێشووی سەختە، بەهۆی گرانبوونی نرخەکانەوە کێشەی دۆزینەوەی کار و خانووبەرەی هەیە و وتی: هەندێک کەس لە کامپەکاندا لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین، هەندێک کامپ هەیە شوین نابێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە هیچ ڕێگەیەک نییە.

 

"دوای شەڕ هیچ شوێنێکی ئارام نییە"

مەحاسن ئەحمەد دوای ئەوەی بە هۆی شەڕی ساڵی ٢٠٠٣ لە دارفورەوە کۆچی کردووە، لە پایتەختی خەرتوم ژیاوە، وتیش: لە ساڵی ٢٠٠٣ شەڕی دارفورمان بینی بەڵام هەرگیز چاوەڕێی ئەوەمان نەدەکرد شەڕەکە لە خەرتوم ڕووبدات، بۆ تەواوکردنی خوێندن و دۆزینەوەی هەلی کار چوومە خەرتوم، بۆ ئەوەی لە سەلامەتی و ئارامیدا بژیم بەڵام دوای شەڕی ١٥ی نیسان شوێنێکی سەلامەت نییە.

 

"ژن و منداڵ لە نەخۆشخانەکاندا چەند کاتژمێرێک لە ڕیزدا چاوەڕێ دەکەن"

 مەحاسین ئەحمەد سەبارەت بەو پێشێلکاریانەی کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت وتی: کاتێک لە خەرتوم بووم، ئەو ئازار و ناخۆشیەم بینی کە ژنان تووشی بوون، چوومە نەخۆشخانەی منداڵبوون، زۆر ژنی دووگیانم بینی کە لە نەخۆشخانە چاوەڕێ بوون لە نۆرەدا بوون، تێبینم کرد کارمەندی تەندروستی نییە و زۆربەی خزمەتگوزارییەکان وەستاون.

 

سەبارەت بە نەبوونی یاسا و زیادبوونی سەرپێچیەکان، لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوەکرد، ژنان ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری جیاواز دەبنەوە و هیچ یاسایەک نییە بۆ ڕێگریکردن لێیان، یاسای ١٣٢٥ چالاک نییە، بۆیە ژنان ناتوانن بۆچوونی خۆیان لە کۆبوونەوەکاندا دەرببڕن.