"ژنان ئەرک و بەرپرسیارێتیان لە دەستەبەرکردنی مافەکانی منداڵاندا هەیە"

شلێر سەردار، ئاڕاستەکاری بەرنامەکان لە ڕێکخراوی منداڵپاریزی کوردستان، دەڵێت: پەروەردەکردنی منداڵان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان، تەنها ئەرکی ڕێکخراوەکان نییە، لێرەدا ئەم ئەرکە پیرۆزە گرێدراوی فاکتەرە جیاوازەکانی کۆمەڵگەیە.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- مافەکانی منداڵ خاڵی دەستپێکە، کاتێک خزمەتگوزاری، پشتیوانی و یارمەتی کەرتی گشتی بە خێزان پێشکەش دەکرێت، مافەکانی منداڵیش کاریگەری لەسەر تێگەشتن و پێناسەی دایکایەتی و باوکایەتی، لە خێزان و پەروەردەدا دادەنێت.

 

لە پەیماننامەی مافەکانی منداڵاندا هاتووە، بە پلەی یەکەم لێپرسراویەتی لە پەروەردە و گەشەکردنی منداڵ لە ئەستۆی دایک و باوك و سەرپەرشتکارانی منداڵدایە، دواتر دەکەوێتە ئەستۆی ڕێکخراوەکانی منداڵان و یاسای بەرێوەبردنی مافەکانی منداڵان و کارپێکردنی یاساکاندایە، لە هەر بارودۆخێکی کۆمەڵگەدا دەبێت هەوڵ بدرێت بۆ ئەم ئەرکە و پشتیوانی دایکان و باوکان و سەرپەرشتکاران بکرێت، دەبێت بە ئەندازەی پێویست یارمەتی پێویست بە خێزانەکان بدرێت.

 

ژنان وەک پەروەردەکاری کۆمەڵگە و خولقێنەر، لە ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی منداڵانیشدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە دەستەبەربوونی مافەکانی منداڵان و فشارێکن بۆ پەوەردەی منداڵان و دەستەبەر بوونی مافەکانی منداڵان.

 

شلێر سەردار، ئاراستەکاری بەرنامەکان لە ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، باس لە ڕۆڵ و گاریگەری ژنان دەکات لە ڕێکخراوی منداڵان و پەوەردەکردنیاندا و منداڵپارێزی کوردستان بە نمونە دەهێنێتەوە، کە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بە پێی بەرنامە و کاری خۆی هەوڵیداوە یەکسانی لە بەرنامەکان لەسەر ئاستی ڕێکخراوەکە بچەسپێندرێت، دەربارەی پەروەردەکردنی منداڵ و بەدەستهێنانی مافەکانیان وتی: پەروەردەکردنی منداڵان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان، تەنها ئەرکی ڕێکخراوەکانی نییە، لێرەدا ئەم ئەرکە پیرۆزە گرێدراوی فاکتەرە جیاوازەکانی کۆمەڵگەیە، لێرەدا دەتوانرێت باس لەڕێکخراوەکان لە ڕووی کاریگەرییەکەی بکرێت، کە وەک فشارێکە بۆ سەر پەروەردە کردن و دەستەبەرکردنی مافەکانی منداڵان، چونکە ڕێکخراوەکان ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لەسەر هۆشیارکردنەوە و داکۆکیکردن لەسەر هەر پرسێک کە هەریەکەیان بە پێی بەرنامە کاری بۆ دەرکرێت، هەروەها ڕێکخراوەکان هێنانە کایەیەکی پرسی تازە بەرزکردنەوەی ئاستی کوالێتی ئەو بەرنامە بۆ دارێژاوەیە کاری بۆ دەکات.

 

شلێر سەردار، باسی لەوە کرد، ڕێکخراوەکانی مافی منداڵان کە لە ساڵی ١٩٩١ ەوە دامەزراوە، بوەتە لانکە بۆ بەدەست‌هێنانی مافەکانی منداڵان، وتیشی: ئێمە وەک دەستەی منداڵپارێز بەرنامەیەکمان هەیە، کە پاراستنی منداڵە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە هەموو پرسەکانی منداڵانە، بەتایبەت ئەو منداڵانەی لەسەر شەقامەکان کار دەکەن، یاخود ئەو منداڵانەی لە لانەکانی منداڵان ماونەتەوە، وەک خانەی بێ سەرپەرشتیاران و ئەوانەی پەیوەندیان بە یاساوە هەیە، هەروەها کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکەین، کە دەکەونە ژێر چەتری پاراستنی منداڵانەوە بە پێی بەرنامەوە.

 

"ژنان کار بۆ دەستەبەربوونی مافەکانی مندڵان دەکەن"

شلێر سەردار، لە درێژەی قسەکانی ئاماژەی بەوە کرد، کە ژن لە کۆمەڵگەیدا لە هەر بوارێکدا کار بکات، ڕۆڵی خۆی دەگێرێت و کاریگەری تەواو جێدەهێڵێت، وادەکات کار لەسەر یاسا و پەیڕەو کردنی مافەکان بە یەکسانی بکات، لە ڕووی پەروردەکردنەوە ژنان وەک مامۆستا ڕەنگدانەوەیان هەیە و ئەرکە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەش لەسەر شانی ژنانە کە بناغەی دروستبوونی کۆمەڵگە و پەروەردە و ڕۆشنبیرکردنە لە ڕووی هزری و زانستییەوە، وتیشی: ژنان سۆز و میهرەبانی لە ناخیدا بە زیندوویی دەیهێڵێتەوە، لەناو خێزاندا ژن و پیاو ڕۆڵ دەبینن لە پەروەردەکردندا، بەڵام لایەنە زۆرەکەی ژنان بەڕێوەی دەبات.

 

شلێر سەردار، باسی لە گرنگی ١ی حوزەیران، ڕۆژی جیهانی جاڕنامەی مافەکانی منداڵان کرد و وتی: گرنگی ڕۆژەکە لەوەدایە کە چۆن کۆمەڵگە ئاگادار بکەینەوە، وەک وەبیرهێنانەوەیەک، کە ئێمە لەو ڕۆژەدا هەموو ڕێکخراوەکان پێکەوە ئەرک و کارەکانمان بکەینە یەک ئامانج بۆ خزمەتکردن و پەروەردەکردنی منداڵان و مافەکانیان.

 

دواپەیامی شلێر سەردار، وەک ژنێک لە ئاراستەکاری بەرنامەکانی منداڵان، ئەوەبوو کە ژنان زیاتر پشت بە توانا و هێزی خۆیان ببەستن، چاو نەترسانە دەستببەن بۆ ئەو ئامانجەی لە فکریاندا گەورە بووە، خستنەڕووی ڕاوبۆچوونی خۆیان بۆ هەموو پرسی ژنان دەرببڕن، وتیشی: دەبێت ژنان زیاتر پارێزگاری لە سنوری ژن بوونی خۆی بکات.