سەرەڕای بارودۆخی کۆچبەری پەروەردە لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک بەڕێوەدەچێت

نوێنەری قوتابخانەی سەرەتایی کامپی واشۆکانی ستێرا ڕەشک ئاماژەی بەوەدا کە لە کامپی واشۆکانی و سەرێکانی کە لە دوای داگیرکردنی سەرێکانی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دروستکراون، ٥ هەزار و ٨٨٤ قوتابی لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک پەروەردە وەردەگرن.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- دوای لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا لە سەرێکانی، قۆناغی پەروەردە ڕاگیرا، بەڵام دوای دامەزراندنی کامپی واشۆکانی و سەرێکانی لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییەوە، جارێکی دیکە سیستەمی پەروەردە لەژێر هەلومەرجێکی سەختدا بەردەوام بوو، لە کامپی واشۆکانی و سەرێکانی ٦ قوتابخانە دروستکراون، ١٣٢ مامۆستا و ٥ هەزار و ٨٨٤ قوتابی لەو قوتابخانانە دەخوێنن،

 

ستێرا ڕەشک، نوێنەری قوتابخانەی بنەڕەتی کامپی واشۆکانی ستێرا ڕەشک باسی لە دۆخی قوتابخانەکانی واشۆکانی و کامپی سەرێکانی کرد و وتی: سیستەمی پەروەردە لە شاری سەرێکانی پێش هێرشەکان زۆر باش بوو، قوتابیان بە هزرێکی ئارامەوە دەچوونە قوتابخانە و فێری زمانی دایکی دەبوون، بەڵام دوای هێرشەکان و داگیرکردنی سەرێکانی کاریگەری نەرێنی لەسەر سیستەمی پەروەردە دروست بوو، هەزاران خوێندکار و مامۆستا ناچار بوون کۆچ بکەن، هەموو خێزانێک ڕوویان لە شوێنێک کرد، تەنها بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی و خێزانەکەی لە دڕندەیی دەوڵەتی تورکیا ڕزگار بکات، نزیکەی ٢ مانگ لە خوێندکارەکان بێبەش بوون لە خوێندن، دوای ئەوەی خۆبەڕێوەبەری کامپی واشۆکانی و سەرێکانیی دامەزراند، لیژنەی خوێندن و فێربوون و خۆبەڕێوەبەری ٦ چادری بۆ قوتابخانەکان دیاریکرد و سیستمی پەروەردەش بەم شێوەیە بەردەوام بوو.

 

پەروەردە لەسەر بنەماکانی نەتەوەی دیموکراتیک بەردەوامە

ستێرا ڕەشک سەرنجی بۆ ئەو سەختییانە ڕاکێشا کە بۆ بەردەوامیدا بە پەروەردە ڕووبەڕووی دەبنەوە و وتی: لە سەرەتاوە سیستمی پەروەردە لە کامپەکەدا زۆر سەخت بوو، بەتایبەت کە قوتابخانەکان لەناو چادردا دامەزران، بەهۆی کەمی دەرفەتەکان و زۆری ژمارەی قوتابیان گروپمان پێکهێنا، هەر گروپێک دوو کاتژمێر پەروەردەیان پێدەکرێت، بەڵام ئەو دوو کاتژمێرە بەس نەبوو بۆ خوێندکارەکان، دوای تێپەڕبوونی کاتەکە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کاتی دەوامی بۆ ٤ کاتژمێر زیاد کرد، ئێمە ویستمان ئامانجی دوژمن نەهێڵین و خوێندکارەکانمان پەروەردە بکەین و داهاتوویەکی ئازادیان لەگەڵدا بنیاد بنێین، بۆیە ئێمە لە چ بارودۆخێکدا بین، بەردەوام دەبین لە سیستەمی پەروەردە و بنیادنانی پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک، خۆشەویستی لە دڵی منداڵاندا پێشکەش دەکەین و دەچێنین، چونکە لەو ڕێگەیەوە مرۆڤ دەتوانێت ناسنامە و بوون و زمان و کولتووری هەبێت و بیپارێزێت.

 

"سیستەمی پەروەردە و فێربوون یەکێکە لە پایە بنەڕەتی شۆڕشی ژنان"

ستێرا ڕەشک ڕوونی کردەوە کە بنەمای شۆڕشی ڕۆژئاوا، پێشخستنی ژنان و سیستەمی پەروەردە و فێرکردنە، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: شۆڕشی ڕۆژئاوا بە کار و خەبات و بەرخۆدانی ژنان بنیاد نرا، ئەم شۆڕشە پشت بە ئازادی ژن دەبەستێت و پایەی دووەمیشی سیستمی پەروەردەیە، ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ سیستمی فێرکردن و پەروەردە دەکەن، ژنانن، ڕۆڵی مامۆستای ژن لە کامپەکەدا زۆر گرنگە و هەمیشە کار بۆ فێرکردنی قوتابیان دەکەن، ژنانی مامۆستا گەشەسەندنی زمانی دایکی و پاراستنی مێژوو و ناسنامەی خۆیان بە ئەرکی ویژدان و ئەخلاق دەبینن و بە خۆشەویستی و دڵسۆزیەوە دەیگرنە ئەستۆی خۆیان، شۆڕشی ڕۆژئاوا دەرفەتێکە بۆ ئێمە کە خەونەکانی منداڵیمان بەدی بهێنین و پەرە بە زمانەکەمان بدەین، بۆ ئەوەی بە ناسنامەی خۆمان بناسین.

 

جێی ئاماژەیە، قۆناغی خوێندن لە خۆبەڕێوەبەری بۆ ئەمساڵی ٢٠٢٤ بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان کۆتایی هات، بەگوێرەی بڕیاری دەستەی پەروەردە و فێرکردنی کانتۆنی جزیرە، ٣٠ی ئایار نمرەکان بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن و قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بڵاو دەکرێنەوە.