ساکار تاکە ژنە مامۆستای فێربوونی شۆفێرییە لە خورماڵ و هەورامان

ساكار كەمال، مامۆستای فێربوونی شۆفێرییە و دەڵێت: پێویستی ژنانی خورماڵ و هەورامان وایکرد هەموو رۆژ لە هەڵەبجەوە بگەمە خورماڵ لە پێناو فێرخوازەکانم.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ئەزمونی کارکردنی ژنان لە هەر بوارێکدا بێت، هەوڵ و لێبڕینی کاتەکانی دەوێت، جا ئەگەر دڵسۆزی و بەرپرسیارێتی بۆ کارەکە نەبێت ناتوانرێت بەردەوامی پێبدرێت.

 

ساکار کەمال نمونەی یەکێک لەو ژنانەیە کە بە مەبەستی ئەوەی ژنان فێری شۆفێری بکات بە بێ گوێدانە سەرمای زستان و گەرمای هاوین، ماوەی دوو ساڵە مامۆستای فێربوونی شۆفێرییە و هەموو بەیانیەک کاتژمێر ٧ لە هەڵەبجەوە دەگاتە خورماڵ بە مەبەستی فێرکردنی فێرخوازانی خولی شۆفێری لە خورماڵ و توێڵە و بیارە.

 

"لە سەرەتادا پێشنیار بوو بەلام متمانەم بە خۆم بوو بۆ بەردەوام بوون"

ساکار کەمال مامۆستای شۆفێرییە لە نوسینگەی زەڵم لە خورماڵ، دەربارەی دەستپێکی کارەکەی وتی: پاش ئەوەی پێشنیاریان بۆ کردم ببم بە مامۆستای نوسینگە، سەرەتا کەمیک قورس بوو، بەڵام بڕوا بە خۆبوون و حەزەکانم پاڵنەر بوو بۆ ئەوەی فێری شۆفێری ببم، ماوەی دوو ساڵیشە جگە لە ژنان پیاوانیش فێری شۆفێری دەکەم

 

"وانەی تیۆری و پراکتی بۆ ژنان و پیاوانیش دەڵێمەوە"

ساکار کەمال وتیشی: کاتەکانم دابەش کردووە لە نیوان مامۆستایەتی و دایکایەتی و شۆفێری، بۆیە بەیانیان کاتژمێر ٧ لە هەڵەبجەوە بەرەو خورماڵ بەڕێدەکەوم و پاشان وانەی شۆفێری بە ژنان دەڵێمەوە، دواتر وانە تیۆریەکانیش بە تێکەڵ دەڵێمەوە.

 

شۆفێری هونەرە و پێویستی بە ترس نیە

ئەو مامۆستایە ئامۆژگاری ژنان و فێرخوازان دەکات، کە لە ڕووی دەروونیەوە ئامادە بن و نەترسن و ترسیان نەبێت، بەڵکو تەنها پێویستیان بە پشتگیری دەروونی هەیە و پێویستە مامۆستا ورە بە خوێندکارەکەی بدات، وتیشی: ژنان دەتوانن بەردەوام بن، بەردەوامی ئیرادە و هێزت پێدەبەخشێت.

 

ساکار تاکە ژنە لە شارۆچکەی خۆماڵ فێرخوازەکانی فێری شۆفێری دەکات و گرنگی بە بەربەستەکانی کۆمەڵگە نەداوە، بەڵکو کردوویەتی بە پاڵنەر بۆ کارەکانی و سەرکەوتنی لە شۆفێریدا.