ماددە هۆشبەرەکان تەڵەیەکی دیکەیە بۆ لەناوبردنی ژنان و گەنجان لە ئەفغانستان

سالحە عەبدوڵا، یەکێکە لەو ژنانەی کە هەشت ساڵ لەمەوبەر بەهۆی توندوتیژی خێزانییەوە گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر بووە، دووپاتی کردەوە کە ژنان دەتوانن یەکتر لە بەدبەختی ڕزگار بکەن، ئەگەر پشتیوانی یەکتر بکەن.

بەهاران لەهیب

 

کابول- ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان یەکێکە لەو کێشانەی کە لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا گەنجان و تەنانەت منداڵانیش بەدەستیەوە دەناڵێنن لە ئەفغانستان، بۆ ئەوەی گەنجانی هۆشیار لەو وڵاتە بێدەنگ بکەن، حکومەتی تاڵیبان هاوکاری باندەکانی کردووە بۆ چاندن و بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبە و هانی هەندێک گەنجی داوە کە ئالوودەی ماددەی هۆشبەر ببن.

 

ئەفغانستان لە پلەی یەکەمی جیهاندایە لە چاندن و بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکاندا، هەرچەندە تاڵیبان بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە ماوەی دوو ساڵی دەسەڵاتدارییەکەیدا دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ئەم بانگەشەیە درۆیە و بەپێی ئەو ئامارەی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە، ئەفغانستان بووە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە جیهاندا و کاتێک تاڵیبان دەستی بەسەر دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا گرت، ئەو ئالوودەبووانەی ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە، شەو و ڕۆژ بە شەقام و هەندێک گەڕەکدا دەسوڕانەوە و یەک کەستی دەستنیشانکراوی تاڵیبان دەیدا پێیان.

 

لە ساڵی ٢٠١٩دا وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستان ڕایگەیاند، لە سەرتاسەری ئەفغانستان نزیکەی دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکانن، کە ٨٥٠ هەزار ژن و ١٥٠ هەزاریان منداڵن.

 

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٣دا ڕایگەیاند، ژمارەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستان گەیشتووەتە ٤ ملیۆن کەس، بەڵام ژمارەی بنکە تەندروستییەکان لە ناوچەکەدا دوای دەسەڵاتی تاڵیبان نەما و ئەو ناوەندانەی کە ماونەتەوە کەرەستەی پێویستیان نییە بۆ چارەسەرکردنی ئالوودەبووان و داهاتی تاڵیبان لە چاندن و بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە نێوان ٩ بۆ ١٤%دایە.

 

هۆکاری سەرەکی زیادبوونی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر، بێکاری و هەژارییە، هەندێک لە گەنجان هەوڵیاندا بێنە ئێران بۆ ئەوەی کاریان دەست بکەوێت و لەبەر ئەوەی ڕووبەڕووی کاری قورس دەبنەوە، پەنا بۆ ئالوودەبوون دەبەن بۆ نەهێشتنی ئەو ئازارەی هەستی پێدەکەن.

 

زۆربەی ئەو ژن و منداڵانەی گیرۆدەی ماددەی هۆشبەرن، لەلایەن مێردەکانیانەوە ناچارکراون بەکاریبهێنن، یان هەندێکیان ماددەی هۆشبەر دەخۆن بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانیان، سالحە عەبدوڵا، یەکێکە لەو ژنانەی کە هەشت ساڵ لەمەوبەر ئالوودە بووە، دەڵێت؛ کاتێک من گەنج بووم دوای لەدەستدانی دایکم، ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی بوومەوە، هاوڕێ کچەکەم تاکە کەس بوو کە هەموو شتێکم پێ دەگوت، ڕۆژێک هاوڕێکە، هانی دام کە تلیاک بەکاربهێنم بۆ ئەوەی ئازارەکانم لەبیر بکەم و دوای چەند مانگێک ئالوودە بووم و هەمیشە ماددەی هۆشبەرم لێی دەکڕی.

 

هەروەها باسی لەوەکرد، دوای دوو ساڵ بۆی دەرکەوت ئەم کچە هاوکاری یەکێک لەو باندانە دەکات کە ماددەی هۆشبەر بەرهەم دەهێنن و تەنها بەدوای ئەوەدا دەگەڕان مامەڵە لەگەڵ کچانی بێ ماڵ و حاڵ بکەن وەک من و هانیان بدەن بۆ ئەوەی ئالوودەی ماددەی هۆشبەر بن، "من بەم شێوەیە گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر بووم و ژیانم لە پێشوو خراپتر بوو".

 

سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، سالحە عەبدوڵا دەڵێت "باوکم دوای مردنی دایکم هاوسەرگیری کرد، کاتێک ئاگاداری ئالوودەبوونم بە ماددە هۆشبەرەکان بوون، هاوژینەکەی یارمەتی دام بۆ ئەوەی وازی لێبهێنم، ئەو ڕزگاری کردم و ژیانی منی باشتر کرد، دواتر زۆر باش تێگەیشتم کە ئێمەی ژنان دەتوانین یەکتر لە بەدبەختی ڕزگار بکەین ئەگەر پشتگیری یەکتر بکەین.