"ڕاگەیاندن کاریگەری لەسەر ژنان و گەنجان هەیە"

شەنگ دلێر، ماستەر لە پەروەردەی میدیا وتی: لەم چەند ساڵەی دواییدا دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەلێشاو زیادی کرد و ئەمەش کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی کوردی کرد و ناهۆشیاری لە بەکارهێنانیدا، بووە هۆی زیان گەیاندن بە کۆمەڵگە.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی کارگەری هەیە لە دروستکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی و وروژاندنی هەست و سۆزی گەنج لەگەڵ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش و سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەلێک بواری دیکەدا، دەزگای ڕاگەیاندن بۆ بیناکردنی کۆمەڵگەیە، بە تایبەتی ژنانی گەنج و گەنجان پەروەردەکردنیان بە زانست و زانیاری و بەرنامەی هۆشیارییان پێویستە، بۆ ئەوەش ئەرک دەکەوێتە سەر شانی ڕاگەیاندن کە ناوەندێکی بەهێز بن بۆ گۆڕینی ئەقڵیەتی گەنج و فراوانکردنی بیر و هۆشیارییان.

 

شەنگ دلێر، ماستەر لە ڕاگەیاندن و پسپۆڕی پەروەردەی میدیا، دەربارەی کاریگەرییەکانی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندن لەسەر ژن و گەنجان، ڕوونی کردەوە، "لەم چەند ساڵەی دواییدا ڕاگەیاندن و راگەیاندن زۆر بە شێوازێکی لێشاو هاتە ناو جیهانەوە بەگشتی، بەڵام بەشێوازیکی خێراتر کاریگەری لە کۆمەڵگەی کوردی کرد، کۆمەڵگە و ئەو کەسانەی لە ڕاگەیاندندا کاریان دەکرد، خۆیان ئامادە نەکردبوو بەڕووی ئەو پێشکەوتنەدا، بۆیە ئێستا گاریگەری کردووەتە سەر ژنان و گەنجان، ئەگەر نەشزانرێت شێوازەکانی میدیا چۆن بەکاربهێنرێت، پەروەدەیەکی باش نەکرابێت لەسەر چۆنیەتی سود وەرگرتنی لە ڕاگەیاندندا، ئەوا کاریگەری زۆر ترسناکی دەبێت و ڕەنگدانەوەیەکی نەرێنی بەجێدەهێڵێت لەناو هەر تاکێکی کۆمەڵگەدا.

 

شەنگ دلێر، پسپۆڕی پەروەردەی میدیا باسی لەوەکرد، لە ئێستادا کۆمەڵیک کەس پەیدا بوون یاخود، دروستیان کردوون بە ناوی فۆتۆ مۆدێلەوە، کاری مۆدێلیان پێدەکریت، لە ڕاگەیاندنی دیجیتاڵ و ڕاگەیاندنەکاندا دەهێنرێنە سەر شاشە، ئەم جۆڕە کەسانە گاریگەری زۆریان دەبێت لەسەر گەنجان، بەتایبەت ژنانی گەنج، چونکە زیاتر ژنان بایەخ بە ڕووخسار و بابەتی جوانکاری دەدەن، کە بە داهاتێکی دیارکراو دەکرێت و دەبێت لەبەر دەستدابێت، وتیشێ: لە ئێستدا بارودۆخی دارایی خێزانەکان بە بارێکی سەختدا تێدەپەرێت، ناشتوانن خواستی منداڵەکانیان جێبەجێ بکەن، زۆربەی کات ئەم دەرکەوتنانەی مۆدێلانە دەستی دەسەڵاتی لە پشتەوەیە، لە کۆمەڵگەی تازە پێگەیشتووەکاندا زۆر جار دەسەڵات قەیرانێک تووشی کۆمەڵگە دەکەن، بۆ ئەوەی گەنجان بێهۆش بکرێن و ئاگایان لە قەیران و کێشەیەکی تری دەسەڵات نەبێت، لەم کاتەدا بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان ڕەنگدانەوەی هێزی دەسەڵات دەردەخات، بۆیە پێشکەشکارێك یاخود کچە مۆدێلێک، کە شارەزایی کاری ڕاگەیاندنی و ئیتیکی پێشکاری نییە، دەهێنێتە سەر شاشە.

 

دەرخستی توانای ژن لە بوارە جیاوازەکان ئەرکی ڕاگەیاندنەکانە

شەنگ دلێر باسی لە هەواڵەکانی کوشتنی ژنان کرد لە میدیاکاندا کە بە ناشارەزاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بە ئاماژەدان بە دەرکەوتنی ژنان لە میدیاکانەوە، بە پێویستی دەزانێت کە ژن هەر لە چوارچێوەی خواردن دروستکردندا نیشان نەدرێت، چونکە تواناکانی زۆر لەوە زیاترە و ڕۆڵێکی باشیان گێڕاوە لە بەڕێوەبردن لە دامودەزگاکاندا.

 

لە کۆتایدا شەنگ دلێر پسپۆڕی پەروەردەی میدیا، هیوای خواست ڕاگەیاندنەکان ژنان بە شێوازێک نمایش بکەن کە دەتوانن پشی بە خۆیان ببەستن، نەک ژنان تەنها لە ڕووی جەستەییەوە نماییش بکرێن و تەنها کار لەسەر ڕووکەشی ژن نەکرێت و بیخەنە سەر شاشەکانی ڕاگەیاندن، هەرەها دەبێت وۆرک شۆپ و خول بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و کارکردن لە ڕاگەیاندندا بکرێتەوە و کەسانی شارەزا و پسپۆڕ بە ئەرکەکانیان هەستن، تا کاریگەری نەرێنی لەسەر ژن و گەنجان بەجێنەهێڵن.