"پێویستە خوێندنەوە جێگەی موبایل و تەکنەلۆژیا بگرێتەوە"
لە سەردەمی ئێستادا تەکنەلۆژیا جێگەی پەرتوکی گرتووەتەوە و گەنجان لە خوێندنەوە دوورکەوتوونەتەوە، سۆما حەمە سەعید هەوڵدەدات لە خورماڵدا بە چالاکی جۆراوجۆر کولتووری خوێندنەوە زیندوو بکاتەوە.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- ڕێکخراوی سۆما بۆ گەشەپێدانی مەدەنیەت لەلایەن سۆما حەمە سەعیدەوە بەڕێوە دەبرێت، بە شێوەیەکی خۆبەخشانە و لە سەرەتای دەستپێکی پرۆژەی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی گەنجان و بە کولتوورکردنی خوێندنەوە، هەموو هەفتەیەک ژمارەیەک لە گەنجان و ژنانی گەنجی خورماڵ لە خۆی کۆدەکاتەوە و گفتوگۆ لەسەر پەرتوکێک دەکەن.
سۆما حەمە سەعید باسی لەوەکرد، کە مەبەستیانە تاکی هۆشیار بۆ کۆمەڵگە بەرهەم بهێنن و بتوانن بەکارهێنانی مۆبایل و ئامێرە تەکنەلۆژییەکان کەم بکەنەوە و ڕوو لە خوێندنەوەی پەرتوک بکەن، وتیشی: لە ئێستادا بەکارهێنانی موبایل بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە و ڕێژەی بەکارهێنانی لە ٢٤ کاتژمێردا نیوەی ڕۆژەکەیە، هەرچەندە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە مۆبایل بۆ کاری باش بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئەوەی لە ڕووکەشدایە شتە خراپەکان زیاترە، بۆیە پێویستە لەو کەشە بێینە دەرەوە، ئێمەش لە چوارچێوەی پرۆژەکەدا هەفتانە لە پەرتوکخانە پەرتوک بەرجەستە دەکەین و تاووتوێی دەکەین.
"بابەتەکانمان هۆشیار کردنەوەیە"
ڕێکخراوی سۆما بۆ گەشەپێدانی مرۆیی و پەروەردەییە، سۆما حەمە سەعید دروشمی ڕێکخراوەکەی بەکاردەهێنێت لە پرۆژەکانیدا و وتی: لەبەرئەوەی ڕێکخراوەکەم بۆ گەشەپێدان و مرۆییە، بۆیە گەشەپێدانەکەمان وا لێ دەکەین کە کەسەکان لە ڕووی مێشکەوە زیرەک بێت و هۆشیاری بکەینەوە، واتە بتوانین کەسیکی هۆشیار بخەینە ناو کۆمەڵگە و لە ڕووی گەشەپێدان و مرۆیی و پەروەردەییەوە هاوکارییان بکەین، ئەگەر بتوانین ٢٠ کەس لەم پرۆژەیە سوودمەند ببن، ئەوا ئەوانیش دەتوانن چەند کەسی تر سودمەند بکەن و بەمجۆرە کۆمەڵگە کەمێ هۆشیار دەبێتەوە و دووبارە بناغەیەکی بەهێزی دەبێتەوە.
"پێویستە دایک و باوک لەم پرۆژانە بەشدار بن"
سۆما نیگەرانە لە کۆمەڵگە، چونکە ماوەی چەند هەفتەیەکە پرۆژەیەکی ڕاگەیەندوە و تەنها ژمارەیەک کەسی کەم بەشداربوون، بۆیە داوا دەکات جگە لە ژنان پێویستە دایک و باوکی منداڵانیش بێن و بەشدار ببن، وتیشی: پێویستە دایک و باوک ئیتر بە ئاگابێنەوە، مەرج نییە کچێک لە ماڵ هاتە دەرەوە تووشی هەڵە ببێت، بەڵکو کچ هەیە زیرەک و وەرگرێکی باشەم پێویستە دایکو باوکان گرنگی بە گەنجان بدەن و پشتی منداڵەکانیان بگرن و بەردەوام بن، قسەش کرا واز نەهێنن، بەڵکو بتوانن ببن بە کەسایەتییەکی سوودمەند بە کۆمەڵگە.
"پێویستە ژنان نەترسن و ڕوو لە کۆڕەکانی خوێندنەوە بکەن"
سۆما حەمە سەعید ئامۆژگاری ژنان دەکات، کە پێویستە بێنە دەرەوە لە ماڵەوە، لە خوێندنەوە و نووسین بکەن و نەڵێن کات نییە، پڕۆژەکەمان هەفتەی یەکجار بۆ ماوەی دوو کاتژمێر دادەنیشێت، وتیشی: مەترسن و وەرنە دەرەوە، کارەکانی دیکە بەلاوە بنێن، تا بەهێز ببن و خاوەن بیروڕای خۆیان بن.
سۆما حەمە سەعید بەرپرسی ڕێکخراوی سۆمایە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، جگە لە پرۆژەی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە، چەندین پرۆژەی خێررخوازی و خزمەتی بە ژنان ڕاگەیاندووە و سنوری کارەکانی لە هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامانە.