"سیستمی سەرمایەداری تاکی بەرەو هەڵدێر بردووە"

دەوڵەتانی داگیرکەر جگە لە هێرش و داگیرکاری هەوڵی لە قاڵبدانی تاکەکانی کورد دەدەن، لە ڕێگەی دراما و جوانکردنی سیستمی سەمایەداری لایان، چالاکوانێکیش هۆشداری دەدات لە خراپبوونی دۆخی پەروەردەی تاک.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- دەوڵەتانی داگیرکەر کاتێک دەیانەوێت کۆمەڵگەیەک یان وڵاتێک داگیر بکەن، جگە لە هێرش و داگیرکارییەکانیان بۆ ئەو سەر وڵاتە، هەوڵ دەدەن تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بەرەو هەڵدێر ببەن، سیستمی سەرمایەداری و دنیای دەرەوەیان لا جوان دەکەن و کولتووری خۆیان لە پێش چاو دەخەن، باشووری کوردستانیش یەکێکە لەو پارچانەی هەمیشە هێرش و داگیرکاری لەسەر بووە، بۆیە هەمیشە هەوڵی لەناوبردنی ناسنامەی گەلی کورد دراوە و وای لێهاتووە دۆخی تاکەکانی بەرەو خراپ بوون بڕوات.

 

"دۆخی تاکی باشووری کوردستان لە ئاستێکی خراپدایە"

ڕووناک مەجید، چالاکوان ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە تاکەوە هەیە زوو زوو بخرێتە بەر لێکۆڵینەوە، چونکە سیستمی سەرمایەداری کارێکی وای کردووە، کە تاک تەنها بیر لە بەرژەوەندی خۆی بکاتەوە، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا کار ئاسانیان کردووە و کۆمەڵگەیان لە بیر تاک بردووەتەوە، بۆیە خێزان و کۆمەڵگەکان بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەڕوات، ئەم کارکردنەش زیاتر لەسەر تاک بۆ پەرەدان بە تاکڕەوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی تاکی باشووری کوردستان دەکرێت، بۆیە دەبینین ئێستا لە باشووری کوردستان تاک لە دۆخێکی خراپ دایە.

 

"داگیرکەران لە ڕووی فکرییەوە تاکەکەنمان کۆنترۆڵ دەکەن"

ڕووناک مەجید ڕوونی کردەوە، تاک نازانێت چی بکات و هەنگاو بۆ کوێ ببات و داهاتووی چییە، ئەمەش یەکێکە لەو کێشە گەورانەی ڕووبەڕووی تاکی باشووری کوردستان بووەتەوە، شەڕێکی تایبەتە بە ئاسانی ناتوانرێت ڕووبەرووی ببینەوە، چونکە داگیرکەران تەنها لە ڕووی هێرشەوە داگیرمان ناکەن، ئێمە دەتوانین ڕووبەڕووی داگیرکاری ببینەوە، بەڵام بە ئەستەم دەتوانین تاک لەو گێژاوە سیستمییە دەروونییە دەربهێنین کە ئێستە کەوتوونەتە ناوی.

 

وتیشی: کاتێک ڕژێمی بەعس ئەنفالی بەرامبەر بە کورد ئەنجامدا هەموو دەوڵەتان دەیانوت کورد تەواو کۆتایی هاتووە، بەڵام کەمتر لە سێ ساڵ ڕاپەڕینێک ئەنجامدرا و هەموو گەنجان بە گەرموگوڕیەوە بەشداریان کرد بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، بەڵام ئەو دەسەڵاتەی دوای ڕاپەڕین حوکمی باشووری کوردستانی کرد، کرایە دەسەڵاتێک وابەستەیە بە داگیرکەران و سیستمی سەرمایەداری و ئەوەیە کە تاک چۆن هەڵبوەشێننەوە.

 

"سیستمی خوێندنی ئێستا گرنگی بە پەروەردە نادات"

ڕووناک مەجید ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆمەڵگەی باشووری کوردستاندا هێشتا کولتووری کۆمەڵایەتی هەر ماوە و توانیویەتی پارێزگاری لێبکرێت، ڕاستە ئێمە بە زەحـمەتی ژیاین، بەڵام بە سەربەرزیەوە ژیاین، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کولتوورەکەمان، بەڵام دەوڵەتانی داگیرکەر وردە وردە خەریکە تاکەکان لە قاڵب دەدەن لە ڕێگەی دراما، ئابووری، سیمینار و جوانکردنی سیستمی سەرمایەداری لای تاک، پێشتر لە قوتابخانەکاندا لە قۆناغەکانی سەرتایدا زیاتر گرنگی بە پەروەردە و فێرکردن دەدرا و مامۆستا پەروەردەکار بوو ئینجا فێرکار، بەڵام بەداخەوە سیستمی خوێندنی ئیستا پەروەردەی پشتگوێ خستووە و تەنها گرنگی بە فێربوون دەدات، چونکە هەندێک پرۆگرامی خویندن هەیە کراوە بە ئەرک بەسەر مامۆستاوە کە دەبێت لەو ماوەیەدا تەواوی بکەن، ئەمەش وادەکات تاک تەنها زانیاری زیاتر ببێت.

 

"تاکەکانی ئێمە شتە نەرێنییەکانی وڵاتانی دەرەوە وەردەگرن"

ڕووناک مەجید جەختی کردەوە، خێزانەکانی ئێستا تەنها گرنگی بەوە دەدەن منداڵەکانیان لە زانکۆیەکی ئەهلی ئاست بەرزدا بخوێنێت و لە خوێندندا سەرکەوتوو بن، بەڵام بێ ئاگان لەوەی ئایا ئەم منداڵە لە شەخسیەتی تاکە کەسیدا سەرکەوتووە یان نا، ئەو شتانەی لە وڵاتانی دەرەوە ئەنجام دەدرێن هەموویان خراپ نین، بەڵام کۆمەڵگەی کوردی تەنها شتە خراپەکانی وەردەگرێت، بۆیە دەبێت بزانین کە چۆن پەروەردەی منداڵەکانمان بکەین، بۆ ئەمەش دەبێت سەرەتا دایکەکان پەروەردە بکەین بۆ ئەوەی پەروەردەیەکی دروستی منداڵەکانیان بکەن.

 

دەشڵێت: منداڵی ئێمە هەر لە سەرەتاوە هەموو شتێک بەدەست دەهێنێت و دایک و باوک بۆی دەکات، بۆیە دەبینین خۆی توانای بەدەستهێنانی شتەکانی نییە، ئەوەنە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا زۆر بووە کتێب خوێندنەوە ئەوەنە زیادی نەکردووە، پێداچوونەوەمان نییە بۆ مێژوو و نازانین ڕابردوومان چییە، بۆیە تاک دەبێت هۆشیار بێت و باش و خراپ و دۆست و دوژمن لەیەک جیابکاتەوە، تاکەکانیش دەتوانن خودی خۆیان پەروەردە بکەن لە ڕێگەی خوێندنەوە و بەکارهێنانی ڕووە باشەکەی تەکنەلۆژیاوە.