"نابێت ئەم شۆڕشە لە مافی پۆشینی جلوبەرگدا بچوک بکەینەوە"

هـ.گ. دەڵێت: ئێمەی ژنان پێداگرین لەسەر مافی پۆشینی جلوبەرگی ئازاد و بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانمان تا دەگەینە ئەم ئامانجە، بەڵام نابێت تەنها لە پرسی ڕەتکردنەوەی حیجابی ناچاری و ئازادی پۆشیندا داخراو بین.

ژوان کەرەمی

 

کرماشان- لە کاتێکدا چالاکییە ناڕەزایەتییەکانی بەشێک لە کۆمەڵگە و بە تایبەت ژنانی چینی ناوەند و خواروو لەسەر پرسی ڕەتکردنەوەی حیجابی ناچاری و مافی پۆشینی جلوبەرگی ئازادانە چڕ بووبێتەوە، بەڵام زۆرینەی ژنان جەختیان کردەوە، سەرەڕای بەردەوامیی ڕەتکردنەوەی حیجابی ناچاری و پێداگری لەسەر مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ، نابێت ئەم شۆڕشە و داواکارییە بەرفراوان و بنەڕەتییەکانی ژنان لە پرسی جلوبەرگدا بچوک بکەینەوە.

 

زۆرینەی ژنانی توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان و نەتەوە چەوساوەکانی ئێران پشتیوانی لەم هەڵوێست و ڕێبازە دەکەن و کورتکردنەوەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ پرسی ئازادی جلوبەرگ و مافی هەڵبژاردنی ژنان، بە خواستی بەشێکی کەم لە چینی ناوەڕاست و بۆرژوازی و بۆرژوازی بچووک دادەنێن.

 

هـ.گ. ژنێکی کرێکار و سەربەخۆی خەڵکی شاری کرماشانە، سەرەڕای ئەو هەموو سەرکوت و مەترسیانەی هەیە، بە کردەیی و ئاشکرا حیجابی ناچاری ڕەت کردووەتەوە و لە کاتی کارکردن و هاتووچۆ و دەرکەوتنی لە شوێنی گشتیدا تەنها لەچکی شل دەکات بە خواستی خۆی، باسی لە مافی پۆشین و هەڵبژاردن کرد و وتی: ڕەنگە پرسی ڕەتکردنەوەی حیجابی ناچاری بۆ ژنان دەتوانێت لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و کۆمەڵگەوە کێشە دروستبکات، یان تەنانەت ڕەنگە هەندێک لە ژنان لە ژێر فشاری بنەماڵەکانیاندا بن، بەڵام ئێمەی ژنان پێداگری لەسەر ئەم داواکارییە دەکەین و تا دەگەینە ئەم ئامانجە، بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانمان.

 

هـ.گ. جەختی لەوە کردەوە، "نابێت ئەم شۆڕشە لە پرسی ئازادی جلوبەرگدا کورت بکەینەوە و سەرنجمان تەنها لەسەر ڕەتکردنەوەی حیجابی ناچاری و ئازادی جلوبەرگ بێت، چونکە ئەم پرسە دەتوانێت مەترسیدار بێت بۆ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و ئامانجەکانی قەتیس بکات، چونکە خواستی ژنان، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە هۆشیار و ئاگاداری مافەکانیانن، زۆر لەو پرسە گەورەترە، ژنان دەیانەوێت لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی یەکسانیان لەگەڵ پیاوان هەبێت و لە بوارە سیاسی و ئابوورییەکاندا مافی یەکسانیان هەبێت.