هەژاری و ئاوارەیی ژنانی ئیدلب ناچاری لەباربردنی منداڵ لە ماڵەوە دەکات

سەرەڕای مەترسییەکان بەهۆی هەژاری و ئاوارەی و گرانی تێچووی نەشتەرگەری، ژنان لە شاری ئیدلب پەنا بۆ لەباربردنی منداڵ لە ماڵەوە دەبەن.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- تێکچوونی بارودۆخی ژیان و ناسەقامگیری بارگرانی لەسەر ژنان لە شاری ئیدلب لە باکووری سوریا دروست دەکات و دیارترین دەرئەنجامەکانیش زیادبوونی بەرچاوی لەباربردنی منداڵە لەناو ماڵدا، کە بووەتە هەڵبژاردەی یەکەم بۆ ژنان لە پێناو دەربازبوون لەو هەژارییە زۆرەی کە لە ناوچە داگیرکراوەکانی دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی تەنگی پێهەڵچنیون.

 

لە ئیدلب چەندین شێوازی لەباربردنی منداڵ هەیە کە ژنان پەیڕەوی دەکەن، لە پێش هەموویان خواردنی دەرمان و دەرمانی پزیشکییە، کە زۆرجار کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی و جەستەیی ژنان دروستدەکات، ئەمە جگە لە خواردنی ئەو گیایانەی کە لەلایەن دەرمانخانەکانەوە پێشکەش دەکرێن کە بە "پزیشکی جێگرەوە" ناسراوە، هەروەها پەنا بۆ ماندووکردنی جەستەیی دەبەن، لەوانە بازدان لە شوێنە بەرزەکانەوە یان هەڵگرتنی شتی قورس بۆ ئەوەی دووگیانییەکە کۆتایی پێبهێنن.

 

بە ڕاپۆرتی پزیشکی ساختە دەرمانی لەباربردنی بەدەستهێناوە

دوای ئەوەی هەموو هەوڵەکانی بۆ لەباربردنی کۆرپەلەکەی شکستی هێنا، ڕاما یەحیا (ناوێکی خوازراو)، ژنێکی ئاوارە و نیشتەجێی کەمپەکانی شارۆچکەی عەتمە لە باکووری ئیدلب کە ٢٩ ساڵە، توانی کۆرپەلە یەک مانگەکەی لەبارببات لە کلینیکێکی دەرەوەی نەخۆشخانە، ئەمەش دوای بەدەستهێنانی ڕاپۆرتێکی پزیشکی ساختە بوو کە ئاماژەی بە مەترسی دووگیانییەکە لەسەر ژیان و تەندروستی ڕاما دەکات.

 

ڕاما یەحیا ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ ڕزگاربوون لەم کۆرپەلە، بەڵام دڵخۆش نییە پێی، ژیانیان بەهۆی خراپبوونی بارودۆخی ئابووری بەستراوەتەوە بە داهاتێکی جێگیر کە تەنها دەتوانێت سەرەتاییترین پێداویستییەکان مسۆگەر بکات، بە بیرکردنەوە لە دابین نەکردنی ژیانێکی شایستە بۆ کۆرپەکە، ژن بیر لە یەکێک لە مەترسیدارترین هەنگاوەکان دەکاتەوە کە ڕەنگە بەبێ هەبوونی ڕێکارە تەندروستییەکان ژیانی بخاتە مەترسییەوە.

 

وەک خۆی باسی دەکات، سێ منداڵەکەی دیکەی کەمترین ئاستی چاودێری و گرنگیدان و خۆراکی گونجاو وەرناگرن، لەئەنجامی ئەو سەختییە داراییە گەورەیەی کە لەدوای ئاوارەبوونیان لە شاری سەراقیب لە ئیدلب لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ ڕووبەڕووی بوونەتەوە، هەروەها بەدەست نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونیان دەناڵێنن، کە لە کامپێکی هەڕەمەکی نزیک سنووری سوریا و تورکیا دەژین.

 

بەگوتەی پزیشکانی دەرمانساز و پەرستاران، جۆرەکانی ئەو دەرمانانەی کە دەبنە هۆی لەباربردنی منداڵ خواستێکی زۆریان لەسەرە لەلایەن ژنانی دووگیانەوە، بەڵام دەرمانەکان بەپێی ڕەچەتەی کلینیکەکانی دەرەوەی نەخۆشخانە، یان بە ڕەچەتە ساختەکان دەفرۆشرێن.

 

بەهۆی لەباربردنەوە ژیانی کەوتووەتە مەترسییەوە

سەبارەت بە مەترسیی لەباربردنی منداڵ لە ماڵەوە بۆ سەر ژیانی ژنان، نورە ئەمینی ٣٢ ساڵ، ئاماژەی بەوەدا، مانگی ڕابردوو نزیک ببووەوە لەوەی ژیانی لەدەست بدات بەهۆی کاریگەریی هەوڵەکانی بۆ لەباربردنی کۆرپەلەکەی، ئەمەش وایکرد کە ماوەی چارەسەری درێژخایەنی بۆ بکرێت بەهۆی بەردەوامی خوێنبەربوون لە منداڵدانیدا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی نەبوونی زانیاری تەواو لەسەر مەترسییەکانی خواردنی ئەو دەرمانانەی کە دەبنە هۆی لەباربردنی منداڵ بەبێ چاودێری پزیشکی و خواستی کۆتاییهێنان بە دووگیانیەکەی، تووشی چەندین کێشەی تەندروستی بووە کە تا ئەمڕۆش بەدەستیەوە دەناڵێنێت.

 

لەباربردن دەبێتە هۆی مردنی دایکەکە

یاسەمین شەعبان، پزیشکی پسپۆڕ، هۆشداری دا لە مەترسیەکانی لەباربردنی منداڵ لە ناوماڵدا لەسەر تەندروستی دەروونی و جەستەیی ژنان، کە خواردنی دەرمان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و زیادەڕۆیی بەبێ بوونی چاودێری پزیشکی دەبێتە هۆی خوێنبەربوونی توند و ڕەنگە هۆکار بێت بۆ لابردنی منداڵدان یان مردنی دایکەکە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەم دواییانەدا بەهۆی سەختی بارودۆخی ژیان و ناسەقامگیری و ئاوارەبوونی زۆرەوە لەباربردنی منداڵ زیادیکردووە، زۆربەی ژنانی ئیدلبیش پەنا بۆ ڕێگەی مەترسیدار و ناپارێزراو دەبەن بۆ لەباربردنی کۆرپەلە، کە لەوانەیە ببێتە هۆی نەزۆکی هەمیشەیی یان شێواویی منداڵدان و کۆرپەلەکە

 

یاسەمین شەعبان ئاماژەی بە پێویستی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری خێزانی سەبارەت بە پلاندانانی خێزان لە ڕێگەی کەمپینەکانی مۆبایلەوە کرد، کە ژنان ئاگادار دەکەنەوە لە مەترسیەکانی لەباربردنی منداڵ، ئەمە جگە لەوەی ئامۆژگاری و ناساندنی ڕێگەی سەلامەتی ڕێگری لە دووگیانی پێویستە، چونکە کاریگەرییەکانی ئەم دیاردە پەرەسەندووە کەم دەکاتەوە.