"دیاردەی هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت کوشتنی ژنانی زیاتر کردووە"

بەهۆی ناهۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگە زۆر جار دەست دەبەن بۆ بەکارهێنانی چەکی بێ مۆڵەت، لە کاتێکدا یاسا هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان، پارێزەرێکیش دەڵێت: دیاردەی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت کوشتنی ژنانی زیاتر کردووە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لە کاتی هەبوونی هەر کێشەیەکدا ژنان قوربانی یەکەمی کۆمەڵگەن، زۆرجار یەکێک لەو هۆکارانەی کوشتن و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان زیاتر کردووە هەبوونی چەکی بێ مۆڵەتە، هەرچەندە یاساکان ئێستا قورستر کراون هەر لە زیندانی کردنەوە تا سزای ماددی و هەڵگرتنی چەک قەدەغە کراوە، بەڵام دیاردەی هەڵگرتنی چەک ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە بەهۆی ناهۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگە.

 

" تاکەکانی کۆمەڵگە هۆشیار نین دەربارەی یاساکان"

گۆنا مەجید، پارێزەر ئاماژەی بەوەکرد، هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵگەوە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە و بووەتە هۆی زیادبوونی تاوانەکان، بەو پێیەی ئێمە لەدادگاکاندا کار دەکەین کەیسی زۆر دێتە لامان کە تەنها بە هۆی دەمەبۆڵەیەکی بچوکەوە پەنایان بردووەتە بەر بەکارهێنانی چەکی بێ مۆڵەت لە ئەنجامدا کەسێک بریندار بووە یان کوژراوە، بەکارهێنانی چەکی بێ مۆڵەتیش دەگەڕێتەوە بۆ ناهۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگە لە هەڵگرتنی چەک یان ئەو ئامێرانەی تاوانێکی پێ ئەنجام دەدرێت، زۆر جاریش هۆشیار نین بەرامبەر ئەو یاسایانەی لە دادگاکاندا هەن، لە کاتێکدا کۆمەڵێک یاسای بەسوود و گرنگمان هەیە.

 

"بە ڕێگەی یاسا ماف وەردەگیرێتەوە نەک چەکی بێ مۆڵەت"

گۆنا مەجید، ڕوونی کردەوە، تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ وەرگرتنەوەی مافی خۆیان چەکی بی مۆڵەت بەکاردەهێنن لە کاتێکدا دەتوانن لە ڕێگەی یاساوە مافەکان وەربگرنەوە، ئەو کەسەی تاوانێک ئەنجام دەدات بە چەک ئەگەر ساتێک پێش ئەوە بیربکاتەوە هەرگیز ئەو کارە ناکات، چونکە دەبێتە هۆی لەناوبردنی خۆی و بەرامبەرەکەی، لە یاسادا بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێک ڕێکخراوە، هەرکەسێک چەکی بێ مۆڵەت هەڵبگرێت ئەگەر تاوانیشی پێ ئەنجام نەدات سزا دەدرێت، وە ئەگەر تاوانیشی پێ ئەنجامدا سزاکەی قورستر دەبێت.

 

وتیشی: لە یاسای باکارهێنانی چەکی بێ مۆڵەت کە لە ساڵی ٢٠٢٢ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لە یاساکەدا ماددەی ١٥ هەیە، ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر کەسێک چەکی بێ مۆڵەتی هەڵگرت یان بازرگانی پێوە کرد سزاکەی ساڵێک بۆ ٣ ساڵە و سزای ماددیش لە ٢ ملیۆن کەمتر نییە و لە ٥ ملیۆن زیاتر نییە، لە ماددەی ٢ی یاساکەدا سزاکەی قورستر کردووە، ئەگەر چەکەکە مۆڵەتی هەبوو، بەڵام لە ناڕەزایەتیدا بەرامبەر بە خەڵک بەکارهات، ئەوە سازکەی ٣ ساڵ زیندانی لەگەڵ سزای ماددی کە لە ٥ ملۆم کەمتر نییە و لە ١٠ ملیۆن زیاتر نییە، ئەگەر بێ مۆڵەت بوو و تاوانی پێ ئەنجامدرا سزاکەی ٧ ساڵ زیندانییە.

 

"دەبێت هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە لە هەڵگرتنی چەک"

گۆنا مەجید ئەوەشی خستەڕوو، هەرچەندە سزاکان لە ئیستادا قورستر کراون بۆ هەڵگرانی چەک لە چاو ساڵانی ڕابردوودا، بەڵام ئەمە بەس نییە، بەڵکو دەبێت هۆشیاری لە ناو تاکەکانی کۆمەڵگەدا بڵاو بکرێتەوە لە ناوەندەکانی خوێندندا و ماددەیەک هەبێت و ببێتە ناچاری تا تاکەکان هەر لە منداڵیەوە ئاشنا ببن لە مەترسی هەڵگرتنی چەک، هەروەها خێزانەکانیش هەر لە منداڵییەوە پەروەردەیەکی ڕاستی منداڵەکانیان بکەن، چونکە ئامانجامان ئەوەیە تاوانەکە ڕوونەدات، زۆر کەمن ئەو کەسانەی هەڵگری چەک بن و تاوانێک ئەنجام نەدەن، کەسانێک بۆ پارێزگاری لە خۆیان چەک هەڵدەگرن لە کاتێکدا چەکەکەی دەبێتە دوژمنێک بۆ خۆی، هەندیک جاریش هەڵگری چەک هیچ تاوانێکی نەکردووە، بەڵام لە کاتی ئاشکرا بوونی پێشینەیەکی تاوانی بۆ دروست دەبێت.

 

گۆنا مەجید جەختی کردەوە، پێویستە حکومەت مەرجەکانی مۆڵەت دان بە چەک زۆر توند بکاتەوە، تەنها بۆ کەسانی سەرباز نەبێت یان بۆ هەندێک حاڵەت نەبێت مۆڵەت بە چەک نەدەن، چونکە هەڵگرتنی چەک کوشتنی ژنانی زیاتر کردووە، کەسانی سەربازیش کاتێک چەکیان پێ دەدرێت دەبێت لەگەڵ ئەوەشدا هۆشیاریەکیان پێ بدرێت کە لە هەموو کاتێکدا پەنا نەبەنە بەر چەکەکە.