"ڕاپەڕینی ئەم دواییە هاوتەریبە لەگەڵ داواکارییە سەرەکییەکانی ژنان"

ژنان بە ڕاپەڕینی ئەم دوایەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دڵخۆشن، خوێندکارێکی ژنیش دەڵێت: پێویستە درێژە بەو خەباتە بدەین بۆ بەدەستهێنانی هەموو مافەکانمان.

ژوان کەرەمی

 

کرماشان- ژنانی خوێندکار باس لە شۆڕشی ژنانی ئێران دەکات، کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستیپێکرد و بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بەردەوامی هەیە و خوێندکارێک دەڵێت: تا بەدەستهێنانی مافەکانمان بەردەوام دەبین.

 

جیاوازی کردن بەرامبەر ژنان

س.ئە. ژنێکی گەنجی خەڵکی شاری جوانڕۆیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەبارەت بەو جیاکارییەی کە تووشی بووە، ئاماژەی بەوەکرد، لە منداڵی و ساڵانی خوێندنی سەرەتاییەوە، بەهۆی ئەو عەقڵیەتە پیاوسالارییەی کە لە خێزان و کۆمەڵگەی نەریتیدا زاڵ بوو، هەستم بە جیاوازی و پەراوێزخستنی جێندەری دەکرد، لەم کولتوورەدا ژنان وەک پیاوان چێژ لە ئازادی نابینن، ڕێگریان لێ دەکرێت لە چوونە قوتابخانە بە تەنیا، یان مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر، چونکە بە تاوان و گوناهی دادەنێن و سزای توندی هەیە، من لە نزیکەوە شایەتحاڵی سزادانی زۆرێک لە کچانی دەوروبەرم بووم، کە تاکە تاوانیان پەیوەندیکردن بوو لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر.

 

کاریگەری سەربەخۆیی ئابووری لەسەر ژیانی ژنان

س.ئە کە ژیانی هاوژینی پێکنەهێناوە، ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆمەڵگەی ئێراندا دەیبینرێت ژنانی گەنج مافی ئەوەیان نییە هاوبەشی ژیانی خۆیان هەڵبژێرن، بۆیە هیچ ڕێگەیەکی ترت نییە و دەبێت لەژێر فشاردا بڕیار بدەیت، بۆیە سەربەخۆیی دارایی یەکێکە لە پرسە گرنگەکان لە بەرژەوەندی ژنان و دەتوانێت تا ڕادەیەکی زۆر بەشێک لە کێشەکانیان چارەسەر بکات، بەڵام ناتوانێت ئەو سنوورە لاببات بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا، بۆ خەباتی ژنان سنووردارکردنێکی بێشوماردا هەیە.

 

کۆمەڵگە هێشتا لە مانای ژن، ژیان، ئازادی تێنەگەیشتووە

س.ئە ڕوونیشیکردەوە، ڕاپەڕینەکەی ئەم دواییە هاوتەریبە لەگەڵ داواکارییە سەرەکییەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەڵام ئەو ژن و پیاوانەی ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمی "ژن، ژیان ئازادی"یان دەوتەوە، زۆربەیان لە بنچینە و مانای ئەم دروشمە تێنەگەیشتوون، ڕێژەیەکی زۆر لەو ژنانە ئاگاداری زۆرێک لە مافە مرۆییەکانیان نین، بەهۆی ئەو عەقڵیەتە پیاوسالاری و دیکتاتۆرییەی لە کۆمەڵگەدا زاڵ بووە، پیاوان تەنیا بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەشدارییان لەم ڕاپەڕینەدا کردووە، نەک داواکاری ژنان، ئەوان نەگەیشتنە ئاستی هۆشیاریی ڕاپەڕین دژی سیستەمی پیاوسالاری و دژە فێمینیست، لە کاتێکدا ئەم سیستەمە هۆکاری بنەڕەتی کۆیلەکردن و کۆیلایەتی پیاوانیشە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەگەر ئەم ڕاپەڕینە گۆڕانکارییە سیاسییە بنەڕەتییەکان بەدوای خۆیدا بهێنێت و ڕێبازی ڕاست پەیڕەو بکات، چاوەڕوان دەکرێت ژنان بخرێنە شوێنی شیاوی خۆیان و مافەکانیان بەدەستبهێنن، گۆڕانکاری و گۆڕینی سیستەمی سیاسی و یاسایی بەبێ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە کولتووردا بێسوود دەبن، چونکە لەم حاڵەتەدا یاسا هیچ گەرەنتییەکی جێبەجێکردنی نابێت.