ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت قوربانی دەستی کۆمەڵگەن

بەهۆی ناهۆشیاری کۆمەڵگە بەرامبەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ژنانی خاوەن پێداویستی گۆشەگیری ماڵەوەن و بۆ بەرژەوەندی خودی بەکاردەهێنرێن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت سەرباری دۆخی ژیان و گوزەرانیان، بەڵام ڕێگریەکانیان پشتگوێ خستووە، بەهرەی خۆیان دەرخستووە و توانیویانە پشت بە خۆیان ببەستن لە ژیانیاندا، بەڵام هەندێک جار لەلایەن کۆمەڵگەوە بۆ بەرژەوەندی دارایی و خودی بەکاردەهێنرێن و ئەمەش کاریگەری لەسەر دەروونی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە.

 

"خراپی ڕێگەکان وامان لێدەکات پەنا ببەینە بەر کەسانی تر"

ئەسمەر ستار، ئەندامی دەستەی باڵای کۆمەڵەی ڕۆژ بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئاماژەی بەوەکرد، کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە ئەقڵ هیچ جیاوازیەکایان نییە لەگەڵ کەسانی تردا، تەنها لە ڕووی جەستەییەوە جیاوازن، زۆر جاریش ئەو کارانەی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەنجامی دەدەن، کەسانی تر ناتوانن ئەنجامی بدەن، کەسی زۆرمان هەیە بەهرەی تایبەتیان هەیە، بەڵام لەبەر خراپی ڕێگەوبان و چەند هۆکارێکی تر ناتوانن دەستببەن بۆ کارەکەیان، ئەمەش وامان لێدەکات پێویستمان بە هاوکاری کەسانی دەوروبەرمان بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هەمیشە داوای مافی خۆمان کردووە و توانیومانە گرفتەکانی خۆمان چارەسەر بکەین.

 

"کۆمەڵگە خاوەن پێداویستی تایبەت بەکاردەهێنێت بۆ مەرامی خۆی"

ئەسمەر ستار باسی لەوەکرد، ئەو کەسانەی لە ڕووی جەستەوە خاوەن پێداویستی تایبەتن باشترن لەو کەسانەی لە ڕووی دەروونیەوە خاوەن پێداویستی تایبەتن، وتی: کێشەی ئەوان گەورەترە، چونکە کۆمەڵگە لێیان تێناگات و ناتوانن دەنگی خۆیان بگەیەنن، بەڵام بەداخەوە بەشێک لە کۆمەڵگە بە مەبەستی هاوکاریکردن و نزیک بوونەوە لێیان، بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان بەکاریاندەهێنن و ئەمەش ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر دەروونی ئەوان هەیە، چونکە ناتونێت داوای کەسانی تر ڕەت بکاتەوە، بۆیە بەکاریدەهێنێت بۆئەوەی هەستی خەڵکی پێ بجوڵێنێت، ئەمەش دەبێتە جێگەی نیگەرانیە بۆ ئێمە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: زۆرجاریش کاری نایاسایان پێ دەکرێت چونکە دەزانن کۆمەڵگە گومان لەو کەسە خاوەن پێداویستیانە ناکات، هەروەها هەندێک جاریش خێزانەکان خۆیان ئەو کەسانە بەکاردەهێنن، ئەمەیان جێگەی داخە، چونکە ئێمە دەستمان پێیان ناگات و خێزانی خۆیەتی و خۆی بە دڵسۆز دەزانێت، لەم لایەنەشەوە ژنان زۆر زەرەرمەندن، چونکە ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ڕووی دەروونیەوە ناتوانن بێنە دەرەوە لە ترسی ئەوەی لەلایەن کەسانێکەوە دەستدرێژی بکرێتە سەریان، ئەو خێزانانەی خاوەن ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەتیان هەیە، لە ڕووی دەروونیەوە هیچ کات ئارام نین.

 

"دەبێت خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان خۆیان ڕێگری بکەن لە بەکارهێنانیان"

ئەسمەر ستار ڕوونی کردەوە، کۆمەڵگە تا ئێستا هۆشیار نییە بەرامبەر کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بە کەسی خۆیان نازانن، بەکارهێنانیشیان بۆ دەستکەوتنی دارایی لە ڕووی دەروونی و جەستەیشەوە زیانێکی زۆر بە خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان دەگەیەنێت، لەو بارەیەوە دەڵێت: بۆیە ئێمە خۆمان نابێت ئەو کردەوانە قبوڵ بکەین کە بەرامبەرمان دەکرێت، ڕاستە ئێمە پێداویستیەکانمان زیاترە، بەڵام نابێت ڕێگە بدەین هەندیک لە کەناڵە میدیایەکان بەکارمان بهێنن بۆ جوڵاندنی هەستی بینەر تا هاوکاریمان بکەن، کاتێک هاوکاریەکی دارایی هەیە با ئێمە لەناو خۆماندا هاوکاری یەک بین، چونکە هەندێک لە خاوەن بپیداویستییە تایبەتەکان پیویستیان بە هاوکاری نییە و هەندێکیشیان زۆر پێویستیان پێیە.

 

"یاسایەکی تایبەت نییە بۆ ئەو کەسانەی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان بەکاردەهێنن"

ئەسمەر ستار ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا یاسایەک نییە تایبەت بێت بەو کەسانەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بەکاربهێنن، سزا بدرێن، ئێمە بەردەوام سیمینار دەکەین و سەردانی ماڵەکان دەکەین بۆ ئەوەی دیاردەی بەکارهێنانی خاوەن پێداویستی تایبەت نەهێڵین، هەر کەسێکیش کە لە بەرچاودا بێت و ئەو کارەی کردبێت سزادراوە، هەروەها ئەگەر کەسێک لێدوانێکی دابێت و لە دژی خاوەن پێداوستییە تایبەتەکان بووبێت ئێمە بەدواداچوونمان کردووە و وامان کردوە کەسەکە داوای لێبوردن بکات و دان بە هەڵەی خۆیدا بنێت.

 

هەروەها وتیشی: دەبێت تاکەکانی کۆمەڵگە هۆشیار بکرێنەوە بەرامبەر خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، چونکە باشترین کار بکرێت بۆ ئێمە هۆشیار کردنەوەی کەسی خاوەن پیداویستی تایبەت و کەسانی ترە، لەبەرئەوەی کاتێک من هۆشیار بووم و ماف و ئەرکی خۆمم زانی، ناهێڵم بەرامبەرەکەم مافەکانی پێشێل بکرێت، کەسانێک هەن بە شێوەی بەزەیی سەیری ئێمەی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەن، ئەمانەش ئێمە ئازار دەدات.

 

"هەمیشە خۆم بە پێشەنگ زانیووە"

ئەسمەر ستار لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: من وەکو خاوەن پێداویستییەکی تایبەت هەمیشە خۆم بە پێشەنگ زانیووە لەناو کۆمەڵگە و خێزانەکەمدا، من خاوەن پێداویستییەکەم بە دیاری دەبینم و جێگەی شانازیە بۆم، هەرچەندە لە زۆربەی شوێنەکان بە شێوازێکی تر سەیرمان دەکرێت و بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەوە ئێمە ئازار دەدات، بەڵام ئەو قسانە گەورەمان دەکات، هەر ئەو قسانە وای لە من کرد لە چەندین ڕێکخراوی ژنان کار بکەم بۆ داکۆکیکردنی مافەکانی ژنان، بۆیە لە کاتی هەر شتێک کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، ئەگەر خێزان لە پشتمان بن تێپەڕاندنی بۆ ئێمە ئاسانە.