سووریانییەکان لە نەتەوەی دیموکراتیکدا زمانی دایکی خۆیان دەپارێزن

جاکلین سلیبا، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی ئۆلاف تاو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکەوە ڕایگەیاند، بەڕیوەبەرایەتیی خۆسەر زەمینەیەکی زێڕینی بۆ ڕەخساندووین کە جارێکی دیکە وەک نەتەوەیەک خاوەندارێتی لە زمانی سریانی بکەین.

سۆرگول شێخۆ

 

حەسەکە- ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، کە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە هەمەجۆریی زمانەوانی و کولتووری بەڕێوەدەچێت، هەموو ساڵێک لە ٢١ی شوباتدا لە جیهاندا بەڕێوەدەچێت و بۆ یەکەمجار لەلایەن یونسکۆوە لە ١٧ی تشرینی دووەمی ١٩٩٩ دامەزرا دواتر لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمی پەسەند کرا.

 

لە سیستەمی بەڕیوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەسەر بنەمای پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک دامەزراوە، پێکهاتەکانی نیشتەجێی ناوچەکە بە زمانی دایکی خۆیان خوێندن و پەروەردە وەردەگرن، جاکلین سلیبا، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی ئۆلاف تاو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا باسی لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک و پاراستنی زمانی سوریانی کرد.

 

"ئۆلاف تاو" بەرگری لە زمانی سریانی دەکات

جاکلین سلیبا پیرۆزبایی ڕۆژی زمانی دایکی کرد و وتی: بەداخەوە دەڵێین بە پڕۆسەیەکی زۆر سەختدا تێدەپەڕین، چونکە زمانی سریانی نەگەیشتووەتە ئاستی خوازراو، ئێمەش وەک پەیمانگای ئۆلاف تاو، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هەوڵی پاراستنی ئەم زمانە لە لەناوچوون و دروستکردنی شتی نوێ دەدەین، ئێمە کار لەسەر دروستکردنی خولی زمانی سریانی دەکەین و مامۆستامان بۆ وتنەوەی خول و وانەکان لە قوتابخانەدا دابین کردووە، لقەکان لە قۆناغی پێش قوتابخانەوە تا زانکۆکان بە هەردوو شێوەی زانستی و ئەدەبییەکان بە زمانی سریانی ئامادە دەکرێن.

 

"سیستمی دەوڵەت ویستی پێش گەل زمانەکەی لەناوببات"

جاکلین سلیبا باسی لەوەکرد، بوونی مرۆڤ بە زمانەوە بەندە، سیستمە دەوڵەتییەکان هەمیشە دەیانەوێت پێش لەناوبردنی گەل زمانەکەیان لەناوببەن، "زمان بوونی مرۆڤەکان نیشان دەدات، لەسەر ئەو خاکەی لێی دەژین، هەر لە ساتەوەختی کۆرپەییەوە منداڵ لەگەڵ شیری دایکیدا فێری زمان و کولتوور و ئەخلاق و نەریتی کۆمەڵگاکەی دەبێت، هەربۆیە گرنگی بە زمانی دایک دەدەین، بۆ ئەوەی خەڵک دەتوانن گەشتەکەیان لە ژیاندا بە هەستکردن بە متمانە بەخۆبوون و ڕاستگۆیی دەستپێبکەن، لە باکووری کوردستان تا عێراق و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەو دەوڵەتانەی زاڵبوون بەسەر ناوچەکەدا، دەیانویست زمانی گەل لەناوببەن.

 

پاراستنی کولتوور و زمان لە سیستەمی بەڕیوەبەرایەتیی خۆسەردا

جاکلین سلیبا جەختی لەسەر پڕۆژەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک کردەوە، کە هەموو گەلان و قەوارەکان بە زمان و کولتوور و ئامادەبوونیان لە باوەش دەگرێت و ڕایگەیاند، کە بناغەیەکی زێڕینیان پێدراوە بۆ بنیاتنانی شارەزایییەکی نوێ لە زمانی سریانیدا، وتیشی: لە پرۆژەی بەڕیوەبەرایەتیی خۆسەردا توانیمان بەشێکی زۆر لە مافەکەمان وەک دەرفەتێکی مێژوویی وەریبگرین بۆ پاراستنی بوونی خۆمان وەک نەتەوەیەک. بەمەش دەتوانین داوای مافەکانمان بکەین وەک نەتەوە، هەروەها توانیمان جارێکی دیکە خۆمان وەک نەتەوەیەکی ڕەسەن نیشان بدەینەوە و شارستانیەتێکی کۆنمان هەبێت و زمانی سریانی زیندوو بکەینەوە.

 

"زمان قەڵای شارستانییەتی دیموکراتیکمانە"

جاکلین سلیبا بەم پەیامە کۆتایی بە قسەکانی هێنا و وتی: سەرەڕای سەختی و کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و هێرشەکانی ئێستا بۆ سەر ناوچەکە، لە پاراستن و پەرەپێدانی زمان و کولتوور و مێژووی سوریانیدا درێژە بە ڕێپێوانەکەمان دەدەین، بێگومان بە دەستێك چەپڵە لێنادرێت، هەموو پێکەوە دەتوانین پڕۆژەکە و شۆڕشەکە بەدیبهێنین و لەوەش گرنگتر فرە زمانی گەلان لە نەمان دەپارێزین، زمان قەڵای شارستانییەتە دیموکراتیکمانە، پێویستە بیپارێزین و فێری ببین.