"ڕۆشنبیری ڕاستەقینە زانینی زمانی دایکە بە پاراوی"
لێهاتووی زمان ئەوەیە زمانی دایک بە شێوەیەکی پاڕاو بزانرێت، مامۆستایەکیش دەڵێت: بەڵام لە کۆمەڵگەی کوردیدا زانینی زمانی بیانی بە لێهاتووی دەزانن، لەکاتێکدا ئەمە ناهەقیە بەرامبەر زمانی دایک، چونکە ڕۆشنبیری ڕاستەقینە ئەوەیە زمانی کوردی پاراوی بزانرێت.
شیرین ساڵح
سلێمانی- زمانی دایک، یەکەم زمانە منداڵ فێری دەبێت و چالاکانە بەکاریدەهێنێت، تەنها بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی ڕۆژانە بەکارنایەت، بەڵکو زمان هەڵگری بارێکی هزری و مەعریفیە و کاتێک دەگوازرێتەوە، لەگەڵیدا کولتوور و باری شارستانیەت و مەعریفەت دەگوازرێتەوە، زۆربەی کۆمەڵگەکان گرنگی بە زمانی دایکی خۆیان دەدەن، بەڵام کۆمەڵگەی کوردی گرنگیەکی ئەوتۆی پێنەداوە، بۆیە زمانی کوردی تا ڕادەیەک ڕووی لە کاڵ بوونەوە کردووە.
ڕێکخراوی کولتووری نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ١٩٩٩ بڕیاریدا ٢١ی شوباتی هەموو ساڵێک وەکو ڕۆژی جیهانی زمانی دایک بناسرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ٢١ی شوباتی ساڵی ١٩٥٢دا، کاتێک چەند خوێندکارێکی بە ڕەگەز بەنگلادیشی بە تەقەی پۆلیسی پاکستان کوژران لەبەر مانگرتنیان لە بەکارهێنانی زمانی بەنگالی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی پاکستاندا.
تابان محەمەد، مامۆستای زمانی کوردی لە زانکۆی سلێمانی، باسی لە گرنگی زمانی دایک کرد کە چۆن لەلایەن کۆمەڵگەوە پشتگوێخراوە و گرنگی بە زمانی بیانی دەدەن.
"نەبوونی هەستی بەرپرسیارێتی لەلایەن گەنجەکانەوە زمانی دایکی بەرەو کاڵبوونەوە بردووە"
تابان محەمەد ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا زمانی دایک گرنگیەکی ئەوتۆی پێ نادرێت، هۆکاریش زۆرە بۆ ئەوەی زمانی دایک ئەو جوانی و گرنگیەی نەمێنێت، وەکو کرانەوەی ژیان بە ڕووی دەرەوەدا و کۆچکردنی کوردان بۆ دەرەوە و گەڕانەوەیان، هەروەها لە ئێستادا هەموو تاکێکی کورد هەست بە ئارامی و هەبوونی خۆی دەکات لە قەوارەکەیدا، بەڵام پێشتر کورد بۆ پارێزگاری کردن لە قەوارەی سیاسی خۆی، هەمیشە لە خەباتدا بووە و هەوڵی داوە پارێزگاری لە زمانەکەی بکات بۆ ئەوەی هەبوونی خۆی بپارێزێت، ئەمانەش وایکردووە بێ خەم بێت لە پاراستنی زمانەکەیدا، نەبوونی هەستی بەرپرسیارێتی لەلایەن گەنجەکانی کۆمەڵگەوە بۆ کورد بوون و زمانی دایک، هۆکارێکی دیکەیە زمانی کوردی ئەو پایە گرنگەی جاران هەیبوو کەم ببێتەوە.
"هەڵە بەکارهێنانی وشەی بیانی دەبێتە هۆی لاوازکردنی زمانی دایک"
تابان محەمەد ئەوەی خستەڕوو، مەترسی هەیە لەسەر زمانی کوردی، چونکە بەپێی پێویست بەکارنایەت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی مەرجی وەرگرتن لە زانکۆکاندا دەبێت ئاستی زمانی ئینگلیزی بەرز بێت، وتی: لە جیاتی ئەوەی لێهاتووی زمانی کوردی ببێت بە مەرج، زمانی ئینگلیزیان کردووە بە مەرج، خوێندنگە و زانکۆ ئەهلیەکان کە زمانی سەرەکیان ئینگلیزیە مەترسی لەسەر زمانی کوردی دروستکردووە، کەمی سەرچاوەی ئەلکترۆنی بۆ دەستکەوتنی زانیاریش زمانی دووەمیان زیاتر گرنگ کردووە، ئەمەش مەترسیەکی ترە.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە ڕێگەکانی دەوڵەمەندکردنی زمان هاتنی وشەی بیانییە، بەڵام هەڵە بەکارهێنانی ئەم ڕێگەیە دەبێتە هۆی لاوازکردنی زمان، نابێت بە جۆرێک بەکاربهێنرێت و ڕێگەی پێبدرێت بۆ هەموو وشەیەک، ئەمەش بە تایبەت لای نەوە ڕۆشنبیرەکە هەستی پێدەکرێت و پێیانوایە ئەگەر وشەی زمانێکی بیانی بەکاربهێنن لە قسەکردندا ئیتر بە چاوێکی بەرزەوە سەیر دەکرێن.
تابان محەمەد ڕوونی کردەوە، لە لایەکەوە تا ڕادەیەک گرنگی دراوە بە زمانی کوردی و ئێمە ئێستا لە قۆناغی ڕۆشنبیری و ئەکادیمین و کارێکی زۆری لەسەر کراوە، بە کردنەوەی کۆنفرانس و خوێندنی زمانی کوردی لە بەشێکی زۆر لە زانکۆکان و کردنەوەی بەشی کوردی لە هەموو بەشێکی کوردستان، ئەمەش لە سیاسەتی نەتەوەیدا گرنگیدانە بە زمان، بەڵام ئەمە پڕکەرەوەی ئەو کەلێنانە نییە کە هەیە لە زمانی دایکدا، بەڵکو دەبێت هەستی کوردایەتی و نیشتیمان پەروەری دروستبکرێت لە لای هەموو تاکێک و لە ئاستی سەرەتایەوە دەستپێدەکات تا زانکۆ.
"ڕۆشنبیری ئەوەیە زمانی دایک بە پاراوی بزانرێت"
ئەو مامۆستایە لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: گرنگیدان بە بواری ڕۆشنبیری و هونەر پێوستە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە زمانی دایکی خۆمان بکەین، تا ئەو هونەرە ڕەسەنە کۆنەی هەمانبووە گرنگی پێبدرێت، ڕاگەیاندنی کوردی جێگەی گلەین، چونکە لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتیە گەورەی و نەتەوەیەدا نیتە تا هەوڵی پاراستنی زمانی کوردی بدات، هۆکاری پەرتەوازەیی ڕاگەیاندنیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی و هەندێکیان زمان حاڵی لایەنێکی دیاریکراون و ئەوانیش بە پێی ناوچە وشە بەکاردەهێنن، بەکارهێنانی دەستەواژەی نوێ لەلایەن دەزگایەکەوە کە پێیان وایە بەو شێوەیە ئاستی ڕۆشبیریان بەرز دەبێت، ناهەقیە بەرامبەر زمانی دایک، چونکە ڕۆشنبیری ڕاستەقینە ئەوەیە زمانی کوردی پاراوی بزانرێت.