شەڕڤانی ئینتەرناسیۆنالیستی یەپەژە: کۆبانێ بۆ ژنانی جیهان هیوایەک بوو

دەرسیم مزگین، شەڕڤانی ئینتەرناسیۆنالیستی یەپەژە ئاماژە بەوەدەکات کە بەرخۆدانی کۆبانێ بۆ هەموو ژنانی جیهان هیوایەک بوو وتی: دەوڵەتی تورک دەیەوێت بە بەئامانجگرتنی کۆبانێ هیوا و تێکۆشانی گەل بشکێنێت.

ژیندا ئامارا

 

حەسەکە-ڕۆژی ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش بە هاوکاری دەوڵەتی تورک هێرشیان کردە سەر شاری کۆبانێ و گەل کە بە هێزی خۆیان ولاتەکەیان بەڕێوەدەبرد، ئەمە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە قبوڵ نەکرا، چونکە سەرکەوتنی گەلی کورد بۆ ئەوان مانای لەناوچوون بوو، دەوڵەتی تورک کە نەیتوانی بەڕوونی دەستوەردان لە ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن داعشەوە بکات، دەیویست شۆڕشی ڕۆژئاوا یان شۆڕشی ژنان لە ڕێی داعشەوە لەناوببات، بەڵام ڕوناکی شۆڕش لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ لە شاری کۆبانی ڕوویدا و بەو هۆیەشەوە دەوڵەتی تورکیاش دەیویست ئەم شۆڕشە کە بۆ هەموو جیهان هیوایەک بوو لە کۆبانێ سەرکوت بکات.

 

١٣٤ ڕۆژی بەرخۆدانی...

شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە بەو دەستکەوتانەی کە بە خوێنی هەڤاڵانیان بەدەستیان هێنابوون ڕێگرییان لە کەوتنی کۆبانێ کرد، بە بەرخۆدانێک کە بە دەگمەن دەبیندرێت و لە دژی چەتەکانی داعش خۆیان کردە قەڵغان، ئەو بەرخۆدانەی کە بە پێشەنگایەتی یەپەژە بەڕێوەبرا، سەرنجی هەموو وڵاتانی جیهانی ڕاکێشا، ژنان و گەنجانی ئینتەرناسیۆنالیست کە لە هەموو کوردستان و جیهانەوە بە شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژەوە هاتوون و لە ئەنجامی بەرخۆدانی ١٣٤ ڕۆژەدا، ڕۆژی ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ شاری کۆبانێ لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگارکرا.

 

"بەرخۆدانی کۆبانێ بۆ تەواوی ژنانی جیهان سەرکەوتنێکی گەورە بوو"

دەرسیم مزگین، شەڕڤانی یەپەژە کە یەکێکە لە شەڕڤانانی ئینتەرناسیۆنالیستی کە بە شۆڕشی ژنان کاریگەر دەبیت و ڕوو لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، باسی لەو بەرخۆدانە کرد کە بە فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە کۆبانێ سەرکەوت.

 

دەرسیم مزگین لە فەڕەنساوە دەڵێت، کە شۆڕشی ڕۆژئاوا کاریگەری زۆری لە نێوان گەلانی ئەوروپادا هەبووە، بەتایبەتی بەرخۆدانی کۆبانێ کە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ژنان، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە وێنەکانی شەڕڤانانی یەپەژە لە سەرتاسەری جیهان بڵاوبووەتەوە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر خەڵک هەبووە و وتی: "کاتێک وێنەی شەڕڤانانی یەپەژەمان بینی، ژنانی کورد کە چەکیان هەڵگرتووە و دژی داعش شەڕیان کردووە، تێگەیشتین کە ژنان دەتوانن خۆیان ڕێکبخەن و تێکۆشانی خۆیان ئەنجام بدەن، شەڕڤانانی یەپەژە بە هەموو دەرفەتە سنووردارەکانیانەوە شەڕ دەکەن و سەردەکەون، تەنها بە چەک لە دژی دوژمنێکی وەک داعش، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر من هەبوو و هەر بۆیەش ئەم بەرخۆدان و سەرکەوتنە مەزنە هیوایەکی گەورە بوو بۆ خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان".

 

"بەرخۆدانی کۆبانێ بۆ من سەرچاوەی هێز بوو"

دەرسیم مزگین، لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، کە شاری کۆبانێ تەنها شارێکی ئاسایی نییە بەڵکو وەک سیمبولی هێز و ئیرادەی ژنانە و وتیشی: "بۆچی چەتەکانی داعش کۆبانێیان کردە ئامانج؟ یان بۆچی ئەردۆغان وتبووی کۆبانی دەکەوێت؟ چونکە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە کۆبانی لەسەر بنەمای ئافراندنی ژیانە، ژیان بە مانای ئازادیشە کاتێک شەڕڤانانی یەپەژە کۆبانێیان پاراست، لە هەمان کاتدا شەڕیان بۆ ژنانی جیهان کرد، واتە ئازادی گشتی ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا، بۆ نموونە من ژنێکی فەڕەنسام، بەڵام بەرخۆدانی کۆبانێ کە بە پێشەنگایەتی ژنان بوو، بۆ من سەرچاوەی هێز بوو نەک تەنها بۆ هەموو ژنانی جیهان، لەئەوروپا ژیانی سەرمایەداری نایەکسانی لەگەڵ خەڵکدا دروستکردوە، زۆر گەنج هەن هیچ هیوایەکیان بۆ ژیان نییەو خۆیان دەکوژن، بەڵام لێرەدا دەبینم ئەم ئومێدە هەر خودی شۆڕشی ژنانە بۆیە ویستم بێم و ببم بەبەشێک لەم شۆڕشە".

 

"فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ لە ڕۆژئاوا جێبەجێ دەکرێت"

دەرسیم مزگین ڕایگەیاند، پێش ئەوەی بچێتە ناو شۆڕشەوە لە ئەوروپا لە چەند ڕێکخراوێکدا جێگەی خۆی گرتووە، بەڵام جیاوازییەکی لە نێوان وتار و چالاکییەکاندا بینی و وتی: "وەک هەڤاڵانی ئینتەرناسیۆنال لە ئەوروپا گروپەکانمان ڕێکخراو بوون، بەڵام ئاستی ئێمە لە بیردۆزەکە تێنەپەڕیبوو، ئێمە بیردۆزی خۆمانمان پراکتیزە نەکرد، کاتێک هاتمە ڕۆژئاوای کوردستان ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام ئەم بابەتە، ڕاستە ڕەنگە لە هەندێک شوێندا ناکۆکی هەبێت بەڵام هەوڵێک هەیە بۆ جێبەجێکردنی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، بۆ نموونە کاتێک چووین بۆ لای خێزانەکان و هەندێک شتمان لە دایکان پرسی زۆر سەرسام بووم بەو وەڵامانەی دایکان دایان و بینیم ئەمە کاریگەری ڕێبەر ئاپۆ و شۆڕشە نمونەیەکی تری کاریگەرترینیان ئەوەبوو کە لە شاری ڕەقە هاوسەرکەکە ژنێک بوو، ئەو شارەی پێشتر پایتەختی داعش بوو، کە ژنان تێیدا تێدەکۆشن ئێستا لەلایەن ژنێکەوە بەڕێوەدەبرێت ئەمە شتێکی زۆر گەورە و مانادارە، من دەتوانم سەدان نموونە بێنمەوە، بەڵام ئەوەی کە زیاتر منی سەرسام کرد ئەم دوو نمونە بوون".

 

"هێرشەکانی سەر کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤ەوە نەوەستاوە"

دەرسیم مزگین باس لە تێڕوانینی خۆی بۆ شاری کۆبانێ دەکات و دەڵێت دیدی کۆبانێ هەم خۆشی و هەم ئازارێک بووە چونکە نوژیان ئۆجالانی هاوڕێی لە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەردا لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١دا گیانی لەدەستدا، کاتێک چوومە کۆبانێ، لەگەڵ گەنجانی شۆڕشگێڕدا بووم و دوای ماوەیەک لێرە لەگەڵ هاوڕێ نوژیان ئاشنا بووم و بیستم کە هەڤاڵ نوژیان و پێنج هاوەڵەکەی لە هێرشە ئاسمانییەکەی دەوڵەتی تورکدا شەهید بوون، لەم کاتەدا بۆم دەرکەوت کە هێرشی سەر کۆبانی ڕانەوەستاوە، دوێنێ داعش و ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا هێرشی کردە سەر کۆبانێ، پێویستە بزانین کە مەترسی داعش و دەوڵەتی تورک هێشتا لەسەر کۆبانێ و دەستکەوتەکانی هەیە، نەک تەنها لە کۆبانێ، بەڵکو لە هەموو شوێنێکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ نموونە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ بەهۆی فڕۆکەکانی تورکیاوە شەهید بوو".

 

"دەوڵەتی تورک دەیەوێت هیوای گەل بشکێنێت"

دەرسیم مزگین تیشکی خستە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و ڕایگەیاند، کە بەم هێرشانە دەوڵەتی تورک دەیەوێت دەستکەوتەکانی گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەناوببات و ئەوەشی خستەڕوو: "دەولەتی تورک ئێستا کۆبانی دەکاتە ئامانج، لەبەرئەوەی کۆبانی سیمبولی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانە، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت هیوا و تێکۆشانی گەل بشکێنێت، با سەرنج بدەینە ئەو هەڤاڵانەی کە دەکرێنە ئامانج، هەموویان یەکێکن لە هەڤاڵە پێشەنگەکان، بۆ نموونە هەڤاڵ ژیان تۆلهەلدان، ڕۆژ خابوور و بارین بۆتان لە ٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٢دا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کرانە ئامانج و لە ٢ی تەمووزی ٢٠٢٢دا شەهید مزگین وەک فەرماندەیی یەپەژە شەهید بوو، دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر پێداویستی ژیان وەک کارەبا و گەنم و ئاو و هتد دەکاتە ئامانج و هەروەها ئامانجیان ئەوەیە، بەڵام هەرچی دەوڵەتی تورک دەیکات، ئومێدی خەڵک ناشکێنرێت چونکە ئەو خەڵکە بە هیوایانەوە گرێدراون، هیوا و فەلسەفە هەیە بۆ ژیانێکی یەکسان و ئازاد".

 

دوێنێ داعش، ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیایە

دەرسیم مزگین، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە دەوڵەتانی هەژموونی و ئەوروپی چاوپۆشی لە هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک دەکەن بۆ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان و وتیشی: "ئەمڕۆ ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەوڵەتی تورکن و دەوڵەتی تورک ئەندامی ناتۆیە، بۆیە بەرژەوەندی دەوڵەتانی نێودەوڵەتی هەیە و لە بەرامبەر دەوڵەتی تورک دەنگ ناکەن، بۆ نموونە دەوڵەتی ئەڵمانیا ناتوانێت دەنگ بکات چونکە چەک بە دەوڵەتی تورک دەفرۆشێت، دەبێت بزانین کە جیاوازی لە نێوان دەوڵەت و گەلدا هەیە ڕەنگە دەوڵەت دەنگ نەکات، بەڵام خەڵکەکە بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان لە هێرشەکان".

 

"سڵاو لە ڕاپەڕینەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەم"

دەرسیم مزگین لە کۆتایی قسەکانیدا سڵاوی لەو ڕاپەڕینانە کرد کە دوای کوشتنی ئەمینی دەستیپێکرد و بانگەوازی لە هەموو ژنانی جیهان کرد بەشداری بەرخۆدانی کۆبانێ بکەن و وتی: "دروشمی "ژن، ئازادی ژیان" بە ڕاپەڕینەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە جیهاندا بڵاوبووەوە، بەڵام ئەم دروشمە سەرەتا وەک تێڕوانینێک لە کتێبەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ژنان دەرکرا، من وەک ژنێکی ئینتەرناسیۆنالی یەپەژە سڵاو لە ڕاپەڕینی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەم و هیوای خۆم پێشکەش دەکەم و دەڵێم لەگەڵتانین".