ئاستی ئابووری جیاوازی چینایەتی لە قوتابخانەکاندا زەقتر کردووەتەوە

سەرەڕای هەبوونی جیاوازی ئاستی ئابووری، بەهۆی کەمتەرخەمی لە قوتابخانە حکومییەکاندا خێزانەکان منداڵەکانیان دەنێرن بۆ قوتابخانە ناحکومییەکان، ئەوەش وایکردووە جیاوازی چینایەتی زیاتر بێت.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- خوێندن، یەکێکە لە گرنگترین ئەو ئامرازانەی کە گەلانی پێ پێشدەکەوێت و وڵات لەڕێگەیەوە گەشە دەکات، لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا گرنگییەکی زۆر بە خوێندن دەدرێت بۆ بەرەو پێشچوونی هەموو بوارەکانی ژیان، چونکە توانا و شارەزایی مرۆڤ، ئاستی ئابووری، کۆمەڵایەتی، مرۆیی کۆمەڵگە زیاد دەکات، خۆشگوزەرانی دەستەبەردەکات، بەڵام لە ئێستادا ئاستی خوێندن گەشتووەتە قۆناغێک کە جیاوازی چینایەتی زەقتر کردووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئاستی ئابووری و بوونی قوتابخانەی ناحکومی و گرنگی پێدانی قوتابیان لە قوتابخانە ناحکوییەکان و پشتگوێخستنیان لە قوتابخانە حکومییەکاندا، لە کاتێکدا کە ئەم جیاوازیکردنە گەورەترین کێشەیە لە کەرتی خوێندنی هەموو کۆمەڵگەیەکدا و جیاوازی چینایەتی قوڵتر دەکاتەوە.

 

نەسرین ئەحمەد، مامۆستا و پسپۆری زمانی کوردی لە قوتابخانەی شەهیدانی قرگە لە شاری سلێمانی، باسی لە جیاوازی نێوان قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانی کرد، کە لە کوالێتی بینای قوتابخانەکان و ژینگەکەی دەستپێدەکات تا دەگاتە شێوازی وانە وتنەوە و چالاکی مامۆستاکان.

 

"خێزانەکان بۆ ئاسوودەبوون منداڵەکانیان دەنێرن بۆ قوتابخانەی ناحکومی"

نەسرین ئەحمەد، ئاماژەی بەوەکرد، کە قەرەباڵغی و ژمارەی زۆری قوتابیان لە قوتابخانە حکومییەکان، ژینگەی تەندروست، شێوازی وانە وتنەوە و ئەو تەکنیکانەی کە مامۆستا بەکاری دێنێت لە قوتابخانە ناحکومییەکان وایکردووە خێزانەکان منداڵەکانیان ببەن بۆ قوتابخانەی ناحکومی، "هەموو دایک و باوکێک حەز دەکات منداڵەکەی لە باشترین قوتابخانە بخوێنێت، بۆیە ئەو خێزانانەی کە باری دارایان زۆر باشە منداڵەکانیان دەخەنە قوتابخانەی ناحکومی و ئەو خێزانانەشی باری داراییان باش نییە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان ببەن بۆ قوتابخانەی ناحکومی، لەبەر تەکنیکی باشی وانە وتنەوە لە قوتابخانە ناحکومییەکاندا".

 

"لە پۆلێکدا ٤٠ خوێنکار هەیە"

نەسرین ئەحمەد، باسی ژمارەی قوتابیان کرد و وتی: بە پێی تەکنیک و سیستەمی وانە وتنەوە دەبێت هەر پۆلێک ژمارەی قوتابیەکانی زیاتر نەبێت لە ٢٥ قوتابی، بەڵام قوتابخانە حکومییەکان ڕەچاوی ئەم خاڵە ناکەن، بەڵکو جاری واهەبووە لە پۆلێکدا ٤٠ قوتابی هەبووە بەهۆی کەمی ژمارەی بیناوە، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر فێربوونی وانە بۆ قوتابییەکان، لە کاتێکدا لە قوتابخانە ناحکومییەکان هەر پۆلێک لە ٢٥ قوتابی زیاتر وەرناگرێت."

 

هەروەها وتیشی: جگە لە قوتابخانە ناحکومییەکان جیاوازی هەیە لە نێوان قوتابخانە حکومییەکان خۆیاندا، هەندێک لە قوتابخانە حکومییەکان سیستەمی قوتابخانە ناحکومییەکان جێبەجێ دەکەن لە ژمارەی قوتابی و چەن بابەتێکی تر کە بەو قوتابخانانە دەڵین قوتابخانە حکومییە نمونەیەکان، زۆرجار خێزانەکان دەڵێن کە قوتابخانەی حکومی نمونەیی هەیە، بۆیە منداڵەکەم دەبەم بۆ ئەو قوتابخانەیە، کە وەرگرتنی خوێندکار لەو قوتابخانە بە پلەی حزبی دەبێت.

 

"هەندێک لە قوتابخانە ناحکومییەکان تەنها گەورە کراون"

نەسرین ئەحمەد، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لە قوتابخانە ناحکومییەکان تەنها گەورە کراون، چونکە هەندێک لە خێزانەکان دەڵێن هەرچەندە بڕە پارەیەکی زۆر دەدەین بە قوتابخانە ناحکومییەکان بەڵێنی زۆر بە قوتابییەکان دەدەن و نایبەنە سەر و منداڵەکانمان ناگەن بە ئامانجی خۆیان، هەروەها وتیشی: ئاستی ئابووری کاریگەری کردووەتەسەر کەرتی پەروەردە و جیاوازیەکەی قوڵتر کردووەتەوە، چونکە زۆرجار ئەو خێزانانەی منداڵەکانیان لە قوتابخانەی ناحکومین توانج دەدەن لەو خێزانانەی کە منداڵەکانیان لە قوتابخانەی حکومین، ئەمەش وادەکات پەیوەندی خزمایەتی و کۆمەڵایەتی کاڵ ببێتەوە.

 

"قوتابی هەیە تا ئێستا کتێبی وەرنەگرتووە"

نەسرین ئەحمەد باسی لە کەمتەرخەمی قوتابخانە حکومییەکان کرد و وتی: لە قوتابخانە حکومییەکان پێداویستیەکانی خوێندن بە یەکسانی دابەش ناکرێت، قوتابی وامان هەیە تا ئێستا کتێبی تازەی وەرنەگرتووە، بۆیە لەسەر کتێبی کۆن دەخوێنێت، لە کاتێکدا لە قوتابخانە ناحکومییەکاندا هەموو شتێکیان بۆ ڕێکخراوە لە هەموو پێداویستییەکانی خوێندن.

 

نەسرین ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، یەکێکی تر لە کەمتەرخەمییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە گرنگی بە مامۆستایانی قوتابخانە حکومییەکان نادرێت ئەگەر بە سوپاس نامەیەکیش بێت لەلایەن وەزیری خوێندنەوە یان لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکانەوە، ئەمەش وادەکات کە مامۆستا سارد بێتەوە لە وانە وتنەوە، هەرچەندە مامۆستای زۆر باش و کارامە هەیە و هەوڵی زۆریش دەدات و لە سەر گیرفانی خۆی کەموکورتیەکانی قوتابخانە پڕ دەکاتەوە، بەڵام سوپاسنامە و دەستخۆشی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە وا لە مامۆستای کەمتەرخەم دەکات کە زۆر دڵسۆز بێت بۆ پیشەکەی.

 

"قوتابخانەکان جیاوازی چینایەتیان زەق تر کردوەتەوە"

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەشکرد، جیاوازی چینایەتی هەر هەبووە بەڵام قوتابخانەی حکومی و ناحکومی زەقتری کردووەتەوە، چونکە تەکنیکی باشی مامۆستاکانیش لە قوتابخانە ناحکومییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە بەرامبەردا بڕە پارەیەکی زۆر وەردەگرن لە خێزانەکان بۆ فێرکردنی وانە بە قوتابییەکانیان، هەرچەندە لە کۆتایدا هەردوو قوتابخانەی حکومی و ناحکومی دەچنەوە سەر یەک ڕێگا لە پۆلی ١٢، خوێندکارانی قوتابخانە حکومییەکان پلەی بەرزتر بەدەستدەهێنن، بەڵام ئەم جیاوازییە هەر بەردەوام دەبێت لە زانکۆکانیشدا.

 

"کەمتەرخەمی خێزانەکان کاری کردوەتە سەر زیرەکی قوتابیان"

لە کۆتایدا نەسرین ئەحمەد دەڵێت: خێزانەکان لە قوتابخانە ناحکومییەکاندا هاوکاری مامۆستاکان دەبن، چونکە بڕە پارەیەکیان داوە نایانەوێت بەهەدەر بچێت، بەڵام لە قوتابخانە حکومییەکان زۆرجار بانگی خێزانەکان دەکەین بۆ قسەکردن لەسەر منداڵەکانیان، بەڵام خێزانەکان ئەمە پشتگوێ دەخەن، زۆر جار قوتابیەکە زیرەکە، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمی و کێشەی خێزانیتەوە دوادەکەوێت لە وانەکانیدا، لە قوتابخانە حکومییەکاندا قوتابی شەڕەنگێز و هێمنیش هەیە ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەرتی پەروەردە، پێویستە گرنگی بدرێت بە قوتابخانە حکومییەکان بەپێی پێویست بە ژینگەی قوتابخانەکان و مامۆستاکانیان و ڕێکخستنی سیمینار بۆیان، بۆئەوەی جیاوازی چینایەتی کەمتر بکرێتەوە، چونکە ئاماجی ئێمە بەرەوپێشبردنی تاکەکانی کۆمەڵگەیە.