ساڤە سامان: هیواخوازم ببمە دەروونناس

خاوەن پێداویستی تایبەت هەرچەندە بەشێکن لە کۆمەڵگە، بەڵام ئاستی هۆشیاری تاک نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی هۆشیارانە مامەڵەیان لەگەڵ بکەن، ساڤەش داوا دەکات ژنانی خاوەن پێداویستی گوێ بە هیچ نەدەن و تەنها چاویان لەسەر ئامانجەکەیان بێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ٣ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەت ناسراوە، مێژووی دیاریکردنی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ١٤ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٢ کە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم ڕۆژەیان دەستنیشانکرد.

 

٣ی کانوونی دووەم دیاریکرا بە بەو ئامانجەی مافی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەستەبەر بکرێت، لە هەموو کایە جیاوازەکانی وەک پەروەردە و تەندروستی و چەندینی دیکە خزمەتگوزاریان بۆ دابین بکرێت و هۆشیاری بەرامبەر کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە سەرجەم کایەکاندا زیاد بکرێت.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، بە نزیکەیی ١.٣ ملیار کەس لە جیهاندا خاوەن پێداویستی تایبەتن، واتە لە هەر شەش کەس و یەکێک خاوەن پێداویستی تایبەت، بە پێی ئامارەکان لە عێراقدا ٪١٢ی دانیشتوانەکەی خاوەن پێداویستی تایبەتن کە دەکاتە ٣ ملیۆن دانیشتوان.

 

بەربەست و ئاستەنگەکان بەشێکی سەرەکی ژیانی خاوەن پێداویستییەکانن

خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە ژیاندا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە، جیاوازیان دەکرێت لە هەندێک شوێن و کۆمەڵگە بە هۆی کەمی هۆشیارییەوە بە چاوی بەزەییەوە تەماشایان دەکات، بە جۆرێک ئاستەنگییەکان هێندە زۆر دەبن کە ڕێگریان لێدەکەن بۆ گەیشتن بە هیواکانیان، جگە لەوە، هەستێکیان لەلا دروستدەکەن کە جیاوازن لە کۆمەڵگە و کەسانی بێ دەسەڵاتن.

 

بەڵام چەندین نمونەی جیاواز هەن دەریدەکەن خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بە هەمان شێوەی کەسانی ئاسایی مافیان هەیە و توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ژیانیان هەیە، پێویست ناکات جیاکارییان بکرێت، بەڵکو ئەوان خاوەن ئیرادە و توانان، ساڤە سامان نمونەی یەکێکە لەو خاوەن پێداویستیانە.

 

"ئامانجم ئەوەی ببمە دەروونناس"

ساڤە سامان، تەمەنی ٢٠ ساڵە و لە باسی ژیانیدا بۆ نوژنها ئاماژەی بەوەکرد، لەو کاتەی هەستی بە ژیان و دەرووبەری کردووە درکی بەوە کردووە جیاوازە لە هاوڕێکانی، ئەویش بەهۆی ئەوەی هاوڕێکانی گەورە دەبوون، بەڵام ساڤە لەڕووی جەستەییەوە گەشەی نەدەکرد، ئەمەش وایکردبوو هەست بە ناڕەحەتی بکات و توانای خوێندنی کەمتر بێت.

 

ساڤە دەڵێت: دایکم پاڵپشتی دەکردم لە خوێندندا بە جۆرێک خۆم و جانتاکەشمی هەڵدەگرت و تەواوی ڕۆژەکە لە خوێندنگە چاوەڕێی دەکردم، بەو شێوەیەش توانیم بگەمە قۆناغی دوانزەی ئامادەیی"، لە ئێستادا ساڤە خوێندکارە و ڕۆژانە لەگەڵ خوشکەکەی دەچێتە شوێنی کارەکەی و هاوکاری دەکات، ئامانجیەتی لە ڕێی کاری خوشکەکەیەوە فێری کارکردن ببێت، هەروەها ساڤە ئامانجیەتی لە پاش تەواوکردنی قۆناغی خوێندنی قوتابخانە، بچێتە کۆلێژی دەروونناسی و ببێتە دەرووناسێکی سەرکەوتوو، بۆ ئەوەی بتوانێت ناخی هاوڵاتیان بخوێنێتەوە و هاوکاری کێشەکانیان بکات.

 

"پێویستە کۆمەڵگە زیاتر هۆشیار ببنەوە دەربارەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان"

ساڤە ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی تێڕوانینی کۆمەڵگە و لە ڕووی ژینگەییەوە هەمیشە ڕووبەڕووی قورسیی دەبنەوە، چونکە ژینگەکە گونجاو نییە بۆ دۆخی ئەوان، هەروەها هاوڵاتیانیش بە نەرێنی تەماشایان دەکەن و بە چاوی بەزەییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.

 

دەشڵێت: تێڕوانینی هاوڵاتیان لە ساڵانی ڕابردوو بەرامبەر خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە ئاستێکی خراپدابوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە کەمێک باشترە و هاوڵاتیان هۆشیار بوونەتەوە، بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییە".

 

ڕوونیشیکردەوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا قورساییەکان بۆ ژنان دەبنە دوو هێندە، بە جۆرێک ئەگەر خاوەن پێداویستی بیت و ژن بیت زیاتر قورسایی و تێڕوانینی نەرێنی خەڵکت لەسەر شانە، هەر بۆیە وتی: "بە گشتی خاوەن پێداویستییەکان و بەتایبەت ژنان هەر ڕێگری و قورساییەک هاتە بەردەمتان مەوەستن و بەردەوامبن لە ئامانجەکەتان".