پاش جیابوونەوەی هاوژینەکان، توندوتیژی پیاوان هەر بەردەوامە ... ١

ژنان لە ژێر فشاری کۆمەڵگە ناچار بە هاوسەرگیری دەکرێن، دواتر بەهۆی توندوتیژییەکانی ژیانی هاوژینییانەوە نائومێد دەبن، تەنانەت دوای جیابوونەوەشیان ڕێگری لە بینینی منداڵەکانیشیان دەکرێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- هەمووان لە دوورەوە ژنان دەبینن هەست بە باشیان دەکەن، بەجۆرێک لێیان دەڕوان وەک ئەوەی دەرگای کێشە و گرفتی دونیا بە ڕووی ئەواندا داخرابێت، تەواوی ژیان لە خزمەت ئەواندا دروستبووبێت، خودی ژیان و پیاوان تیایدا هەمیشە هەوڵدەدەن بۆ ڕاگرتنی دڵی ئەوان، بەڵام کەمێک بە وردی لە ڕووخساری هەر ژنێکی جیهان بە گشتی و ژنانی کورد بە تایبەت ورد ببیتەوە، درک بە ئازاری پشتی ئەو دەموچاوە بەهێزەیان دەکەیت.

 

لە ڕێی مامەڵە و ڕووکەشیانەوە ژنان هەموو ئازارەکانی ژیانیان پەردەپۆش کردووە، لە منداڵییەوە تا دەگاتە کۆتایی تەمەنیان ژنان لە هەوڵی ڕووبەڕووبونەوەی ئازارەکان و گرفتەکانی ژیانیاندان، بوونەتە قەڵغانێک بەرامبەر بەو چەقۆیانەی پیاوان لە پشتیان دەدەن.

 

زۆرێک پێیانوایە ئەو ژنانەی لە کاتی ژیانی هاوژینیدا کێشەوگرفتیان هەیە، ئەو ژنانەی تەواوی ڕۆژەکانیان بە توندوتیژی و لێدانی هاوژینەکانیان بەڕێدەکەن و تەنها بەهۆی قسەی کۆمەڵگە و بە خاتری منداڵەکانیان ماونەتەوە، ئەگەر دەستبەرداری هاوژینەکانیان ببن و جیاببنەوە چیتر دوور دەبن لە توندوتیژی، جەنگی دەروونی و هەڕەشەی پیاوان، بەڵام نازانن ئەقڵیەتی پیاوسالاری و موڵکایەتی لە کۆمەڵگەدا وەها ڕەگی خۆی داکوتاوە، کە ژنان پاش جیابوونەوەش توندوتیژی هاوژینەکانیانی پێشوویان وەک مۆتەکەیەک پێیانەوە دەلکێت.

 

ئەگەر بچینە چیرۆکی ژیانی ئەو ژنانەی لە هاوژینەکانیان جیابوونەتەوە درک بە ئەقڵیەتی کۆنەپەرست و دواکەتووی پیاوان دەکەین، کە بە چ شێوازێک لە بەرامبەر ژنەکانیان بەکاریدەهێنن، ئامانجیانە ژنان ژێردەستەبن و هێزی خۆیان بەسەریاندا زاڵ بکەن، بەڵام ئەوەی ژنانی هێشتووەتەوە ئەو ئیرادەیەیە کە لە ناخی ژندا بۆ بەرەنگاری هەیە، ئەو هێزەیە کە ژن لێوەی خولقاوە، بۆ هەتا هەتایە لە پێناویدا دەجەنگێت.

 

نمونەی ژنێکی بە ئیرادە و بەهێز

ساکار ناوی خوازراوی یەکێکە لەو ژنانەی لە کاتی هاوسەرگیریدا ستەمی لێکراوە و مافی پێشێلکراوە، بۆ نوژنها چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە، ساکار ماوەی ١٤ ساڵ هاوژینی پیاوێک بووە، سێ منداڵی هەیە، کە دوو کچ و کوڕێکن، ساکار ژیانی وەک هەر ژنێکی کۆمەڵگەی کوردی سەرقاڵی منداڵ بەخێوکردن و بەڕێوەبردنی ماڵ و هاوژینەکەی بووە، بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ هاوژینەکەی ژیانی بەرەو خراپتر بردووە.

 

لە پاش ١٤ ساڵ لە هاوسەرگیری هاوژینەکەی داوا دەکات ژنی دووەم بهێنێت، لەو کاتەی ساکار ڕەتی دەکاتەوە ژن بهێنێت، هاوژینەکەی دەکەوێتە لێدان و سوکایەتیکردن پێی، هەر بۆیە بە لێدان و هەڕەشە و چەوساندنەوە ساکار ڕازی دەکات ژن بهینێت، نەبوونی سەرچاوەیەکی داهات بۆ ساکار بەهۆی ئەوەی ژنی ماڵەوە بووە وایکرد ساکار لە هاوژینەکەی جیانەبێتەوە، کاتێک پیاوەکە ژن دەهێنێت تەنها چوار مانگ دەستگیرانی دەبێت و جیادەبێتەوە لێی، بەڵام بۆ جارێکی دیکە دووبارە ژن دەهێنێتەوە.

 

دوای ماوەیەک هاوژینەکەی ساکار کە موچەخۆر بووە، بەهۆی نەبوونی موچە و خراپی دۆخی ئابووریان ڕایگەیاندووە ناتوانێت دوو ژن لە دوو ماڵی جیاوازدا بەخێو بکات، بۆیە داوای کردووە بچنە یەک ماڵەوە.

 

لەوکاتەدا ساکار ڕەتی کردووەتەوە بچێتە یەک ماڵ لەگەڵ ژنێکی دیکەدا، هەر بۆیە کەوتووەتەوە لێدانی ساکار تا ڕازی ببێت و هەڕەشەی لێکردووە ئەگەر ڕازی نەبێت با لێی جیابێتەوە، هەربۆیە لە دوای چەندین لێدان و توندوتیژی ساکار بڕیاری جیابوونەوە دەدات.

 

کێشەکەیان لە دادگادا

دوای ئەوەی ساکار و هاوژینەکەی کێشەکەیان کەوتە دادگا بۆ ئەوەی جیاببنەوە، ساکار داوای کرد منداڵەکان بدرێتەوە بە خۆی تا بەخێویان بکات و خێزانەکەشی پاڵپشتیان دەکرد لە بەخێوکردنی منداڵەکانی، بەڵام هاوژینی پێشووی هەڕەشەی لە ساکار دەکرد بەوەی ئەگەر منداڵەکان شتێکیان بەسەردابێت، دەیکوژێت، یاخود دەبێت بڕی دە هەزار دۆلاری پێبدات.

 

هەرچەندە ساکار بە دادوەری ڕاگەیاندووە کە هەڕەشەی لێکردووە، بەڵام دادوەر تەنها وتویەتی ناتوانێت هیچ شتێک بکات، دڵنیاییان نەداوەتە ساکار بۆ سەلامەتی گیانی خۆی و منداڵەکانی، تەنها لێپێچینەوەیەکیشیان لە پیاوەکە نەکردووە دەربارەی هەڕەشەکەی، هەر بۆیە منداڵەکان درانەوە بە پیاوەکە و تەنها مافی بینین درایە ساکاری دایک.

 

ڕێگریان لە بینینی منداڵەکانی دەکرد

دوای ئەوەی منداڵەکان درایەوە بە پیاوەکە، نەیتوانی منداڵەکان بەخێو بکات و خەرجیان دابین بکات، بەڵکو باوک و دایکی پیاوەکە منداڵەکانیان بەخێودەکرد، ساکاریش لە پاش شەش مانگ هاوسەرگیرییەکی دیکەی  ئەنجام دایەوە.

 

ساکاری دایک بەهۆی ڕێگری هاوژینەکەی پێشوویەوە ماوەی دوو ساڵ منداڵەکانی نەبینی، بەڵام دواتر لە ڕێی سکاڵای یاساییەوە پیاوەکەی ناچار کرد لە بینی منداڵەکەی بێبەشی نەکات، بەڵام تەنها ساکار دوو منداڵی بینییەوە، ئەوانیش کوڕە ١٧ ساڵانەکەی و کچە ١٠ ساڵانەکەی بوو، چونکە پاش ٢١ ڕۆژ لە جیابوونەوەی دایک و باوکەکە، کچە گەورەکەی ساکار، کە ئەوکات لە قۆناغی ٨ی ناوەندی بوو، کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا.

 

دەربارەی مردنی منداڵەکەی هاوژینی ساکار دەیوت "ئیمە چووبوین بۆ نەخۆشخانە و ئەو لە ماڵەوە خۆی کشتبوو"، بەڵام ساکار باوەڕ بەمە ناکات، دەیوت کچەکەی من زیرەک بوو بەهۆی ئەوەی باوکی دەریهێناوە لە خوێندنگە، لەوانەیە نائومێد بووبێت، بەڵام هەرگیز خۆی ناکوژێت.

 

منداڵەکانی ترسێنرابوون دژی دایکیان

لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی ڕێگریان لە بینینی منداڵەکانی دەکرد، ساکار بە دزییەوە دەچوو بۆ خوێندنگەی منداڵەکانی لەپێناو بینینیان، بەڵام منداڵەکانی دەترسان لەوەی دایکیان ببینن، دەترسان لەوەی خوشکە گەورەکەیان مردووە، ئەمانیش بکوژرێن.

 

بەڵام دادوەر لە کۆتایدا ڕێگەی بە بینینی منداڵەکانی دا، لە ئێستادا کوڕە ١٧ ساڵانەکەی لە خوێندنگە دابڕاوە و کرێکاری دەکات، لە کۆتایدا ساکار وتی: "چاوەڕێم منداڵەکانم بگەنە ١٨ ساڵی و خۆیان بڕیاری ژیانی خۆیان بدەن، چونکە پەناگەی ئەوان لە ئێستادا تەنها داپیرە و باپیرەیانە".