هەوار محەمەد: ژنانی ڕۆژنامەنووس درێژەپێدەری ڕێبازی شەهیدانی قەڵەمن

بەخشینی خەڵاتی شەهیدی قەڵەم وەدات حسێن بە نەسرین حەسەن پەیامنێر لە شەنگال، ئەوەی دووپات کردەوە کە ڕۆژنامەنووسانی ژن درێژەپێدەری ڕێبازی شەهیدانن و پیشەکەیان دەکەن بە ئامڕازی نیشاندانی خەم و ئازاری کۆمەڵگەکەیان.

سلێمانی

 

مەراسیمی شەشەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، کە لە ئاژانسی ڕۆژنیوز لە شاری دهۆک وەک پەیامنێر کاری دەکرد و لە ١٣ی ئابی ٢٠١٦دا لەلایەن پەدەکەوە ڕفێندراو و بە برینداری فڕێدرا، دواتر لە نەخۆشخانە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا، لە مەراسیمەکەدا بۆ ئەمساڵ دوو خەڵاتی شەهیدی قەڵەم، وەدات حسێن بە ١٦ ڕۆژنامەنووسی باکووری کوردستان و نەسرین حەسەن پەیامنێری ئاژانسی نوژنها لە شەنگال بەخشرا.

 

هەر لە یادەکەدا نەسرین حەسەن بە نموونە وەرگیرا کە دوای ڕزگاربوونی لە دەستی چەتەکانی داعش لە شەنگال دەستی کردووە بە کاری ڕۆژنامەنووسی و لەو ڕێگەیەوە کاری بۆ خستنە ڕووی گیروگرفت و ئازارەکانی کۆمەڵگەی ئێزیدی لە شەنگال کردووە، دواتر لە چالاکییەکدا لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە بریندار دەکرێت و تا ئێستاش نەتوانراوە فیشکەکە لە قاچی دەربهێندرێت.

 

هەوار محەمەد، ڕۆژنامەنووس وبەشداربووی مەراسیمەکە باسی لە گرنگی ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسانی ژن کرد لە درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان و ڕێبازی شەهیدانی قەڵەم، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لە گرنگی ڕۆڵی ژنان کرد و وتی: بەخشینی خەڵاتی وەدات حسێن بە نەسرین حەسەن وەک ژنێک و ڕۆژنامەنووسێک گرنگی خۆی هەیە، لەبەر ئەوەی ئێمە شوێنکەوتەی ڕێبازی شەهیدانی قەڵەمین وەک شەهید وەدات، سۆرانی مامە حەمە، و زەردەشت عوسمان ئەوانەی کە خاوەنی بیری ئازاد بوون و کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگەیان خستووەتەڕوو و بەرامبەر گەندەڵییەکانی حکومەت و کپکردنی دەنگی ڕۆژنامەنووسان هاتونەتە دەنگ و قەڵەمەکانی خۆیان خستوەتە کار و تێکۆشانیان کردووە.

 

"بە ڕێگەی جیاواز مرۆڤ دەبێت بە ئەرکە ئەخلاقییەکانی هەستێت"

تێکۆشانی قەڵەم دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگی هەبێت هاوتەریب لەگەڵ تێکۆشانەکانی دیکەی کۆمەڵگە، هەوار محەمەد وتی: تێکۆشان لە بواری ڕۆژنامەوانییەوە بێت یان وەک چالاکوانی مەدەنی یاخود شۆڕش بە چەک بۆ کۆمەڵگە جیاوازی نییە کە خاوەنی ئامانجێک بن، ئەمە گرنگی خۆیی هەیە چونکە ئەو کەسە بەرامبەر کۆمەڵگە بە ئەرکی مرۆڤایەتی و ئەخلاقی خۆی هەستاوە و وەک پیشەکەی هەوڵی خزمەتکردنی داوە.

 

وەک ڕۆژنامەنووسێک باسی لەوەکرد ڕۆژنامەنووسان درێژەپێدەری ڕێبازی شەهیدان دەبن، "ئێمە وەک ڕۆژنامەنووسانی ژن گرنگە کە ڕێبازی شەهیدان بگرینەبەر، لە ئێستادا چالاکوانانی بادینان لە زیندان لە مانگرتندان، بۆیە پێویستە ئەمە بکرێتە ڕۆژەڤ لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە، چونکە کاتێک ڕۆژنامەنووسێک یان چالاکوانێک دەخرێتە زیندان دەبێت کۆمەڵگە لێی بێدەنگ نەبێت و خاوەنداریەتیان لێبکات".

 

هەوار محەمەد لە کۆتای قسەکانیدا داوای لە کۆمەڵگەی کوردستان کرد کە خاوەندارییەتی لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان بکەن و وتی: من وەک ڕۆژنامەنووسێک داوا لە کۆمەڵگەی کوردستان دەکەم خاوەندارییەتی لە زیندانیانی بادینان بکەن، چونکە ئەوان لە ئێستادا لە زیندانەکاندا بەرخۆدەدەن و مانیان گرتووە، بۆیە دەبێت ببێت بە خەم و ڕۆژەڤی ئێمە و لەسەری ڕاوەستە بکەین.