بە نزیکبوونەوە لە جەژن نرخی شتومەک بەرز دەبێتەوە

لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان کێشەی گرانی کاڵاکان لەناو بازاڕەکان دەستپێدەکات، لایەنی پەیوەندیدار دەڵێن کە ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخەکان دەکەن، بەڵام هاوڵاتیان باس لە گرانی شتومەک و نەبوونی چاودێری بازاڕەکان دەکەن، هۆکارەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی یاسا.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان و نزیکبوونەوە لە جەژن نرخی شتومەک و کاڵا لە بازاڕەکاندا زیاد دەکات، مانگی ڕەمەزان، مانگی خودپەروەردە کردن و زیادبوونی ڕۆحی هاوکاری و بەرپرسیارێتی بەرامبەر هەژارانە، بەڵام لای هەندێک مانگی فرۆشتنی کاڵای دوکانەکانیانە بە گرانتر و زیادکردنی ئەرکی سەر شانی هاوڵاتیانە، بەرز بوونەوەی نرخی شتومەک کە هەموو ساڵێک لە مانگی ڕەمەزاندا دووبارە دەبێتە ڕەخنەی لای هاوڵاتیان دروستکردووە.

 

سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی تایبەت بە گرانی شتومەک و کوالێتی خۆراکەکان بۆ نوژنها وتی: بەر لە مانگی ڕەمەزان لیژنەکانمان سەردانی بازاڕ و دوکانەکان دەکەن و چاودێری شتومەکەکان دەکەن، بۆ ئەوەی لە کاتی مانگی ڕەمەزان بۆمان دەربکەوێت کە ئایا شتومەک گران کراوە یاخود نا، ئەگەر دەرکەوت بەبێ هۆکار نرخی شتومەک گران کراوە هەڵدەستین بە داخستنی شوێنەکە، بەڵام ئەگەر کاڵاکان خۆیان بە گران هاوردە کرابێتن وەک ئارد و ڕۆن ناتوانین هیچ هەڵوێستێک بنوێنین، چونکە بەرهەمی خۆماڵیمان نییە.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەندێک بەرهەمی دروستکراو وەک شیرینی، ناتوانن چاودێری نرخەکەی بکەن و لە هەموو جێیەک وەک یەکتر بێت، چونکە لە دروستکردنیدا بەپێی کوالێتییەکەی نرخەکەی دەگۆڕێت، وتیشی دەبێت خەڵک بزانن کە ئەگەر کاڵایەک گرانبووبێت هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی گواستەنەوەی کاڵاکان و هاوردەکردنیانە، "لە پێشە جەژندا، زیاتر چاودێرییەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە گرانبوونی نرخی شتومەک بکەین، بەڵام خەڵکی ڕاهاتوون بڵێن شتومەک گران بووە".

 

"فرۆشیاران مانگی ڕەمەزان وەک دەرفەتێک بۆ گرانی شتومەک بەکاردەهێنن"

هەرچەندە وتەی بەڕێوەبەری ژووری بازرگانی ڕەتیدەکاتەوە کاڵاکان گران بووبن، بەڵام هاوڵاتیان دڵنیایی لە گرانبوونی شتومەک دەدەن و ناڕەزایی دەردەبڕن دەربارەی دۆخی ناوبازاڕەکان.

 

ڕۆزا عەبدوڵا، باسی لەوەکرد خەڵک مانگی ڕەمەزان وەک دەرفەتێک بەکاردەهێنێت، زیاتر نرخی شتومەک بەرز دەکەنەوە، چونکە دەزانن خواستی زۆر لەسەرە و پێویستییەتی، "مانگی ڕەمەزان مانگێکە پێویستە فرۆشیاران ئاگاداری دۆخی هەژاران بن تیایدا و لایەنی پەیوەندیدار نرخی شتومەک بە هەرزانتر بهێنن بۆ ئەوەی زۆرترین کەس سودمەند بێت، بەڵام ئەوەی بەدی دەکرێت لەناو بازاڕەکاندا هەر دوکانێک بە دڵی خۆی نرخی داناوە."

 

لە کۆتایدا وتی "لە هەموو بۆنەیەکی باشوری کوردستاندا بەهۆی حکومەت و نەبوونی دەسەڵات باجەکەی خەڵکی هەژار دەیدات".

 

"نەبوونی موچە دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی خراپتر کردووە"

هەتاو محەمەد، دەربارەی گرانی شتومەک وتی: "لە هەموو کاڵایەکدا گرانی شتومەک بەدی دەکرێت، هۆکارەکەی نەبوونی چاودێرە و هەریەکە و بە جۆرێک نرخ دادەنێن"، باسی لەوەشکرد ئەگەر چاودێر هەبێت و فرۆشیاران سزابدرێن، ناتوانن نرخی شتومەک زیاد بکەن بەڵام کە دەیکەن واتە چاودێر نییە و دواتر خەڵکە هەژارەکە زەرەرمەند دەبێت.

 

"کاتێک کاڵاکان بە گران هاوردە بکرێن، دووکاندارەکانیش بە گران دەیدەن"

گەلاوێژ حەمەساڵح، لە قسەکانیدا ڕوونیکردەوە دۆخی خەڵکی لە ئاستێکی خراپدایە و کاڵاکان تا بێت نرخیان زیاد دەبێت، بە جارێک خەڵک ڕووبەڕووی هەژاری و نەبوونی موچە و کۆمەڵێک قەیرانی دیکە بووەتەوە، "ڕاستە دوکاندارەکان کاڵاکانیان گران کردووە، بەڵام هۆکارەکەی گرانبوونیەتی لە بنچینەوە و بووەتە هۆکار بۆ خراپبوونی دۆخی ژیانی هاوڵاتیان".

 

"نەبوونی یاسا هۆکاری گرانی بازاڕە"

نیان فایەق، هاوڵاتییەکە و ئاماژەی بەوەدا کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بووەتە هۆکار بۆ گرانبوونی شتومەک، بەڵام بەو جۆرەش نییە جیاوازی هەبێت لە پێش مانگی ڕەمەزان و مانگی ڕەمەزاندا، یاخود فرۆشیارەکان بە ویستی خۆیان نرخ دابنێن و هیچ لایەنێک چاودێری نەکات بەسەریانەوە، ئەوەشی دەڵێت چاودێری هەیە با بێتە ناو بازاڕ و خۆی لە نرخی شتومەکەکان بپرسێت.

 

دەربارەی ئەو فرۆشیارانەی بە بیانووی کوالێتی کاڵاکانیانەوە نرخ بەرز دەکەنەوە وتی: "کوالێتی زۆرینەی کاڵاکان وەک یەکن بە جۆرێک پارچەیەک جل بەشی دووجار شتن ناکات، هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخەش نەبوونی یاسایە.".