جگە لە کوشتن؛ هەڕەشە و توندوتیژییەکان تا دێت زیاد دەکەن

هەموو مانگێک ژمارەیەک لە ژنان ژیانیان دەکەوێتە مەترسی و بەر هەڕەشەی کوشتنەوە، ئەم مانگەش چوار ژن کوژراون و دوو تۆمەتباری هەڕەشەی سەر ژنانیش دەستگیر کران.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتنی ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەڵکشاندایە، نەک تەنها کوشتنی ژنان بەڵکو هەڕەشە و توندوتیژییەکانی سەریان زیادی کردووە، لە ئێستادا هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ترساندنی ژنانیش بووەتە بەشێک لە مەترسیەکانی سەر ژیانی ژنان، سەرتاپای ئەم کردەوانەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و بیرکردنەوەی چەق بەستووی کۆمەڵگە.

 

هیچ لایەنێک خۆی ناکاتە بەرپرسیار بۆ کەمکردنەوەی ئەم حاڵەتانە، بەڵکو یاساش لە جێبەجێ کردندا پاڵپشتی تاوانبارانە، خودی کۆمەڵگەش لەڕێگەی پەروەردە و هۆشیارکردنەوەی خۆیانەوە کار ناکەن بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی کوشتن و توندوتیژی، بەشێک لە ڕێکخراوەکانیش تەنها بۆ هەبوونی بەرژەوەندی خۆیان کار دەکەن و نەبوونەتە زمانحاڵی ڕاستەقینەی مافەکانی ژنان.

 

ڕووداوەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان، بە ڕاست و دروستی بڵاوناکرێنەوە و ئەوەی لە میدیادا ڕادەگەیەنرێت، بەشێکی کەمی حاڵەتەکانە، کە لە نادیاردا توندوتیژی دژی ژنان زۆر زیاترە، بەڵام باس ناکرێت، ئەو حاڵەتانەی لە میدیادا بڵاوکراونەتەوە و نوژنها وەک ئامار کۆی کردووەتەوە، بەمشێوەیەیە؛

 

سلێمانی

لە بەرواری ١ی حوزەیران لە شوقەکانی گوڵی شار لە شاری سلێمانی، تەرمی ژنێک بە هەڵواسراوی لە شوقەکەی خۆی دۆزرایەوە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە، ڕوداوەکە خۆکوژی بووە، هەروەها بەپێی زانیاریەکان ژنەکە تەمەنی لەنێوان ٢٧-٣٠ ساڵ بووە، هاوسەرگیری کردووە، بەڵام جیابووەتەوە و لەگەڵ دوو کوڕی ژیاوە.

 

سۆران

لە بەرواری ٤ی حوزەیران، ژنێکی گەنج کە خوێندکاری زانکۆی سۆرانە لە نهۆمی چوارەمی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆکەوە خۆی هەڵدایە خوارەوە، ئەو ژنە گەنجە خوێندکاری قۆناغی دووەمە لە زانکۆی سۆران، بە سەختی بریندار ببوو.

 

سلێمانی

لە بەرواری ١٨ی حوزەیران، ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای تۆمارکردنی سکاڵایه‌كی یاسایی لەسەر تۆمەتبارێک کە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ تایبەتییەکانی لە ژنێك کردبوو، دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکرد.


ڕوونیشی کردەوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لە ماوەیەکی کەمدا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە، تۆمەتبار "یـ، غ، ح" له‌دایكبووی‌ ١٩٨٧ دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

 

هەولێر

شەوی ١٩ی حوزەیران، لە گەڕەکی گوڵانی شاری هەولێر پیاوێک بە چەکەوە چووەتە سەر ماڵی باوکی هاوژینەکەی و دەستڕێژی گولـلەی کردووە، بەهۆیەوە هاوژینەکەی کوشت و خوشکی هاوژینەکەشی بریندار کرد.

 

ئەو ژنەی کوژراوە، ناوی ئەڤین ڕەمەزانە و ٢٠ ساڵە، تەنیا چوار مانگ بوو هاوسەرگیری کردبوو، خوشکەکەشی دلڤین ڕەمەزانی ١٦ ساڵ، کە قوتابی پۆلی ٧ی بنەڕەتی بوو، دوای بریندار بوونی گەیەندرابووە نەخۆشخانە و قاچێکی بڕابووەوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەی گیانی لەدەستدا.

 

سلێمانی

ڕۆژی ٢٥ی حوزەیران، تۆمەتبارێك بە ناوی (د.ب.ع) تەمەن ٣٥ ساڵ کە خەڵكی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە، بەناوی هەلی كارەوە كۆمپانیایەكی داناوە لە سلێمانی، پاشان دەستدرێژی دەكاتە سەر دوو ژنی گەنج و بڕێك پارەشیان لێ وەردەگرێت.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، دوێنێ ٢٥ی حوزەیران، ژنە گەنجەکان سەردانی نوسینگەی(ڕۆژهەڵات)ی سەر بەبەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان‌و خێزانیان كرد  بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا.

 

ئەوەش ڕاگەیەندراوە، پاش تۆمارکردنی سکاڵا دەستبەجێ بەفەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی توندوتیژی خێزانی، تۆمەتبار دەستگیركراو بەپێی ماددەی (۳۹۳) لەسەر فەرمانی دادوەر ڕاگیراوە.