نۆژەنکردنەوەی ڕێگایەک دێرینی ناوچەیەکی گەشتیاری لەناودەبات

نۆژەنکردنەوەی ڕێگای سەرچاوەی زەڵم و سەیرانگای ئەحمەد ئاوا نیگەرانی لای هاوڵاتیان دروستکردووە، چونکە بەشێک لە دێرینی ماڵ و شوێنە گشتییەکان لەناودەچێت، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجەش دەڵێت: جێبەجێکردنی نۆژەنکردنەوەکە بە کارێکی گرنگ دەزانین.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- سەرچاوەی ئاوی زەڵم و سەیرانگای ئەحمەد ئاوا یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکانی سەر بە شارەدێی خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە، ساڵانە بەهۆی هاتوچۆی زۆری هاوڵاتیانەوە ئاستەنگ لە هاتوچۆدا دروستدەبێت، بەهۆی ئەوەی یەکێک لە ڕێگەکانی لە شاخەوە بۆی دەچێت و ڕێگەی دیکەی چوونە سەرچاوەکە لە ڕێی گوندی زەڵمەوەیە و شەقامەکان باریک و خراپن.

 

لە ئێستادا کاری چاککردن و نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکە ئەنجام دەدرێت، بەڵام بەشێک لە خانووە بەردینەکان و مزگەوتە دێرینەکانی ناوچەکە بەر نۆژەنکردنەوەکە دەکەوێت و دەبێتە هۆی لەناوچوونیان، ئەمەش نیگەرانی لای هاوڵاتیان دروستکردووە و پێیان وایە، کارەکە کولتوور و ڕەسەنایەتی هەورامان لەناودەبات.

 

ئەوەی لە دیمەنەکەدا دیارە ڕووخاندنی بەشێک لە ڕێگای سەرەکی سەرچاوەی ئاوی زەڵم و سەیرانگای ئەحمەد ئاوایە، کە نزیکەی ٦ خانوو و مزگەوتێکن و میژوویان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ١٠٠ ساڵ، کە خەڵک بە دەستی خۆیان بنیادیان ناوە، بەڕای گەشتیاران جگە لە هەوای سازگار، جوانی سروشت و گوندەکە دیمەنی سەرنجڕاکێشی بەخشیوەتە ناوچەکە، بەڵام بەهۆی فراوانکردنی ڕێگەکەوە ئەو دیمەنانە بۆ گەشتیاران نامێنن و لەناودەچن.

 

چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بۆ نوژنها دوا و وتی: ئەمە پرۆژەیەکە و بە گرنگی دەزانین کە کەرتی گەشتوگوزاری لە ئەحمد ئاوا پەرەی پێبدرێت و بۆ ئەوەش پێویستە ئەو ماڵانە لاببرێت، کە بەشێکیان قەرەبووی داراییان بۆ کراوەتەوە و بەشێکی دیکەیان لە جێبەجێکردن دایە، لەم قۆناغەشدا شەقامەکە فراوان دەکرێت و دیواری ڕاگر و هۆکارەکانی سەلامەتی هاوڵاتیان جێبەجێ دەکرێت.

 

پڕۆژەی فراوانکردنی ڕێگاکە دوو لایەنە و حکومەت بە گرنگی دەزانێت، چونکە بەسەرچاوەی داهاتی دادەنێت، بەڵام هاوڵاتیان نیگەرانن، چونکە بە لەناوبردنی بەشێک لە کولتوور و کەلەپوری ناوچەکەی دەبینن.