"دەیانوت دەزری لە منداڵە ٢١ ڕۆژەکەم دەدەن، ئەگەر مردیش با وەک هەموو مردووان بێت"

چیرۆکەکانی هەڵەبجە بە هەزارانن و نە گێرانەوەیان و نە زامەکەیان ساڕێژ نابێت، ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، دایکێک باس لە چیرۆکی خۆی و منداڵە ٢١ ڕۆژەکەی دەکات لەناو بۆردومان و کیمیاباراندا.

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- ئەمڕۆ ١٦ی ئادار، ٣٤ ساڵ بەسەر کیمیابارانی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، سەرەڕای تێپەڕینی ٣٤ ساڵ بەڵام تراژیدیای خولەکی کیمیابارانەکە و ڕووداوەکان لەبەر چاوی هەڵەبجەییەکان کۆتایی نایەت، یەکێک لەو چیرۆکانەش ئەمیرە و منداڵە ٢١ ڕۆژەکەیەتی.

 

ئەمیرە فەتاح کیکاوس، دایکی چوار کچ بووە، کچە بچوکەکەی ٢١ ڕۆژ بووە، بەرەبەیانی ١٦ی ئادار هێرش دەکرێتە سەر هەڵەبجە و وەک ئەمیرە فەتاح دەڵێت، بە ڕاجیمە لێیان دەدرێت، هەموو خەڵک بەرەو ژێرزەمینەکان ڕادەکەن، بەشێک لە دایکان بۆ هێنانی پێداویستی بۆ منداڵەکانیان لە ژێر زەمینەکان دێنە دەرەوە و خواردن ئامادە دەکەن، ئەمیرە فەتاح لە گێڕانەوەی ئادەوەرییەکانیدا باس لەوەدەکات فڕۆکەیەکی زۆر بە ئاسمانی هەڵەبجەوە دەسوڕایەوە، کاتێک کەسێک لەژێر زەمینەکەدا دەرچووایە هێرشی دەکرایە سەر.

 

کاتژمێر دوو هەڵەبجە کیمیاباران کرا

بە پێی وتەی ئەمیرە فەتاح پێیان ڕاگەیەندراوە کە هەڵەبجە کیمیاباران دەکرێت و پێویستە شار چۆڵبکرێت، "ئێمە نەمان دەزانی بەرەو کوێ بڕۆین، خەڵک پێی وتین کە پێویستە بەرەو گوندی هاوار و سنوری ئێران بەڕێبکەوین"، ئەمیرە فەتاح باس لەوەدەکات کە بەڕێکەوتوون لە گوندی سەرکەن، تراکتۆریک تەرمیان هەڵڕشت، کاتێک پرسیاریان کردووە، لە وەڵامدا پێیان وتراوە کە بەرچەکی کیمیایی کەوتوون و دەخرێتە گۆڕی بە کۆمەڵەوە

 

منداڵە ٢١ ڕۆژەکەم دەستی بەڕشانەوە کرد

ئەمیرە فەتاح وتی: لە ڕێگە منداڵە ٢١ ڕۆژەکەم دەڕشایەوە، پاسدارانی ئێران ڕێگەیان گرت و وتیان منداڵەکەت چیەتی؟، وتم دەڕشێتەوە، نەمهێشت دەرزی لێبەن چونکە دەیانگوت قەیچێکا ئەگەر مرد وەک ئەو هەمووەی مردووە، پاشان لە ڕاکردن بەردەوام بووین لە هاوار بۆ دەرەتوێ و شێخان و پاشان بۆ ئۆردوگای سنغور، بە ئازارێکی زۆر گەشتین تاوەکو لە ئۆردوگای سنغورد نیشتەجێ بووین.

 

"لە ڕێگە توشی ژنێک بووین کە منداڵی دەبوو"

بەسەرهاتەکانی ئەمیرە فەتاح زۆر کاریگەرن و جگە لە ئاوارەبوون، چەندین یادگاری ناخۆش بە بیریاندا دێتەوە، دەڵێت: لە ڕێگە ژنێکم بینی هاواری دەکرد یارمەتیم بدەن منداڵم دەبێت، بەڵام کەس هاوکاری نەکرد، بۆیە بە بەرد ناوکیم بری و جل و بەتانی منداڵە ٢١ ڕۆژەکەمم پێدا.

 

پاش ئەوەی حکومەتی عێراق بڕیاری گەڕانەوە بۆ هاوڵاتیانی هەڵەبجە دەردەکات، خێزانی ئەمیرە دەڵێن زۆر بە ئەستەم و ناڕەحەتی زیلێکی عەسکەری هات و پاش دە ڕۆژ لە چاوەڕوانی گەڕاینەوە، "گەراندیانینەوە بۆ عەربەت، دواتر ناردیانین بۆ باینجان و پاشان گردەچال و بەرحوشتر".

 

"کیمیای تەنها جەستەمانی بریندار نەکرد، بەڵکو عەقڵی تێکدابووین"

ئەمیرە فەتاح، تراژیدیای ئەو دیمەنانە دەگێڕێتەوە و باس لەوەدەکات کە گازەکان جۆریان هەبووە، "ئەو گازەی بەر ئێمە کەوت جەستەی بریندار کردین، بەڵام کۆمەڵێک کەسمان دەبینی خۆیان فڕی دەدا و منداڵەکانیان فڕێ دەدا، هەبوو هەر پێدەکەنی، یاخود بەردەوام دەگریا چونکە گازەکان کاریگەری لەسەر مێشکمان دەکرد".

 

پێویستە دەسەڵات کار بۆ گەنجەکانمان بکات و هەڵەبجە ئاوەدان ببێتەوە

ئەمیرە فەتاح باس لەوەدەکات هەڵەبجە بەردەوام لە ڕاکردندا بووە تاوەکو ساڵی ١٩٩١ دواتر گەڕانەتەوە، لە ڕاپەڕینەکەشدا ئاوارە بوونەتەوە، بۆیە پێویستە ئێستا خزمەت بە هەڵەبجە بکرێت.

 

چیرۆکی ئەمیرەکان بەردەوامن و لە ژماردن نایەن، بەردەوام برینیان لە نوێ بوونەوەدایە، لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨دا هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی ژەهراوی کرا، تاوەکو ئێستاش هاوڵاتیان بە ئازارەوە دەژین.

 

 

ت.پ