"لە زۆربەی پەندەکاندا ڕوانگەیەکی پیاوسالاری زاڵە"

سەمیە محەمەدی دەڵێت: ئەو پەندانەی لە ئەدەبیاتی فۆلکلۆری ئێمەدا هەن، هەموویان یەک تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە، ئەویش بە کەم سەیرکردنی ژنە و زۆرێک لەو پەندانە ژنانیان خستووەتە دوو توێژی ژنی باش و ژنی خراپ.

ئاگرین حسێنی

 

دیواندەرە- پەندەکان بەشێکن لە ئەدەبیاتی زارەکی، تیایدا پیاوان لە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەرزتر لە ژنان وێنا دەکرێن و وەها دادەنرێت کە پیاوان توانای هزری و دەرونییان زیاترە لە ژنان. لەم پەندانەدا ڕەچەڵەک هێڵی باوکایەتییە، پەندەکانی هەر کۆمەڵگەیەک ڕەنگدانەوەی زۆرێک لە ڕاستینەی کولتووری و بیروباوەڕی کۆمەڵایەتی و عەقڵیەتی دامەزراوەیی ئەو کۆمەڵگەیەن، کە گوزارشت لە تێڕوانینە هەڵەکانی ڕەگەزی سەبارەت بە ژن دەکەن.

 

لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەم بەشە لە ئەدەبیاتی فۆلکلۆری کوردی و فارسی ڕەگەزییە و زۆربەی پەندەکان دیدێکی پیاوسالارییان هەیە و ئایدیالی کۆمەڵگەی پیاوسالاریش بۆ ژنان دامەزراوەیی کراون.

 

سەمیە محەمەدی، شارەزای زمان و ئەدەب و چالاکوانی مەدەنی، باسی لەوەکرد، پەندەکان بەشێکن لە ئەدەبیاتی زارەکی کە لە هەموو زمان و کولتوورێکدا بوونیان هەیە، "ڕۆژانە زۆرێک لەو پەندانە دەبیستین و ڕاهاتووین بە بیستنیان، بە تایبەت ئەو پەندانەی کە لە ئەدەبیاتی باو و تەنانەت فۆلکلۆری ئێمەدا بوونیان هەیە، هەموویان یەک تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە، ئەویش بە کەم سەیرکردنی ژنە، ئەو پەندانەی کە لەبارەی ژنەوە وتراوە، ژنیان خستۆتە دوو بەشەوە، ئەوانیش ژنی باش و ژنی خراپ.

 

سەمیە محەمەدی ئاماژەی بەوەدا، لە ئاوێنەی پەندەکاندا، ژنی باش و شایستە، ژنێکە لە ماڵەوە بمێنێتەوە، لە چاوی غەریبەکان شاراوە بێت، پاک و خاوێن، پارێزەری خێزان، بە بەرهەم، دڵسۆز، جوان، بێگەرد و سەرچاوەی دڵخۆشی و بەختەوەری بێت بۆ هاوژینەکەی، لە لایەکی ترەوە ژنی خراپ بە دۆزەخ دادەنرێت کە پیاو پیر دەکات، لاواز و خۆخۆر و ناشرین و بێ بەرهەم و بێ وەفا و هتد بێت، زۆرێک لەم پەندانە لایەنگری ڕەگەزییان هەیە و دەست دەدەنە جۆرێک لە نوێنەرایەتیکردنی ڕەگەزی، وەک ئەم پەندانەی خوارەوە؛

 

"ژن تا منداڵی نەبێت خۆشەویستە، کە منداڵی بوو دایکە

ژنێکی گەنجی باشە، بەڵام بەداخەوە منداڵێکی کچێکی هەیە

لەگەڵ سەد پیاو بڕۆ بۆ دۆزەخ، بەڵام لەگەڵ یەک ژن مەڕۆ بۆ بەهەشت

ژن شەیتانە

ژن کەم عەقڵە

هەموو بەڵاکان لە ژێر سەری ژندان

ئەسپ دەم بەستی دەوێت، ژن لێدان

کە ژن گەشتە ٢٠ ساڵ دەبێت بۆ حاڵی خۆی بگری

سێبەری پیاوێک لە سێبەری دیوار باشترە.

لە کاتی ناسینی ژندا، قامچی لەبیر مەکە"

 

"لە کۆمەڵگە نەریتییەکان پیاوان بە سوکایەتیکردن ژنان تۆڵەی لاوازی خۆیان دەکەنەوە"

سەمیە محەمەدی سەبارەت بە توندوتیژیی زارەکی و پەندە ڕەگەزییەکان دەڵێت: توندوتیژیی زارەکی لەسەر بنەمای دابەشبوونی ڕەگەزی لە پەند و شیعرە کلاسیکییەکان و ئەدەبیاتی باو و حیکایەت و ئامۆژگارییەکانی کۆمەڵگە باوەکاندا بوونی هەیە، ئەوان نموونەی ڕوونی توندوتیژی دژی ژنانن، بەکارهێنانی پەندی ڕەگەزی لە ئەدەبیاتی ڕۆژانەدا لە کولتوورێکەوە بۆ کولتوورێکی تر جیاوازە، لە کۆمەڵگە نەریتییەکان پیاوان بە سوکایەتیکردن بە ژنان تۆڵەی بێتوانایی خۆیان دەکەنەوە، ئەو سووکایەتییە قێزەونانەی کە باون بە گشتی لە دەوری پەروەردەکردنی پەیوەندی سێکسی دەسوڕێنەوە و کاریگەرییان لەسەر تایبەتمەندی سۆزداری ژنان هەیە، بە بڕوای من ژنان خۆیان بەشدارییەکی بەرچاویان هەیە لە مانەوەی ئەم وێرانکارییە زارەکی و کولتوورییانەدا. کەواتە، تاکە ڕێگە کە ژنان دەتوانن هەڵوێستی سووکایەتیکردن بەرامبەر بە خۆیان کەم بکەنەوە، بەهێزبوون و بەدەستهێنانی لێهاتووییە.

 

"بە درێژایی مێژوو ڕوانگەیەکی دادپەروەرانە بۆ ژنان نەبووە"

سەمیح محەمەدی لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات، کاتێک لە هەندێک پەندی فارسی دەکۆڵنەوە، دەردەکەوێت کە بە درێژایی مێژوو تێڕوانینێکی دادپەروەرانە بۆ ژنان نەبووە، وشە یان ڕستەی وەک "خاڵە زەناک"، "لاواز"، "وەک کچان دەگری"، "بەڵێنی پیاو"، "ئەم ژنە پیاوێکە بۆ خۆی" و...هتد، لەو چەشنە کۆنەپەرستانەن کە ژنان لە لەدایکبوونەوە دەیبیستن و دەیسەپێنن بەسەریاندا، وتیشی: چەشنە چەقبەستووەکان کە ڕاستەوخۆ و هەندێکجاریش ناڕاستەوخۆ ئاماژەن بۆ سوکایەتیکردن بە ژن و مێینەیی و ساڵانێکە لە زمان و گفتوگۆدا بەکارهێنراون و بەرهەم دەهێنرێنەوە، تەنانەت لەلایەن خودی ژنانیشەوە. بەداخەوە لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا کە هۆشیاری ڕەگەزی کەم بێت، مرۆڤەکان هەوڵ دەدەن خۆیان لەگەڵ ڕەگەزدا بناسێنن و ئەو پرسەی کە پشتگوێ دەخرێت، مرۆڤ بوونە.