کچانی ئێران شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" زیندوو ڕادەگرن

تابان ز.، دوای کەمبوونەوەی توندی ناڕەزایەتییەکان دەستی کردووە بە نووسینی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لەسەر دیوارەکان و دەڵێت: شۆڕش بەردەوامە، لە هەر شوێنێک هاتوچۆی زۆر بێت، لەسەر دیوار و بەرد و ڕێگاکانی دەنووسم، بۆ ئەوەی کاروانی شۆڕش بەردەوام بێت.

ژۆنا ئەردەلان

 

سنە- سەرەڕای سەرکوتی حکومەتی ئێران لە دژی ئەو کچ و ژنانەی پێشەنگایەتی ڕاپەڕینیان کردووە، بەڵام هێشتا ناڕەزایەتی و چالاکییە مەدەنیەکانیان بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامی پێدەدەن، ئەو کچانەی خۆیان بە پێشەنگی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" دەزانن، هەموو دەرفەتێک دەقۆزنەوە بۆ پێشکەوتنی شۆڕش.

 

تابان ز. وتی: من دەمەوێت لەسەر هەموو دیوارەکانی دونیا "ژن، ژیان، ئازادی" بنووسم، چونکە باوەڕم وایە ئەگەر شتێک بنووسین ئەوا بەدەستی دەهێنین، بۆیە بەردەوام دەبم لە نووسین تا ئامانجی شۆڕشەکەمان بەدی دێت، باوەڕم بە شۆڕشی ژینا ئەمینی هەیە، چونکە ئازادی پێبەخشیم، من لە ئازادییەکی تەواو و دوور لە سنووردارکردنی کۆماری ئیسلامیدا دەژیم، گەیشتوومەتە ئازادی بیرکردنەوە، کەسیش ناتوانێت لێم زەوت بکات.

 

تابان باسی لەوەشکرد، لە ماوەی ٣٥ ساڵی ڕابردوودا تەنها حکومەت و خێزان و کۆمەڵگە هەبوون و ژنان هەمیشە پشتگوێ دەخران، "لە کۆتاییدا ژنان لە شۆڕشی ژینا ئەمینیدا خۆیان بۆ هەموو جیهان سەلماند، کاتێکی باشتر لە ئێستا چییە بۆ لەباوبردنی پیاوسالاری؟ منیش بەڵێنم بە خۆم دا کە تا دەژیم لەم ڕێگایە پاشەکشە ناکەم و تەسلیمی دیلێتی کۆمەڵگە و حکومەت نابم"

 

لە کۆتاییدا وتیشی: ئێمە لە ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی نزیک دەبینەوە، فشارەکان زیاترە لە پێشوو، پۆلیسی ئەخلاقی گەڕاوەتەوە دژی ژنان، ئەمە ئەو خاڵەیە کە دەبێت لێدانی کۆتایی لێبدەین،من دەزانم خەڵک ناڕەزایەتی دەردەبڕن و لە هەموو گۆشەیەکەوە گوێمان لە ناڕەزایەتیەکەیان دەبێت، بەڵام بە بۆچوونی من پێویستە ناڕەزایەتییەکان یەکبخەین بۆ ڕزگارکردنی هەموو کۆمەڵگە.