"ئەو پایەی باوەڕییە دەلەرزێنم کە تەنها لەسەر حیجابی من وەستاوە"

ئێمە دژی حیجابی ناچاری و تێڕوانینی ژنکوژی کۆمەڵگەی پیاوسالاری دەجەنگین، چونکە یەکسانی ژن و پیاو لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا ئاستی بەرزی ئازادییە.

ئاگرین حسێنی

 

سنە- ڕژێمی ئێران بە ئامرازێکی کۆنترۆڵکردن بە ناوی حیجابی ناچاری هەوڵ دەدات ژنان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا پشتگوێ بخات، بەڵام داواکارییەکانی ژنان زۆر لە ئازادی پۆشین گەورەترە، کە حیجاب بەشێکە دەبێت ژنان بڕیاری لەسەر بدەن، نەک ڕژێم و پیاوسالاری ئیسلامی. لە بەرامبەردا ژنان بە دوای گەیشتن بە مافی خۆیان، واتە کۆتایی بە تێڕوانینی ژنکوژی لە کۆمەڵگە و ئازادیدا دەگەڕێن.

 

ج. ع. ژنێکە دژی حیجابی ئیجبارییە، لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: حیجابی ژنان خاڵی لاوازی کۆماری ئیسلامییە و بناغەی ئەو حکومەتەی کە بە یەک تاڵ لە قژمان دەلەرزێت، بە زووترین کات لەناودەچێت، ساڵانێکی زۆرە ئێمەی ژنان دژی حیجابی ناچاری، بە شێوەی گاڵتەئامێز، ناڕەزایەتی، گفتوگۆ و بەرخۆدانی مەدەنی و هەزاران شێوەی دیکە هاوار دەکەین، بەڵام ئەمڕۆ بە لەبەرچاوگرتنی ڕێبازی شەڕانگێزی سیستەمی ئیسلامی، پێویستە سەرلەنوێ قسەی لەسەر بکرێتەوە و بڵێین "نا"، پێویستە گفتوگۆیەکی تر دەست پێبکرێت، ڕژێم بڕیاری دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆری ژنانی لەسەر شەقام و لە کۆمپانیا تایبەتەکان دا و لە فەرمانگەکاندا دەریکردن و سەرپێچی و دابین نەکردنی خزمەتگوزاری بەسەریاندا سەپێنرا.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا: ژنان دەستپێشخەری شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بوون، ئێمەش ئەو پایە باوەڕییە دەلەرزێنین کە تەنها لەسەر حیجابی ئێمە دامەزراوە، چونکە یەکسانی ژن و پیاو لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا پێوەری پلەی ئازادییە، ئایا بەڕاستی هەموو کێشەکانمان لە قژی دوو ئافرەتدا کورت دەکرێنەوە؟ ئایا هیچ کارێکی تر لە وڵاتدا نییە؟ ئەم شۆڕشە شەڕی پیاوسالاری و چەندین نەریت و قەدەغەی دژە ژنانە و لە لوتکەی ئامانجەکانی دایە، یەکەمین شۆڕشە کە هەڵاواردنی جێندەری و هەڵاواردنی گشتی لە هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەتدەکاتەوە و بەدوای کۆمەڵگەیەکی مرۆڤیی بێ جیاکاری دەگەڕێت.