سۆشیال میدیا چەکی توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنووسانی ژنە

تێروانینی کۆمەڵگە، زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، سۆشیال میدیا و کار نەکردن بە یاسای پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسی وایکردووە ڕۆژانە پێشێلکاری ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان و بەتایبەت توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنووسی ژن ئەنجام بدرێت.

شیرین ساڵح

 

گەرمیان- سەرەڕای هەبوونی یاسای پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ئاستی پێویستدا کار بە یاساکە ناکرێت، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێشێلکاری و توندوتیژی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێت و لەکاتێکدا یاساکە قەدەغەی کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا، بەپێی ئاماری سەنتەری میترۆ ٤٣١ پێشێلکاری بەرامبەر ٣٠١ ڕۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، کە زۆربەی پێشێلکارییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و هێزی نەناسراوەوە بووە.

 

هاوکات بەپێی ئاماری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ٧٣ پێشێلکاری بەرامبەر ١٥٨ ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە، لەو ژمارەیە ١٥٤یان لە ڕەگەزى نێرن و چوارى دیکەشیان لە ڕەگەزى مێن، ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکانیش ڕاپۆرتی ساڵانەی پێشێلکاری دژ بە ڕۆژنامەنووسانی بڵاوکردەوە و بەپێی ڕاپۆرتەکە ساڵی ڕابردوو-٢٠٢٢ لە هەرێمی کوردستان ٢٥٩ پێشلکاری بەرامبەر بە ٣٩٩ ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە، لەناویاندا ٢٣ ڕۆژنامەنوونی ژنن، ئەگەرچی لە ژمارەکاندا جیاوازییەکی بەرچاو دەبینرێت، بەڵام هەمووان دۆخی باشووری کوردستان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنامەنووسی ژن دەردەخەن.

 

زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و کۆنەپارێزی کۆمەڵگەش هۆکارێکی ترە کە توندوتیژی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان بکرێت، بەتایبەت ڕۆژنامەنووسی ژن، سروە کەریم، ڕۆژنامەنووس لە سنوری گەرمیان، باسی لە پێشێلکاریەکانی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنووسی ژن و بەرزبونەوەی ئامارەکان کرد، کە ساڵ بەساڵ توندوتیژیەکان زیاد دەکات.

 

"تێڕوانینی کۆمەڵگە وایکردووە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بکرێت لە کارکردندا"

سروە کەریم ئاماژەی بەوەکرد، کە توندوتیژیەکان زۆرن و جیاوازن و لە هەموو ئاستێکدا توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان هەیە، ڕۆژنامەنووسانیش دانەبڕاون لە پێشێلکاری بە تایبەت ڕۆژنامەنووسی ژن کە لە شوێنی جیاواز و بەشێوەی جیاواز توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، بەڵام ئەمە ئەوەش ناگەیەنێت کە لە هەموو شوێنێک هەیە بەڵکو ڕێژەییە، بەهۆی تێڕوانینی کۆمەڵگەوە جیاوازی دەکرێت لە نێوان ژن و پیاودا کە وادەزانن کاری ڕۆژنامەنووسی تەنها بۆ پیاو کراوە، ئەم تێڕوانینەش وا دەکات ژنان لە شوێنی کارەکەی خۆیاندا بچەوسێنرێنەوە و بە کەسی پلە دوو سەیر بکرێن، ببێتە هۆی توندوتیژی جەستەی و دەروونی بەرامبەر ژنان.

 

"پیاوان پێیان قبوڵ ناکرێت ژنان بەتواناتر بن لە کاری ڕۆژنامەنووسیدا"

سروە کەریم ئەوەشی خستەڕوو، کە پیاوان هۆکارێکی ترن بۆ توندوتیژی دژی ژنان لە کارکردندا، بە تایبەت کاری ڕۆژنامەنووسی، چونکە پێیان قبوڵ ناکرێت کە ژنان بەتواناتر بن لە پیاوان، پێیانوایە کە دەبێت دەرفەتەکان زیاتر بە پیاوان بدرێت و ژنان زیاتر بۆ ئیشە کۆمەڵایەتییەکان کرابن، وەک مامۆستایی یان پزیشکی نەک بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی، ئەمە لە هەندێک میدیاکانیش ڕەنگی داوەتەوە و زیاتر بابەتەکانی کات بەسەربردن دەدەن بە ژنان و بابەتە جدیەکان دەدەن بە پیاوان، لە هەمانکاتیشدا لە هەندێک میدیای تر ئازادی تەواو دراوە بە ژنان، بۆیە ژنانی ڕۆژنامەنووس دەبێت ئاگایان لەوەبێت کە تەنها بۆ ئەوەی ببێت بە ڕۆژنامەنووس هەموو شتێک قبوڵ نەکات، بەڵکو دەبێت بزانێت کە لە چی دەزگایەک و لەسەر چی بابەتێک کار دەکات.

 

"هەموو ڕۆژنامەنووسێک دوور نیە ڕووبەڕووی پێشێلکاری ببێتەوە"

سروە کەریم ڕوونی کردەوە کە هەندێک لە میدیاکان تا ڕادەیەک نەیانتوانیوە پارێزگاری لە ڕۆژنامەنووسەکانی خۆیان بکەن، هەندێکجار دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کاتێک ڕۆژنامەنووسەکە دەچێتە خۆپیشاندانێک ئەو کەرەستە و کەلوپەلانەی داویانە پێی، دەبێت پارێزگاری لێبکات کە زۆر جار دەبێتە هۆی ئەوەی زیان بە ڕۆژنامەنووسەکە بگەیەنێت.

 

هاروەها وتیشی: زیاتر پەیامنێرە مەیدانییەکان بە تایبەتی ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، چونکە زۆر جار نازانن ئەو شوێنەی بۆی دەچن چی جۆرە کەسێکی لێیە، بەڵام پێشکەشکارەکان و ئەوانەی لەناو میدیاکەدا کار دەکەن کەمتر ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە، چونکە شوێنی دەزگاکە پارێزراوترە، بەڵام ئەوەش ناگەیەنێت کە هیچ پێشێلکاریەک ڕووبەڕووی ئەو کەسانە نابنەوە کە ناڕۆنە دەرەوە لە دەزگاکان.

 

"ئەرکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانە پارێزگاری لە ڕۆژنامەنووس بکات"

سروە کەریم ئاماژەی بەوەشکرد، پێشێلکاریەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە زیاتر بەربڵاو دەبێت، چونکە ڕێگەیەکی ئاسانە و هەرکەسێک بیەوێت دەتوانێت لە ژێر هەر ناوێکدا بێت بەکاریبهێنێت، لەم بوارەدا زیاتر ڕۆژنامەنووسانی ژن زەرەر مەند دەبن و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.

 

"هەرکەسێک بیەوێت کاری ڕۆژنامەنووسی بکات، دەبێت سەرەتا ڕێکەوتنێک هەبێت لە نێوان ئەو کەسە و دەزگاکەدا و بە مەرجەکانی یەکتر ڕازی ببن، ئەرکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانە مافی هەموو ڕۆژنامەنووسێک بپارێزێت لە هەر شارێک بێت، ئەگەر تووشی کێشەیەک بوو لەگەڵ دەزگاکەیدا، هەروەها دابونەریت ڕێگری دەکات لە ژنان لە هەڵبژاردنی ئەو کارەی دەیانەوێت، هەر ژنێک بیەوێت کار بکات لە دەرەوە سەرەتا لەلایەن خێزانەکەی خۆیەوە ئاستەنگی دێتە ڕێگەی، دواتر دەوروبەر و کۆمەڵگە، بەڵام ژنان نابێت کۆڵ بدەن و دەبێت پشت بە توانا و ئیرادەی خۆیان ببەستن، ژنان بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە کارکردن دەبێت ئامانجێکیان هەبێت و بۆ ئەو ئامانجە هەوڵ بدەن.

 

"لە هەرێمی کوردستان کار بە یاسای پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسی ناکرێت"

سروە کەریم جەختی کردەوە هەرچەندە یاسای پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسی هەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی باش کاری پێ ناکرێت بە هەردوو یاساکەوە، لە نێوان شارەکاندا جیاوازیەکی ڕوون دەبینرێت لە نێوان ڕۆژنامەنووساندا، بە تایبەتی لە دادگاکاندا، کە پەنا دەبرێتە بەر یاساکانی عێراق و بەو یاسایانە کار دەکەن، نەک بە یاساکانی هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش نیگەرانی دروستکردووە و گیروگرفتی زۆری لێدەکەوێتەوە و سەر دەکێشێت بۆ ئەوەی، ئەو ڕۆژنامەنووسەی کەیسێکی لەسەرە بە شێوەیەکی تر مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و پێشێلکاری زیاتری ڕووبەڕوو ببێتەوە.