کۆمەڵەی ئەمەل هیوای ژیان بۆ ژنان و منداڵان بنیاد دەنێت

لیلاڤ حسێن، بەڕێوبەری کۆمەڵەی ئەمەل وتی: کۆمەڵەی ئەمەل بۆ ئەو ژن و منداڵانەی کە بوونەتە قوربانی جەنگ، پەروەردە و هاوکاری پێشکەش دەکات.

ڤیان ئامەد

 

قامیشلۆ- ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە سەرکەوتنی شۆڕشی ژنان ژیانیان ڕێکدەخەن و خەبات دەکەن، بەڵام دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و هاوپەیمانەکانی ڕۆژانە هێرش دەکەنەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا زۆرترین زیان بە ژنان و منداڵانی دانیشتووی هەرێمەکە گەیشتووە، لەژێر چەتری شۆڕشی ژناندا، ژنان چەندین دامودەزگا و دامەزراوە دروستدەکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری جەنگ لەسەر ژیان و کۆمەڵگە، یەکێک لە پرۆژەکان کۆمەڵەی ئەمەلە کە بۆ پاراستنی ژنان و منداڵانی زیان لێکەوتووی جەنگ دامەزراوە.

 

لیلاڤ حسێن، بەڕێوبەری کۆمەڵەی ئەمەل باسی لە کاریگەری شەڕ لەسەر ژنان و منداڵان کرد و وتی: ئامانجی سەرەکیمان پاراستنی ئەو ژن و منداڵانەیە کە لە شەڕدا بوونەتە قوربانی، لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی داعشدا چەندین کەسی گیانیان لەدەستدا و سەدان ژن و منداڵیش زیانی جەستەیی زۆریان بەرکەوتووە، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ژیانی ئەو ژن و منداڵانە دروستبووە کە قوربانی جەنگن، زۆربەیان بنەمایەکن بۆ کۆمەڵگەیەکی نەخۆش، بۆیە ئێمە گرنگیمان بەم بابەتە داوە و دەستمان بە پرۆژەکەمان کردووە.

 

"کۆمەڵەی ئەمەل بە ئیرادەی ژنان دامەزرا"

لیلاڤ حسێن لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد بەهۆی تێڕوانینی پیاوانەوە دەسەڵاتی ژنان دەچەوسێنرێتەوە، بەڵام ژنان دەتوانن بە توانای خۆیان هەموو کارێک بکەن و وتی: ئەنجامەکانی تری جەنگ زەرەری ئابوورین، بۆیە ئێمە وەک کۆمەڵەی ئەمەل هەوڵماندا لەم ڕێگەیەوە یارمەتی ژنان بدەین بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان دابین بکەین، تا ئێستا هەندێک ژن هەن کە لەژێر کاریگەری پیاوسالاریدان، ئەمەش دەبێتە هۆی بێ متمانەیی و تێکشکانی زۆر لە کەسایەتی ژناندا بەهۆی تێڕوانینی کۆمەڵگە و کۆنەپارێزییەوە. زۆرێک لەژنان بێبەشن لەبوارەکانی ژیان، هەوڵدەدەین خۆمان بگەیەنینە هەموو ئەو ژنانەی کە قوربانی جەنگن تا دەرفەتی ژیانیان بۆ بڕەخسێنین، کۆمەڵەی ئەمەل بە ئیرادەی ژنان دامەزرا و بۆ بەهێزکردنی ژنان دەجەنگێت.

 

"پێویستە ژنان بەهێز بن و بتوانن ژیانی خۆیان بەڕێوەببەن"

لیلاڤ حسێن، وتیشی: کاتێک ژنان هێزی نهێنی خۆیان دەردەخەن و دەتوانن بۆ بەڕێوەبردنی ژیانیان بەکاریبهێنن، سەرکەوتن مسۆگەر دەکەن و دەتوانن بژێوی ژیانیان دابینبکەن، بڕیار بدەن کە متمانە و هێزی زۆریان بۆ دروستبکات، لە ناو کۆمەڵەی ئەمەلدا، هاوڕێیەتی و هێزێکی بەهێزی ژنان سەریهەڵداوە و دەبێتە ورە بۆ ئەوەی ئێمە لەسەر پێی خۆمان بهێڵێتەوە، هێزێکی بەهێزی نهێنی و بەهێزی ژنان هەیە کاتێک ژنان ئیرادەیان هەبێت، دەتوانن هەموو شتێک بەدەستبهێنن.

 

"زەحمەتی ژیان بۆ ئێمە بووە ئەزمون"

لە کۆتایی قسەکانیدا، لیلاڤ حسێن پڕۆژەی داهاتووی بۆ ژنان و منداڵان ئاشکرا کرد و وتی: کۆمەڵەی ئەمەل سەنتەری پەروەردەیی بۆ هەردوو ژن و منداڵ دامەزراندووە، ڕاهێنانی زمان و کۆمپیوتەر بۆ منداڵان کرایەوە، هەروەها جێگایەکی بۆ ژنان کردووەتەوە کە جلوبەرگ و کاری دەستی ئامادە بکەن، هەرچەندە سەرەتا زەحمەتی لە گروپەکەماندا هەبوو، بەڵام هەموو ئەو گرفتانە گۆڕدران بۆ ئەزموونی ژیان، ئێمە وەک کۆمەڵەی ئەمەل بۆ ئەو ژن و منداڵانە دەبین کە لە شەڕدا بوونە قوربانی، داواکاری ئێمە لە ڕێکخراوە مرۆییەکان و خێرخوازییەکان ئەوەیە کە پشتیوانی لە منداڵان و ژنانی قوربانی بکەن.