قورسی ژیان و بیرکردنەوەی کۆمەڵگە کاریکردووەتە سەر دەروونی ژنان

ڕۆژانە ژن ڕووبەڕووی کێشە و توندوتیژی جۆراوجۆر دەبێتەوە، قورسی ژیان، خراپی باری ئابووری و هەبوونی ئەرکێکی زۆر لەسەر شانی ژنان وایکردووە زیاتر کاریگەر بن بە کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام توانیویانە خۆیان بپارێزن  و ڕێگەچارەسەری بدۆزنەوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- کێشە خێزانی و تاکە کەسییەکان کاریگەری کردووەتە سەر کۆمەڵگە و دەروونی مرۆڤەکان، هەندێک لەو کەسانەی ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە دەتوانن بەسەریدا زاڵبن و ناکەونە ژێر کاریگەرییەکانییەوە، بەڵام هەندێک بە پێچەوانەوە تەواو دەکەونە ژێر کاریگەری کێشەکان، زۆرینەی ئەوانەی دەکەونە ژێر کاریگەری کێشەکان ژنانن، چونکە پەروەردەی خێزان و ئەقڵیەتی کۆمەڵگە وایکردووە هەمیشە پیاوان لە بەرامبەر کێشەکان خۆیان بەهێزتر دەربخەن، بۆیە پێیان وایە ژن زیاتر کاریگەر دەبێت.

 

"ژنان زیاتر دەکەونە ژێر کاریگەری کێشەکان"

لەمبارەیەوە شۆخان عەبدولخالق، چارەسەرکاری دەروونی، هۆکاری کێشەکان و کاریگەربوونیان لەسەر ڕەگەزە جیاوازەکانی ڕوونکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کاتێک باس لە کێشەی خێزان دەکرێت، ڕاستەوخۆ توندوتیژی دێت بە مێشکی هەموو تاکێکدا، مەرج نییە کێشەی خێزانی توندوتیژی بێت بۆسەر ژنان، بەڵام کاتێک دەڵێین کێشەی خێزانی کاریگەری خراپی هەیە بۆ سەر ژنان، بێگومان مەبەستمان لە توندوتیژییە، کە ئەمەش دیاردەیەکی گشتییە و تایبەت نییە بە چینێکی خێزان و کلتوورێکەوە، ئەنجامدانی ڕەفتارێکی نەشیاوە بەرامبەر بە یەکتر کە کۆمەڵێک پاڵنەر و زیانی هەیە.

 

ڕاستە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و پیاوانیش دەکرێت بەڵام ژنان زیاتر کاریگەر دەبن پێی، لەم بارەیەوە ئەو چارەسەرکارە وتی "ژن و پیاو هەردووکیان دەکەونە ژێر کاریگەری کێشەکان، بەڵام ژنان زیاترن، چونکە ژن زیاتر هەستەکانی دەردەبڕێت ڕەنگە پیاوانیش بە ئەندازەی ژنان کاریگەر ببن بەڵام دەرینابڕن، کاتێک ژنێک درک بە کێشەیەک دەکات زیاتر بیری لێدەکاتەوە، ژنە باج زیاتر دەدات، چونکە دایکە و خاوەن کۆمەڵێک بەرپرسیارێتییە کە ڕەنگە پیاوان لەسەر شانیان نەبێت بۆیە کاریگەر دەبن".

 

باسی لەوەشکرد، لە ئەقڵەیەتی کۆمەڵگەی کوردیدا وەها دادەنرێت کە پیاوان توانا و هێزیان زیاترە لە بەرامبەر ژناندا، هەبوونی هێز بەو مانایە نا کە لەبەرامبەر ژندا بەکاریبهێنن، وەک ئەوەی ئێستا پیاوان بەکاریدەهێنن.

 

"چەندین هۆکار هەن بوونەتە هۆی خراپبوونی دەروونی ژنان"

شۆخان عەبدولخالق خستیەڕوو، بەشێوەیەکی گشتی ئەوەی باس دەکرێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە ڕۆژانە چەندین ژن خۆی دەکوژێت و توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، هەموو بەهۆی ئەو بارە دەروونییە نائاساییەوەیە کە ژنان و پیاوانی تێدایە بۆیە لە ئێستادا ژنان و پیاوان باری دەروونیان تەندروست نییە بە تایبەت ژنان، جگە لەم هۆکارانە هەبوونی قەیران، خراپی باری ئابووری هاوڵاتیان بووەتە هۆکارێکی دیکە بۆ خراپبوونی دەروونی مرۆڤەکان.

 

"زیاتر ئەو لایەنانەی کار دەکەنە سەر دەروونی ژنان بریتین لە، کێشەی خێزانی و توندوتیژی کۆمەڵگە، کە کار دەکەنە سەر دروستبوونی خەمۆکی لە ژناندا، هەروەها کێشەی خواردن و خەو دروست دەکەن، وای لێدەکەن هەست بە ئارامی دەروونی نەکات، هەرچەندە هۆکارەکان زۆرن بۆ ئەوەی ژنان لە ڕووی دەروونیەوە کاریگەر بن، بەڵام هێشتا ناتوانرێت بڵێین کە تەنها ژنان، بەڵکو ژن و پیاو هەردووکیان دەکەونە ژێر کاریگەری کارەسات و کێشەکان، ئەمەش پشت بە حاڵەتەکان دەبەستێت".

 

"لە منداڵییەوە بێدەنگ کراوین بۆیە لە گەورەبوونماندا کاریگەری نەرێنی دروستدەکات"

لە درێژەی قسەکانیدا شۆخان وتی" "هەڵگرتنی کۆمەڵێک قسە و ئەو ڕووداوانەی ڕووبەڕوویان دەبینەوە کە لە منداڵییەوە بەو جۆرە ڕاهێنراوین قسەی دڵمان نەکەین و کێشەکان لە دڵماندا بمێنێتەوە، وایکردووە بارگرانی بۆسەر تاک دروست ببێت و دواجار کار بکات لە سەر دەروونی"، هۆکاری ئەمەی بۆ خراپی پەروەردە گەڕاندەوە کە ڕێگە نادەن قسەی ناخیان بکەن لە منداڵییەوە، جگە لە خراپی پەروەردە سۆشیاڵ میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی کرد بە هۆکارێک بۆ نا تەندروستی دەروونی.

 

"جێگای دڵخۆشییە، لە ئێستادا ئەگەر تاک نەیەوێت لە ناو خێزانیشدا باسی کێشەکانی بکات سەردانی چارەسەرکار و پزیشکانی دەروونی دەکەن، بەڵام هێشتا لە ئاستێکی کەمدایە و دەکرێت زیاتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ڕوو لە چارەسەرکاران بکەن و بە عەیبەی نەزانن وەک ئەوەی لە کۆمەڵگەدا باوە ئەوەی سەردانی پزیشکی دەروونی بکات شەرمە"، بە پێویستیشی دەزانێت پێش چارەسەرکاری دەروونی خێزانەکان پاڵپشتی یەکتر بکەن و ئاگاداری کێشەکانی یەکتر بن، ببنە پشتیوانێک بۆ یەکتری.

 

"ئەرکی قورسی سەر ژنان بووەتە هۆی بارگرانی دەروونیان"

ئەو چارەسەرکارە لە درێژەی قسەکانی دەڵێت، ژنان لە ئێستادا دەستێکی کارن لەناو کۆمەڵگەدا، بە شێوەیەکی گشتی ژن لە زۆربەی بواردا کار دەکات، کە ئەمەش پێشکەوتنێکە بە بەراورد بە ساڵەکانی دیکە، بەڵام هەندێک کات ئەم پێشکەوتنە دەبێتە کاریگەری نەرێنی بۆسەر ژنان، چونکە کاری دەرەوە و ماڵیشەوە دەکات و پیاو هاوکاری ناکات، دواجار دەبێتە بارگرانی بۆسەر جەستە و دەروونی، بەڵام ژنان نەوەستاون لە بڕوابەخۆبوونیان و بەردەوامن لە کارکردنی خۆیان، لە هەندێک حاڵەتدا ژن لە زۆربوونی ئەو فشارانە دەکەوێتە حاڵەتێکی دەروونی خراپەوە.

 

چۆن ڕێگە بگرین لەوەی کێشەکان کاریگەریمان لێبکات؟

لە وەڵامدا شۆخان عەبدولخالق وتی: بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەک و تاکی تەندروست بەرهەمبهێندرێت سەرەتا پێویستە ڕۆڵ و گرنگی خێزان بخرێتە ناو سیستمی پەروەردە و فێرکردنەوە، بۆ ئەوەی تاکە جیاوازەکان توانای قبوڵکردنی یەکتریان هەبێت، کێشەی یەکتر کەم بکەنەوە، جگە لە سیستمی پەروەردە، ڕێکخستنی سیستمی خەو، خۆراک، وەرزشکردن، هەروەها  پێویستە تاک گرنگی بە خودی خۆی بدات بە تایبەت ژنان، هەرگیز خۆیان بە کەم نەزانن و لە بەشێکی ژیانیاندا جێنەمێنن، بەڵکو پێیان وابێت توانایەکیان هەیە کە ڕەنگە لە کەسێکی دیکەدا بوونی نەبێت، هەوڵ بدرێت مرۆڤ بە خاڵە بچوکەکانی ژیانی دەستبکات بە دەستەبەرکردنی دڵخۆشی دواتر هەوڵ بدات بۆ ئامانجە گەورەکانی.