"ڕاگەیاندن بەرپرسیارە لە زیادبوونی توندوتیژیەکان"
چالاکوانانی شاری هەڵەبجە باس لە کاریگەرییەکانی ڕاگەیاندن لەسەر زیادبوونی توندوتیژییەکان دەکەن و دەڵێن: ڕاگەیاندن کاریگەری لەسەر شێواندنی کۆمەڵگە و خێزان و زیادبوونی توندوتیژییەکان هەیە.
هەڵەبجە
ساڵ بە ساڵ توندوتیژیەکان ڕوو لە زیادبوونە و ساڵانەش لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا، چالاکوانان بە چالاکی و سیمینار و خستەڕووی پێشنیار هەوڵی هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگە دەدەن بەرامبەر بە ماف و بوونی ژنان، چالاکوانان پێیان وایە کە ڕاگەیەندن چەندە ڕۆڵی باش دەبینێت لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ناساندنی یاساکانی توندوتیژی، بەهەمان شێوە رۆڵی هەیە لە پیشاندانی شێوازەکانی توندوتیژی.
پەخشکردنی دراما بیانییەکان هۆکارن بۆ زیادبوونی توندوتیژی
گوڵستان محەمەد، بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤ لە هەڵەبجە وتی: کاتێک باس لە ڕاگەیاندن دەکەین ڕۆڵێکی دوو لایەنەی هەیە، هەندیکیان خزمەت بە ژن و کۆمەڵگە دەکەن و هەندێکیشیان زەرەر و زیانن بۆ خیزان و شیرازە و یەکرێزی کۆمەڵگەی کوردی.
گوڵستان محەمەد باس لە زیانەکانی پەخشکردنی دراما بیانییەکان لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەکات و دەڵێت: پەخشکردنی هەندێک دراما لە کەناڵەکان وادەکات شتە خراپەکان دووبارە بکرێنەوە و کاریگەری لەسەر نەوەی نوێ دەبێت، هۆکارەکانی خۆکوشتن لە دراماکاندا بە ئاشکرا پیشان دەدرێت، ئەمەش وا دەکات گەنجەکانمان دووبارەی بکەنەوە، خاڵیکی تر کە هەمیشە مایەی تیڕامانە سەرجەم هەواڵە گەرمەکان لە کاتژمێر هەشت دانراوە، کە کاتی کۆبوونەوەی خێزانە، بۆیە ناتوانین هەواڵەکان کە توندوتیژی تیایە دووربخەینەوە لە چاوی گەنجان و ڕێگاکان نادیار بن.
گوڵستان محەمەد باسی لەوەشکرد، کە پێویستە ڕاگەیاندن کار لەسەر ئەوە بکات کە باری دەروونی بینەرەکانی ئارام بکاتەوە بە پیشاندانی دیمەنی جیاواز لە توندوتیژی، پێویستە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش چاودێرییان لەسەر دابنرێت، چونکە پیشاندانی هەموو بابەتێک بێ چاودێرییە و کاریگەری لەسەر زیادبوونی توندوتیژی هەیە، لە هەمان کاتدا دەتوانرێت ڕاگەیاندنەکان ڕاویژکاریان هەبێت بۆ ئەوەی ئەو بابەتانەی پەخش دەکرێت سانسۆریان هەبێت، نەك زۆر و بۆر بن.
ڕاگەیاندن دەتوانێت هۆشیارییەکان بڵاوبکاتەوە
شەهێن عومەر، توێژەری دەروونی باس لەوە دەکات، کە ڕاگەیاندنەکان ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە کەمبوونەوەی توندوتیژی و بەشێکیان توانیویانە پەیامی ڕاست و دروست بگەیەنن، وتیشی: چونکە میدیا دەتوانێت دەگاتە هەموو ماڵێک بۆیە دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و هەموو لایەک دەتوانن لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە پەیام بگەیەنێت بە مەبەستی کەمبوونەوەی توندوتیژی.