"چەند جار شاهیدی ئەوە بووم کە خەڵک لە بازگەکاندا لێیان دەدرێت"

وەستان و پشکنین لە دەروازە و دەرچوونی شارەکانی کوردستان بە هاوکاری سوپای پاسداران و هێزەکانی بەردەوامە،  هاوڵاتیانیش ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە.

هیما راد

 

سنە- ئەو بازگانەی کە لە سەرەتای شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ەوە لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی لە دەروازە و دەرچوونەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دامەزراون، تا ئێستاش بوونیان هەیە، زۆربەی ئەو کەسانەی لەم بازگانەدا کاردەکەن خوار تەمەنی ١٨ ساڵین و ڕەنگە بەهۆی هەژاری و بێکاری و لەبەر پێویستی ئەم مەرجانەیان قبوڵ کردبێت.

 

زۆرێک لە ژنان گلەیی لە سووکایەتیکردنیان لەو بازگانە دەکەن، بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنییەی کە لە شارەکانی کوردستاندا زاڵ بووە و بەهۆی میلیتاریزەکردنیەوە، ناتوانن ڕووبەڕووی ئەو سووکایەتیانە ببنەوە.

 

"بە زەبری چەک و هێز ڕووبەڕوو دەبوونەوە"

سومەییە " ناوێکی خوازراوە و یەکێکە لەو ژنانەی کە چەندین جار لە ناوچەی بەهارانی سنە لە بازگەکاندا وەستێنراوە و بە بێ ڕێزی پێکردنەوە گەڕێندراوەتەوە و سندوقی ئۆتۆمبێلەکە و ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکەی پشکنراوە، وتی: لە یەکێک لە شوقەکان دەژیم کە دەکەوێتە بەهاران، هەندێک شەویش کە دەگەڕامەوە ماڵەوە، ڕایاندەگرتم و بەبێ هیچ هۆکارێک ئۆتۆمبێلەکەمیان دەپشکنی، سەرەتا دەترسام بپرسم، بەڵام دواتر پرسیم تۆ بەدوای چیدا دەگەڕێیت، من هیچ شتێکی گوماناویم نییە، بەڵام بە بێ ڕێزیەوە وەڵامیان دامەوە، "قسە مەکە خانم، ئێمە ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین، ئەگەر بەرەنگاریش ببوومایەتەوە، بە دڵنیاییەوە لێیان دەدام، بەڵام هەموو جارێک دەموت کە کێشە بۆخۆم دروستنەکەم.

 

"جارێکیان بینیم یەکێک لە خەڵکی دەوروبەری کامیاران لەلایەن ئەوانەوە لێی دەدرێت"

سیروان " ناوی خوازراو" کەسێکی دیکە کە لە کامیارانەوە بۆ سنە زۆر هاتووچۆ دەکات، دەڵێت: وەستان و پشکنین بەردەوامە و زۆرجاریش ڕامدەگرن و بەڵگەنامەکانم دەپشکنن و لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا دەگەڕێن، هەرچەندە دەزانم هیچ شتێکم نییە کە کێشە دروستبکات، بەڵام ئەوەندە فشاریان بۆ دروستکردووم.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: جارێکیان شاهیدی یەکێک لە دانیشتووانی کامیاران بووم کە لەلایەن ئەوانەوە لێی دەدرا، ئەو لە لای جوتیارێک کاری دەکرد و دەچووە باخەکەی خۆی، لە پشتی ئۆتۆمبێلەکەدا کەرەستەی کشتوکاڵی و پەیوەندیدار بە زەوییەوە هەبوو دەستیان بەسەر ئامێرەکانیدا گرت و لێیان دا، لەکاتێکدا لە دەموچاوی دیار و ئاشنابوو، من چەندین جار شاهیدی ئەو جۆرە دیمەنانە بووم و ویستم بچم بۆ یارمەتی، بەڵام من بە مامەڵە توندەکانیانەوە ڕێگریم لێکرا.

 

"بەهۆی بەرهەڵستی کردنمەوە، کاتژمێرێک ڕایانگرتم"

ن.ف.، ژنێکی دیکەی خەڵکی سنەیە دەڵێت: لە سەفەرەکەماندا بۆ مەریوان چەند جارێک وەستاندیانین بۆ ئەوەی پشکنینمان بۆ بکرێت، هەر جارێکیش دەهاتمە خوارەوە و دەموت ئەمە چییە؟ ئێمە ئارامیمان نەماوە لە شارەکەی خۆمان، جارێکیان بەهۆی بەرهەڵستییەکانمەوە نەیانهێشت بۆ ماوەی کاتژمێرێک بڕۆم، هەرچەندە ئێمە ئیتر چێژ لە هیچ شتێک وەرناگرین، بەڵام ئەگەر بمانەوێت بچینە سەفەرێک بۆ گۆڕینی باری دەروونیمان، دەبێت ئاگادار بین لەوەی هیچ شتێکمان لەگەڵدا نەبێت کە کێشەمان بۆ دروستبکات، منداڵەکانیشم دەترسن دەروونیان نا ئارامبووە کە بەو ماسکانەوە دەیانبینن.