"ناهێڵم منداڵەکانم بەبێ خاکەکەیان بژین"

فاتمە ئەلعەلی، کە بەهۆی هێرشی داگیرکاریەوە لە گوندەکەیان لە سەرێکانی کۆچی کردووە، لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەڵێت، "بۆ ئەوەی منداڵەکانم بێ خاک نەژین، ئاستی تێکۆشانی خۆم بەرز دەکەمەوە".

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- فاتمە ئەلعەلی ژنێکی تەمەن ٣٧ ساڵە و دایکی هەشت منداڵە، ماوەی سێ ساڵ و دوو مانگە لە شوێنی لەدایکبوونەکەی، گوندی مەناجیری سەر بە سەرێکانی داگیرکراو بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشەکانەوە کۆچی کردووە، وتی: نزیکەی چوار ساڵە لە گوندەکەمان دوور کەوتووینەتەوە، بێ هۆ هێرشی کردە سەر ئێمە و خاکەکەمان، ئێمە لە شوێن و جێگای خۆمان بووین".

 

"یان بە شکۆوە دەژین یان دەمرین"

فاتمە ئەلعەلی ئاماژەی بەوەکرد کە لەگەڵ کوردەکاندا لەژێر چەتری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکدا پێکەوە دەژین و وتی: ئایا گەلی تورکیا ئەوەی بەسەر گەلەکەماندا دەهێنن قبوڵی دەکەن؟ سوپای تورکیای داگیرکەر هاتە سەر سەرێکانی و داگیریکرد و بە زۆر کۆچمان کرد، بەڵام ئەمجارە لە هەوڵی هێرشکردنە سەر تل تەمردایە، با باش بزانێت کە ئێمە ئەم جارە ناڕۆین، ئێمە بەرگری دەکەین، یان بە شکۆوە دەژین، یان دەمرین.

 

'ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و یەپەژە/یەپەگە هێزی بەرگری وڵاتەکەمانە"

فاتمە ئەلعەلی ئەوەی خستەڕوو، ئەمە دووەم جارە کۆچیان کردووە و وتی: پێشتر لە ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە ئاوارەبووین، بەڵام کۆچەکەمان لەو کاتەدا کاتی بوو، لەوکاتەدا یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە و یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە لەگەڵ چەتەکاندا جەنگان و  گوندەکەی ئێمەیان ڕزگارکرد، گوندەکەمان لە مین و ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل پاککرایەوە و دواتر گەڕاینەوە ماڵەکانمان، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و شەڕڤانان خاکەکەمانیان ڕزگارکرد و ئێمەیان پاراست.

 

"تا کۆتایی شەڕ دەکەم بۆ ئەوەی منداڵەکانم بەبێ خاکەکەیان نەژین"

فاتمە ئەلعەلی بەم پەیامە کۆتایی بە قسەکانی هێنا و وتی: داوا لە کۆمەڵگەی تورک دەکەم، ئایا هاوسەر و خوشک و دایک و برایان نییە؟ ئایا دەتوانن ئەو ئازارە ببینن و هەست بکەن کە ئێمە چەشتمان؟ با ئەردۆغان کۆمەڵگەی تورکیا فریو نەدات و بڵێت شەڕی تیرۆر دەکات، ئەو هێرش دەکاتەسەر خەڵک و منداڵ، ئەو خوشک و براکانمان دەکوژێت. تەنانەت خاکەکەشمان ئیتر ڕقی لە بوونی داگیرکەرانە، دوای سەد ساڵ، ئێمە لێرە دەبین و ڕۆژێکیش بە دڵنیاییەوە خاکەکەمان لە باوەش دەکەین. سەرێکانیمان بەجێهێشت، بەڵام بە دڵنیاییەوە تل تەمر و حەلەب و هیچ ناوچەیەکی تر جێناهێڵین، ئێمە مافی خۆمان هەیە و ڕۆژێک دێت دەنگ و دۆزمان دەگاتە جیهان و دەبیسترێت، دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتەسەرمان، ئێمە خاکەکەمان دەپارێزین، بە دڵنیاییەوە ڕێگە بە منداڵەکانم نادەم کە ئەو شتەی بەسەر مندا هاتووە ئەوانیش تێیدا بژین، بۆیە ئەمڕۆ ئاستی خەباتی خۆم بەرز دەکەمەوە بۆ ئەوەی منداڵەکانم بەبێ خاک نەژین.