"ئەو میدیایەی داگیرکەر ئاڕاستەی دەکات ڕاستی نیشان نادات"

میدیاکانی باشوری کوردستان زۆرینەیان لەژێر چەتری حزب و لایەنە سیاسییەکاندا بابەتەکانیان ئاڕاستەی کۆمەڵگا دەکەن، بەشێکیان لە بوونی هێرش و داگیرکارییەکاندا ڕاستی دۆخەکە دەرناخەن، بەڵکو لەژێر کاریگەری هێزی داگیرکەردا لە بەرەی گەلدا نین.

شنیار بایز

 

سلێمانی- میدیا بە هەر سێ جۆری نووسراو، بینراو و بیستراو لە هەرجێیەکی جیهاندا لەلایەن دەسەڵاتێکی پشتییەوە ئاڕاستە دەکرێت، لە ژێر چەتری حزبی و سیاسیدا کاردەکەن و لەگەڵ بەرژەوەندی دەسەڵاتدان و لە بەرەی گەلدا خۆیان نابیننەوە، بەشێک لە میدیاکان بە بێلایەن و ئۆپۆزسیۆن خۆیان بەناو دەکەن، بەڵام لە خستنە ڕووی کێشە و گرفتەکاندا جگە لە بێ ئومێدی هیچ چارەسەرییەک ناخەنە ڕوو.

 

لە پرسە نیشتمانییەکان و هێرش و پلانە داگیرکارییەکاندا، میدیاکانی باشوری کوردستان ڕۆڵێکی لاواز دەبینن، میدیا نەیتوانیوە لە بەرەی گەلدا بێت و لە بوونی مەترسی هێرش و داگیرکاریدا لەبری خستنەڕووی مەترسییەکان، بابەتەکانیان لە بەرژەوەندی داگیرکەراندا ئاڕاستە دەکەن.

 

"دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامە، وێناکردنی نیشتیمانێک بوو لەسەر پەڕەیەک"

دکتۆر ئاشتی حەمە ساڵح، مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن، دەربارەی ئەم بابەتە بۆ نوژنها دووا و وتی: لە مێژووەوە کە یەکەم ڕۆژنامە دەرچووە لە قاهیرە بۆ خزمەتی گەل و نیشتیمان بووە، لە مێژوودا کاتێک یەکەم ڕۆژنامە دەرچووە وێنای نیشتیمانێکی پیشانداوە، لە ئێستادا بەو هەموو پێشکەوتنە لە میدیا و سۆشیاڵ میدیا دەتوانرا وێنای نیشتیمان و گەل زیاتر نیشانبدرێت و گەورە بکرێت، بەڵام بەداخەوە میدیا بەو هێزەی لە قاهیرەوە دەستیپێکرد، نەیتوانی بەردەوامی پێبدات.

 

باسی لەوەشکرد، میدیا چەنێک کار بکات ئەگەر کار بۆ ئەندامانی کۆمەڵگەکەی خۆی و نەتەوەکەی نەکات ئەوە میدیا نییە، بەهۆی ئاڕاستەی مدیاکانی ئێستا و سۆشیاڵ میدیاوە، میدیا نەک تەنها کاری بۆ کۆمەڵگەکەی نەکردووە بەڵکو کۆمەڵگای لەڤیەک ترازاندووە بەهۆی کاریگەرییە خراپەکانییەوە.

 

"پێویستە لایەنی پەیوەندیدار چاودێری میدیاکان بکات و کار بۆ ئەوە بکەن کە میدیا دەبێت لە سەرەتای لەدایکبوونیەوە کار بۆ نیشتیمان بکات، چونکە ئەگەر ئەو میدیایە بۆنی میدیای نیشتیمانی لێنەیەت جیاوازی نییە لەگەڵ میدیایەکی بێگانە و دواجار کلتوور و دابونەریتی کۆمەڵاگای کوردی ون دەبێت لەبەرامبەردا کلتوری دیکە لەناو کۆمەڵگا بڵاودەبێتەوە."

 

"حزب نیشتیمان و کۆمەڵگای بەش بەش کرد"

ئەو مامۆستایە باس لە کاریگەری حزب بەسەر میدیاوە دەکات و دەڵێت: "میدیایەک نییە حزبی نەبێت و لە بەرژەوەندی گەل بدوێت، بەڵکو حزب کاریگەری کردووەتە سەر کاری هەموو میدیاکان، کاتێک کەسێک تەماشای تەلەڤیزیۆنێک دەکات بە ئامانجی ئارامکردنەوەی دڵ و دەروونی تەماشای دەکات، بەڵام ئەو بابەتانەی ئێستا بڵاودەکرێنەوە هیچ ئارامییەکی تیادا بەدی ناکرێت بەڵکو بووەتە هۆی دروستبوونی نائارامی دەروونی و سترێس، هەر میدیایەکیش بەو شێوەیە کار بکات میدیا نییە و دەزگایەکی سیخوڕییە کە ئامانجی تێکدانی کۆمەڵگایە."

 

ئاشتی حەمە ساڵح دەشڵێت: تەنانەت لە کاتی شەڕ و هێرشەکاندا ناکرێت میدیا بۆ لایەنێکی تایبەت بقۆزرێتەوە، بەڵکو دەبێت کۆمەڵگا ئارام بکاتەوە و ورەی خەڵک و نەتەوەکەی بەرزبکاتەوە و لایەندار نەبێت."

 

"میدیایەک نییە هەموو خاڵە شاراوەکان ڕووناک بکاتەوە"

مامۆستا سارا قادر، مامۆستای زانکۆ لە لقی تەلەڤیزیۆن لە بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا، ڕاگەیاندن لە ئێستادا تەنها تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆ نییە بەڵکو سۆشیاڵ میدیا و ئەلەکترۆنیات وای کردووە هەموو تاکێک خاوەن دەزگایەکی سەربەخۆ بێت و تیایدا لە ڕێگایەوە ئاڕاستەی بابتەکان بەو ێوەیەی دەیەوێت بیکات، دەشڵێت: نەبوونی میدیای سەربەخۆ بووەتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەکی گەورە لە نێوان ویستی خەڵکی و بابەتەکانی میدیاکان، بۆیە ئەو میدیایەی ئێستا هەیە تینویەتی خەڵکی نەشکاندووە، چونکە ئەو بابەتانەی پەخش دەکرێن زۆر جیاوازن لە ڕاستی کۆمەڵگا.

 

"لە بوونی هێرشە داگیرکارییەکاندا میدیاکان بە نادروستی هەواڵ بڵاودەکەنەوە"

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەدا لە کاتی بوونی دۆخی نائاسایی و هێرشی داگیرکاریدا پێویستە میدیا ڕاستی بخاتەڕوو، ئاماژە بەوە بکات هێزی دوژمن تا چەند هاتووەتە خاکەکەتەوە یاخود مەترسییەکانی چین، دەشڵیت: "بەڵام بە داخەوە میدیاکان لە باشووری کوردستان بەهۆی سیاسەتی کەناڵەکانیانەوە وای کردووە ئەو بابەتانە بە شێوازی نادروست پەخشبکەن، بە جۆرێک لە بوونی هەر هێرشێک ئەو میدیایانەی سیاسەتیان هەمان سیاسەتی هێزی داگیرکەرە بابەتەکان بچوک دەکەنەوە و بەرەی گەل نین وە بە پێچەوانەشەوە."

 

وتیشی: "میدیاکان بە دوو ئاڕاستە کار دەکەن یان ئەوەندە بابەتەکە زەق دەکەنەوە کە خەڵکی بترسێنن لە بری بەرزکردنەوەی ئیرادەی نەتەوەکە، یاخود بابەتەکە چەند مەترسیدار بێت بە ئاسای نیشانی دەدەن کە مە مەترسی گەورە دروستدەکات".

 

سارا قادر لە کۆتایدا باسی لەوەکرد، ئەو میدیایانەی کە ناتوانن ڕاست و دروستی دۆخەکە بخەنە ڕوو ئەو میدیایانەن کە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانەوە پاڵپشتیان لێدەکرێت و بە پێی سیاسەتی ئەوان ئاڕاستە دەکرێن، بۆیە ناتوانن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ مەترسییەکان بخاتە ڕوو و ڕاستی دۆخەکە بڵاوبکەنەوە.