دیسفان، ماوەی ١٠ ساڵە هیچ لەدایکبوونێک تۆمار نەکراوە

گوندی دیسفانی سەر بە خۆراسان ماوەی ١٠ ساڵە هیچ لەدایکبوونێکی منداڵی تێدا تۆمار نەکراوە، لە ماوەی ١٨ ساڵی ڕابردووشدا تەنها یەک منداڵ لەم گوندەدا لەدایکبووە.

ناوەندی هەواڵ

گوندی دیسفان، دەکەوێتە ناحیەی کەخکی سەر بە پارێزگای گۆنا ئابادی وڵاتی ئێران، ڕووبەری گوندەکە ١٢ کیلۆمەتر دەبێت، دانیشتووانەکەی ژمارەیان ٢٠٠ کەسە، نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کەسی دیکەی دانیشتووی پێشووی ئەم گوندە لە شارەکانی ئێران دەژین و هەندێک کات بۆ سەردانکردنی گوندەکە دەگەڕێنەوە.

 

جیاوازی ئەم گوندە لەگەڵ گوندەکانی دیکە ئەوەیە، ماوەی ١٠ ساڵە هیچ منداڵێکی تێدا لەدایک نەبووە، لە ماوەی ١٨ ساڵی ڕابردووشدا تەنها یەک منداڵ لەدایک بووە، زۆربەی دانیشتوانی گوندەکە کەسانی بە تەمەنن و بە کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکن.

هۆکاری تۆمار نەکردنی منداڵ لە گوندەکەدا، دەگەڕێتەوە بۆ کۆچی دانیشتووانی گوندەکە بۆ شارەکان، لەبەر نەبوونی خوێندنگا و شوێنی پەروەردەکردنی منداڵ، هەروەها کەمی باران و وشکە ساڵیش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆکار تا دانیشتووانی گوندەکە بۆ شارەکان کۆچ بکەن و تەنها وەک سەردان بێنەوە بۆ گوندەکەیان.

 

گوندی دیسفان مێژوویەکی کۆنی هەیە، بەپێی ئەو شوێنەوارانەی دۆزراونەتەوە مێژووی گوندەکە بۆ نزیکەی پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەڵام بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و پەراوێزخستنیەوە، خەریکە بە تەواوی گوندەکە چۆڵ دەبێت، چونکە دانیشتوانی گوندەکە بە تەمەنن و ناتوانن کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بکەن.

 

ت.پ