دوورگەی ژنانی تەنوورە سوور

لە دوورگەیەکدا تەنها ژنان دەژین، بە تەنوورە سورەکانیانەوە سەدان ساڵە پارێزگاری لە کەلتوورەکەی خۆیان دەکەن، ژیانێکی جیاوازتر لە هەر شوێنێک بەسەر دەبەن و سەرجەم کارەکانی دوورگەکە خۆیان دەیکەن.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- دوورگەی کینۆ دەکەوێتە وڵاتی ئەستۆنیای کیشوەری ئەوروپا، دوورگەکە ١٦ کیلۆمەتر دووجایە، ٤٠٠ کەس لەو دوورگەیە دەژین و چەند ڕێگایەکی قیرتاو کراو، دوو کۆگای خواردەمەنی بچوک، مۆزەخانەیەک و کڵێسایەک، هەروەها خوێندنگایەکی بچوکیشی هەیە.

ئەوەی ئەم دوورگەیە جیادەکاتەوە لە دوورگەکانی دیکە، ئەوەیە کە ژنان سەرجەم کاروباری دوورگەکە بەڕێوەدەبەن و خوێندنگا، پەرستگا و سەرجەم کاروباری ئیداری ژنان ئەنجامی دەدەن، پیاوانی دوورگەکەش کاری ڕاوە ماسی دەکەن و چەندین کیلۆمەتر لە دوورگەکە دووردەکەونەوە و چەند مانگێک ناگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

 

دەستدرێژی لە دوورگەکە قبوڵ نەکراوە

ئەوان کاری کشتوکاڵ دەکەن، گرنگی بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەدەن، مەراسیمە ئاینییەکان بەڕێوە دەبەن، کاری ئیداری تایبەت  بە دوورگەکەیان ئەنجام دەدەن، شێوازێکی تایبەتی ژیانیان بۆ خۆیان هەڵبژاردووە و سەرجەم کارەکان ژنان خۆیان ڕایدەپەڕینن. 

 

ژنانی دوورگەکە بە ڕاستگۆی و بوێری بەناوبانگن، هیچ دەستدرێژییەک لە دوورگەکەدا پەسەند ناکرێت، بایەخێکی زۆریش بە کەلتوورە سەدان ساڵەکەیان دەدەن، بەردەوام دەیپارێزن و بە زیندووی دەیهێڵنەوە، یەکێک لە کەلتوورە هەرە بەناوبانگەکانیشیان دروستکردن و لەبەرکردنی تەنوورەی سوورە، کە هەر خۆیان قوماشەکە دەچنن و بەردەوامیش لەبەری دەکەن، هەروەها زۆرینەشیان سەرپۆشێکی شێوە سێگۆشە لەسەر دەکەن.

 

ساڵانە زیاتر لە ٣٠ هەزار گەشتیاری هەیە

ژنانی ئەم دوورگەیە بەردەوام خەندە لەسەر لێویانە، بە ئاواز و گۆرانیە کەلتوورییەکانیانەوە سەما دەکەن، بەشداری ئاهەنگە خێزانییەکانی یەکتر دەکەن، هەر بەهۆی ئەم تایبەتمەندییانەی دوورگەشەوە، ساڵانە زیاتر لە ٣٠ هەزار گەشتیار لە بەشەکانی دیکەی وڵاتی ئەستۆنیا، ئەوروپا و ئاسیاوە سەردانی دوورگەکە دەکەن، ژنانی دوورگەکەش لە ماڵەکانیاندا پێشوازی لە گەشتیارەکان دەکەن.

 

ژیان لە کینۆدا، لەسەر دابونەریتی کۆن و کەلتووری بەڕێوە دەچێت، کەلتووری دوورگەکە لە لایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە وەک یەکێک لە کۆنترین کەلتوورە جیهانییەکان ئاماژەی بۆ کراوە، بە کەلتوورێکی زیندوو و بێ هاوتا پێناسە کراوە.

 

ت.پ