دوو هاوژین پێکەوە ئەکادیمیایەکی تایبەت بە ڕاوێژ و پەروەردەی خێزانی دادەمەزرێنن
بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆر کێشەی کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگای کوردیدا، دوو هاوژین واز لە پیشەی ئەندازیارییەکەیان دەهێنن و دەستدەکەن بە بڵاوکردنەوەی زانیاری دەربارەی بەهێزکردنی توانای تاک و دروستکردنی خێزانی سەرکەوتوو.
شنیار بایز
سلێمانی- فام ئەکادیمی یەکێکە لەو ئەکادیمیایانەی بە شێوازێکی نوێ هەوڵی پەروەردەکردنی خێزان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەدات، لەم ئەکادیمیایە چۆنیەتی مامەڵەکردنی هاوژینەکان لەگەڵ یەکتر و منداڵەکانیان و پەروەردەکردنیان بە کۆمەڵگا دەدرێت، هەروەها بایەخ بە باشترکردن و بەهێزکردنی پەروەردەی تاک لەگەڵ خودی خۆیی و کەسانی دەرووبەری دەدات، ئەکادیمیاکە لە ڕێگای پەیجەکەیانەوە یاخود سەنتەرەکەیانەوە هاوکاری هاوڵاتیان و خێزانەکان دەکەن، ناوی فام ئەکادیمی لە درێژکراوەی "خێزان و هاوسەرگیری" هاتووە.
شیاو نەوڕۆڵی، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری فام ئەکادیمی، ماستەری لە ڕاوێژ و پەروەردەی خێزانیدا هەیە، هۆکاری دامەزراندنی ئەم ئەکادیمیایە و شێوازی کارکردنیان بۆ ژنها ڕووندەکاتەوە.
بیرۆکەی دامەزراندنی فام ئەکادیمی چی بوو؟
دامەزراندنی فام ئەکادیمی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٩، ئەو کاتەی هەر یەک لە شیاو نەوڕۆڵی و ئەحمەد خالیدی هاوژینی هاوسەرگیریان کردبوو، هەردووکیان دەرچووی بەشی ئەندازیاری بوون، بەڵام هەستیان بەوە دەکرد کارکردن لە بواری ئەندازیاریدا تەواو دەروونیان ئاسودە ناکات، بەڵکو خوێندن لە بواری پەروەردەیی خولیای ئەوان بوو، هەر بۆیە بڕیاریاندا لە یەکێک لە زانکۆکانی وڵاتی تورکیا ماستەر لە ڕاوێژ و پەروەردەی خێزانی بخوێنن.
خوێندنەکەیان گۆڕانکاری زۆری لەسەر پەیوەندی ژیانی هاوژینی و ژیانی تاکەکەسی ئەم خێزانە دروستکرد، دواجار بڕیاریاندا ئەو سودەی لە ڕێی خوێندنەکەیانەوە دەستیان کەتووە بیگەیەنن بە هاوڵاتیان، شیاو نەوڕۆڵی لەبارەیەوە دەڵێت: "بەر لە خوێندنمان لەو بوارەدا زۆرکات لەگەڵ هاوژینەکەم کە ناخۆشیەکمان دەبوو، کێشەکانمان گەورە دەکرد نەمان دەزانی بە چ ڕێگایەک چارەسەرێکی تەندروستی بۆ بدۆزینەوە، یاخود کاتێک بڕیاری منداڵ بەخێوکردن بدەین کام شێوازی پەروەردەەی گونجاوترین شێوازە".
لە پاش تەواوکردنی خوێندنەکەیان توانیان سەنتەری ڕاوێژکاری خیزانی تایبەت بەو کوڕ و کچانەی دەچنە ژیانی هاوسەرگیرییەوە دابمەزرێنن، دواتر دامەزراندنی پڕۆژەی خێزانەکەم، پاشان هەستیان بەوەکردبوو کۆمەڵگای کوردی پێویستی بە ڕاوێژی خێزانی هەیە بۆیە فام ئەکادیمیایان دامەزراند .
چارەسەرکردنی کێشە خێزانییەکان لە ڕێگای خولی ڕاهێنانەوە بۆ کۆمەڵگای کوردی نوێیە
شیاو خۆی ڕاهێنەرە و دەربارەی سەردانیکردنی هاوڵاتیان بۆ ئەکادیمیاکەیان دەڵێت: "زۆربەی ئەو کەسانەی دەیانەوێت سوود لە ئەکادیمیاکەمان وەربگرن کەسانی تێگەیشتوون ئەو کەسانەن کە ژیانیان بەلاوە گرنگە و دەیانەوێت بە باشترین شێواز مامەڵە بکەن و کاتەکانیان پڕ بکەنەوە"، بە هۆی ئەوەی دەستبردن بۆ ئەو کێشانەی پەیوەندی بە دەروون و تاکی خێزانەوە هەیە لەناو کۆمەڵگای کوردیدا تازەیە، بۆیە هاوڵاتیان زۆر سەردانی ئەو ئەکادیمیایە ناکەن و پێیان وانییە لە ڕێیگەی خولێکی ڕاهێنانەوە ژیانیان بگۆڕدرێت.
وتیشی: لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکانێک هەن سەردانی ئەکادیمیا دەکەن، ڕاهێنەران کێشەکانیان چارەسەر دەکەن، لە ڕێی خولی ڕاهێنانەوە بێت یاخود دانیشتنی تایبەت بێت، بڵاوکردنەوەی ڕێنمای بێت، یان ئەو کەسانەی جێگەیان دوورە بە ئۆنڵاین دانیشتنیان لەگەڵ ئەنجام دەدەن.
"زیاتر ئەو کێشانەی ڕوومان تێدەکات، کێشەی تاکی ناو کۆمەڵگایە"
زیاترین ئەو کێشانەی ڕوو لەم ئەکادیمیایە دەکات شارەزانەبوونی مامەڵەکردنی هاوژینەکانە لەگەڵ یەکتر یاخود دایک و باوک لەگەڵ منداڵ، شیاو لەم بارەیەوە وتی "زۆرینەی کێشەکان نەبوونی هێزی تاکە لەناو خۆیاندا، زۆرکات کێشەی ژنێک نەبوونی گرنگی هاوژینەکەیەتی لەکاتێکدا ژنێک پێویست ناکات چاوەڕێی پیاوێک بکات کە گرنگی پێبدات و پێداویستییەکانی بۆ پڕ بکاتەوە، بەڵکو دەبێت خۆی بەهێز بکات و چاوەڕێی کەس نەبێت"، بۆیە گرنگترین ئەرکی ئەم ئەکادیمیایە دروستکردنی هێزی ژنانە.
جگە لەو کێشانە، فام ئەکادیمی هاوکاری ئەو کەسانە دەکات کە خولیایەکیان هەیە و هەوڵی بەدەستهێنانی ئامانجەکەیان دەدەن، یاخود خولی ڕاهێنان بۆ سەرکردایەتی و ڕاوێژی تاک ئەنجام دەدەن.
شیاو نەوڕۆڵی هەبوونی ئەکادیمیای لەم شێوەیە بە گرنگ دەزانێت و خەونیەتی لەم ڕێگەیەوە خزمەت بکات، چونکە پێی وایە تاکی ئەم کۆمەڵگایە ڕووبەڕووی زۆرترین کێشەی کۆمەڵایەتی بوونەتەوە، کە کار لەسەر هێزی ناخیان دەکات وایان لێدەکات باوەڕیان بە تواناکانی خۆیان نەمێنێت.
"گرنگترین کاری فام ئەکادیمی، بەهێزکردنی تواناکانی ژنە"
یەکێک لەو کارانەی ئەکادیمیای فام کاری لەسەر دەکات، بەهێزکردنی تواناکانی ژنە، بۆ ئەوەی ژن زیاتر تواناکانی ئاشکرا بکات خۆی داهێنەر و دەستپێشخەر بێت بزانێت گرنگی ژن بوونی چیە، لەوکاتەی ژنان گرنگی ژنبوونیان بۆ دەرکەوت دواجار بە شوێن شتانێکی بێبایەخ ڕاناکات و بۆی گرنگ نابێت شێوەی چۆن بێت یاخود چۆن دەربکەوێت لە سۆشیاڵ میدیادا، بەڵکو تەنها هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئامانج و خەونەکانی خۆی دەدات.
ئەو ڕاهێنەرە دەڵێت: "زۆرترین ئەو ژنانەی دێنە لامان، لێیان تێدەگەین هەموویان خاوەن توانایەکی زۆرن بەڵام دەرفەتیان بۆ نەگونجاوە کار لەسەر هێزی ناخی خۆیان بکەن، بەڵام لە ڕێگای ئەکادیمیاکەمانەوە هەوڵی لەگەڵ دەدەین و دواجار کەسێکی سەرکەوتووی لێدەردەچێت، چونکە پێویستە ژن یاخود دایک تاکێکی بەهێز بێت و خەونێکی هەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا منداڵەکەشی بە بەهێزی پەروەردە بێت".
یەکەم هەنگاو بۆ گۆڕینی ژیان و بوون بە کەسێکی سەرکەتوو چیە؟
"بۆ هەر کەسێک بیەوێت شێوازی ژیانی بگۆڕێت و ببێت بە کەسێکی ئەرێنی و سەرکەتوو پێویست دەکات ئامانجەکەی دیاری بکات، یاخود بزانێت دەیەوێت کەسێکی چۆن بێت، بیر بکاتەوە چی ڕێگرە لەوەی ببێتە ئەو کەسەی کە دەیەوێت، بەربەستەکان چین، یاخود ئەو ترسانە چین والە کەسێک دەکەن نەگات بە خەونەکانی، هەموو ئەوانەی باس کران پەیوەندیان هەیە بە باوەڕێکی چەق بەستووەوە کەلە مێژە کۆمەڵگای پێوە بەڕێوەدەچێت" شیاو وایوت.
هەروەها وتیشی: "دەبێت گەنج بەلایەوە گرنگ بێت خۆی بەرەوپێش ببات، نەک کاتەکانی بۆ شتی بێسوود بەفیڕۆ بدات، خێزانیش لەم لایەنەوە ڕۆڵی سەرەکییان هەیە".
ت.پ