دوایین نامه‌ی‌ شیرین عه‌له‌مهوولی‌

من بارمته‌م 


ده‌ورانی‌ زیندانی بوونم واخه‌ریكه‌ ده‌چێته‌ نێو سێ‌ ساڵه‌ی‌ خۆیه‌وه‌، واته‌ سێ‌ ساڵی‌ ژیانی‌ تاقه‌ت پڕوكێن له‌ پشت مێڵه‌كانی‌ زیندانی‌ ئه‌وین، كه‌ دووساڵی‌ ده‌ورانی‌ زیندانیم ده‌سته‌وه‌ستان‌ و بێ‌ وه‌كیل ‌و بێ‌ هه‌بوونی‌ به‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ بیسه‌لمێنێت ده‌بێ‌ ده‌ستبەسه‌ر بكرێم به‌سه‌ربرد. له‌و كاتانه‌دا ده‌سته‌وه‌ستان بووم رۆژگارێكی‌ تاڵم له‌ژێر چه‌پۆكی‌ سوپای‌ پاسداراندا به‌سه‌ربرد‌ و پاش ئه‌ویش ده‌ورانی‌ لێپرسینه‌وه‌كانی‌ به‌ندی‌ ٢٠٩ی زیندانی ئه‌وین ده‌ستی‌پێكرد.

پاش ده‌ورانی‌ ٢٠٩ كاته‌كانی‌ دیكه‌م له‌به‌ندی‌ گشتی‌دا به‌سه‌ربرد. وه‌ڵامی‌ داخوازییه‌ په‌یتا په‌یتاكانم بۆ روونكردنه‌وه‌‌ و دیاریكردنی‌ چاره‌نووسم بۆ نه‌ده‌درایه‌وه‌. له‌ ئاكامدا بڕیاری‌ ناڕه‌وای‌ سێداره‌یان به‌ سه‌رمدا سه‌پاند. من له‌سه‌ر چ شتێك زیندانیم كێشا، یان ده‌بێت‌ له‌ سێداره‌ بدرێم؟ ئاخۆ وه‌ڵام به‌ هۆی‌ كورد بوونمه‌وه‌یه‌؟ كه‌ وابوو ده‌ڵێم: من كورد له‌دایكبووم‌و به‌ هۆی‌ كورد بوونمه‌وه‌ ڕه‌نجی‌ بێ‌ به‌شیم كێشاوه‌. زمانم كوردییه‌‌ و له‌ رێگه‌ی‌ زمانمه‌وه‌ پێوه‌ندیم له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵ‌و هاورێیان‌و ناسیاوه‌كانم گرتووه‌.

 

به‌وه‌ گه‌وره‌ بووم‌و زمانم پردی‌ پێوه‌ندییه‌كانمانه‌. به‌ڵام بۆم نییه‌ به‌و زمانه‌ قسه‌ بكه‌م‌و بخوێنم‌و بخوێنمه‌وه‌‌و له‌ ئاكامیشدا ئیزنم پێ‌ ناده‌ن به‌ زمانی‌ خۆم بنووسم. به‌ من ده‌ڵێن وه‌ره‌ حاشا له‌ كورد بوونی‌ خۆت بكه‌، كه‌ وایه‌ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر وه‌ها بكه‌م حاشام له‌ خۆم كردووه‌.
 

به‌رێز جه‌نابی‌ دادوه‌ر، ئاغای‌ لێكۆڵه‌ر!
له‌وكاته‌دا كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌تان لێ ده‌كردم، ته‌نانه‌ت نه‌مده‌توانی‌ به‌ زمانی‌ ئێوه‌ قسه‌ بكه‌م‌و من به‌ درێژایی‌ ئه‌و دوو ساڵه‌یی‌ رابردوو له‌ زیندانی‌ ژنان دا زمانی‌ فارسیم له‌ هاوڕێیانمه‌وه‌ فێر بووم، به‌ڵام ئێوه‌ به‌ زمانی‌ خۆتان لێكۆڵینه‌وه‌تان  لێكردم‌و دادگایی‌ تان كردم‌و بڕیارتان بۆ ده‌ركردم. ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدا بووه‌ كه‌ من به‌ دروستی‌ نه‌مده‌زانی‌ له‌ ده‌وروبه‌رمدا چ ده‌گوزرێ‌‌و من نه‌مده‌توانی‌ داكۆكی‌ له‌ خۆم بكه‌م.


ئه‌و ئه‌شكه‌نجه‌‌ و ئازارانه‌ی‌ كه‌ دژی‌ من به‌ كارتان هێنا، بووەته‌ مۆته‌كه‌ی‌ شه‌وانم، ئێش‌و ئازاره‌كانی‌ رۆژانه‌م به‌ هۆی‌ ئه‌و ئه‌شكه‌نجانه‌ی‌ كه‌ كرابووم، پێكه‌وه‌ رۆژ تێپه‌ڕ ده‌كه‌ین. ئه‌و لێدانانه‌ی‌ كه‌ له‌كاتی‌ ئه‌شكه‌نجه‌دا ‌به‌ر سه‌رم كه‌وتوون، بۆته‌ هۆی‌ زیان گەیاندن بە سه‌رم. هەندێ‌ له‌ رۆژه‌كان ئێش‌و ئازارێكی‌ زۆر رووم تێده‌كا، ژانه‌ سه‌ره‌كانم هێنده‌ توند ده‌بن، كه‌ ئیدی‌ نازانم له‌ ده‌وروو به‌رمدا چ رووده‌دا، به‌ سه‌عات له‌سه‌ر خۆ ده‌چم‌و له‌ ئاكامدا به‌ هۆی‌ زۆری‌ له‌ راده‌به‌ده‌ری‌ ئێش، كه‌پۆم ده‌ست به‌ خوێنرێژی‌ ده‌كا‌و پاشان كه‌م كه‌م ده‌گه‌رێمه‌وه‌ سه‌ر حاڵه‌تی‌ سروشتی‌ خۆم‌و هۆشیار ده‌بمه‌وه‌.


دیارییه‌كی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌وان بۆ من كه‌م حوكم بوونی‌ چاوه‌كانمه‌ كه‌ به‌رده‌وام په‌ره‌ ده‌ستێنێ‌‌و هێشتا وه‌ڵامی‌ داخوازییه‌كه‌م كه‌ چاویلكه‌یه‌ نه‌دراوه‌ته‌وه‌. كاتێک‌ كه‌ چوومه‌ زیندان قژه‌كانم به‌ ته‌واوی‌ ره‌ش بوون، هه‌نووكه‌ كه‌ سێهه‌مین ساڵی‌ زیندانی‌ بوونم تێده‌په‌ڕێنم، هه‌ر رۆژه‌ ده‌بینم به‌شێك له‌ قژم سپی‌ ده‌بێت‌. ده‌زانم ئێوه‌ ته‌نیا ئه‌م كاره‌تان له‌گه‌ڵ من‌و بنه‌ماڵه‌ی‌ من نه‌كردووه‌، به‌ڵكوو ئه‌م ئه‌شكه‌نجانه‌تان دژی‌ هه‌موو رۆڵه‌كانی‌ كورد‌ و تێكۆشه‌رانی‌ وه‌ك "زینه‌ب جه‌لالیان" ‌و" رووناك سه‌فازاده‌"‌و.... به‌كارهێناوە‌. چاوی‌ دایكانی‌ كورد هه‌موو رۆژێ‌ له‌ تاو دیتنی‌ رۆڵه‌كانیان وه‌ك بارانی‌ به‌هار دڵۆپ دڵۆپ فرمێسكی‌ لێ‌ ده‌بارێت‌، هه‌رده‌م نێگه‌رانی‌ له‌وه‌یكه‌ له‌وانه‌یه‌ چ كاره‌ ساتێكیان به‌ سه‌ردا بێت‌، به‌ زڕه‌ی‌ هه‌ر ته‌له‌فونێك دڵیان داده‌خۆرپێ‌، كه‌ نه‌كا هه‌واڵی‌ له‌ سێداره‌درانی‌ رۆڵه‌كانیان پێ‌ بدرێ‌. ئه‌وڕۆ ١٢ی بانه‌مه‌ڕی ١٣٨٩ی‌ هه‌تاوی‌ به‌رانبه‌ر به‌ 2٢ی ئایاری ٢٠١٠ ‌و سه‌ر له‌نوێ‌ پاش ماوه‌یه‌كی‌ زۆر منیان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ برد بۆ به‌ندی‌ ٢٠٩ی زیندانی‌ ئه‌وین‌و دیسانه‌وه‌ تۆمه‌ت بێ‌ بنه‌ماكانی‌ خۆیانیان دووپات كرده‌وه‌.

 

داوایان لێكردم، كه‌ هاوكاریان بكه‌م تاكوو بڕیاری‌ له‌ سێداره‌درانم هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌. تێناگه‌م ئه‌و هاوكارییه‌ چ واتایه‌كی‌ هه‌یه‌، كاتێ‌ من هیچ شتێكی‌ زیاتر له‌وه‌ی كه‌ گوتوومه‌ بۆ وتن پێ‌ نیه‌، له‌ ئاكامدا ئه‌وان داوایان لێكردم تا ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان ده‌یڵێن دووپاتی‌ بكه‌مه‌وه‌‌ و من وه‌هام نه‌كرد.

 

لێكۆڵه‌ر گوتی‌: ئێمه‌ ده‌مانویست ساڵی‌ پار ئازادت بكه‌ین به‌ڵام چوونكه‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ت هاوكاریان نەكردین، به‌م ده‌رئه‌نجامه‌ گه‌یشت. خودی‌ لێكۆڵه‌ر دانی‌ به‌وه‌دا نا كه‌ من ته‌نیا بارمته‌یه‌كم له‌ده‌ستی‌ ئه‌واندا‌و تا ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ به‌ ئامانجه‌كه‌یان نه‌گه‌ن من لێره‌ راده‌گرن، یان له‌ ئاكامدا له‌ سێداره‌م ده‌ده‌ن، به‌ڵام هه‌رگیز رووی‌ ئازادی‌ به‌ خۆوه‌ نابینم.


 

تێبینی/ شیرین عەلەمهولی لە پاش نووسینی نامەکە و لە کۆتاییدا واژۆ و ڕیکەوتی نووسیوە و بە ڕینووسی لاتینی دەنووسێت Serkefitn


 شیرین عه‌له‌مهولی

٢/٥/٢٠١٠ – ١٣/٢/٨٩