"دەوڵەتی تورکیا بێ جیاوازی هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد"

هەوار محەمەد، ڕۆژنامەنووس دەڵێت: ئەو ئازارەی لە ٢٣ی ئابدا بە بنەماڵە و هاوپیشەکانی شەهید هێرۆ و گوڵستان گەیشت، دەشێت بەسەر هەر خانەوادەیەکی کوردا بێت.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی-  دەوڵەتی تورکیا سنووری داگیرکارییەکانی لە لەشکرکێشی سەربازییەوە قوڵتر کردووەتەوە و هاوڵاتیانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان دەکاتە ئامانج.

 

لە ٨ی تەمووزی ئەمساڵدا، لە تل قەسەبی سەر بە شەنگال، سێ ڕۆژنامەنووسی چرا تیڤی لە کاتی گەڕانەوەیان لە کاری ڕۆژنامەنووسی لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیاوە کرانە ئامانج و لە ئەنجامدا ڕۆژنامەنووس موراد میرزا ئیبراهیم گیانی بەختکرد و ڕۆژنامەنووس میدیا حسێن خەلەف خدر عوسمان، شۆفێری ئۆتۆمۆبێلەکە بریندار بوون.

 

هەروەها لە ڕێکەوتی ٢٣ی ئابدا، لە سنووری شارۆچکەی سەیدسادق سەر بە پارێزگای سلێمانی، هێرشکرایە سەر تیمێکی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر، لە ئاکامدا گوڵستان تارا ڕۆژنامەنووس، هێرۆ بەهادین، مۆنتێر گیانیان بەختکرد و ڕێبین بەکر، سەرپەرشتیاری دیجیتاڵ میدیای کۆمپانیای چەتر بریندار بوو.

 

٣لە ی ئەیلوولدا، دەوڵەتی داگیرکەری تورک تۆپبارانی سنووری گوندی مێرگە حەوشی لە کوێستانی سنین لە شارۆچکەی سیدەکان کرد، بە هۆیەوە شوانکارێک بەناوی ” بەدیع کەمال محەمەد” لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٥ گیانی بەختکرد.

 

٤ی ئەیلوولیش کاتژمێر ١:٢٥ خولەکی پاشنیوەڕۆ، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتییانی مەدەنیی لەسەر ڕێگای خەلەکان – کانی وەتمان و بە دیارییکراوی لە نزیکی شارەدێی خەلەکانی سەربە شارۆچکەی دوکان لە پارێزگای سلێمانی کرد، لە ئەنجامدا باوکێک بە ناوی موزەفەر حسێن خدر عەولا ناسراو بە “موزەفەر مۆزۆ” و دوو کوڕی بە ناوەکانی محەمەد موزەفەر و موبین موزەفەر کە خەڵکی ناوچەی ناودەشت و دانیشتووی شارۆچکەی حاجیاوان لە هەرێمی ڕاپەڕین، گیانیان بەختکرد.

 

٥ی ئەیلوول، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیی لە گوندی هەرمێلەى سەربە شارۆچکەی چوارتا لە پارێزگای سلێمانی کرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشە دڕندانەدا ٣ کەس گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان منداڵێک بوو و کانۆلای لە دەستدابوو

 

"هێڵی خیانەت لە باشووری کوردستان لەسەر ئەقڵیەتی تورک کاری لەسەر دەکرێت"

هەوار محەمەد، ڕۆژنامەنووس، باس لەوە دەکات، تیرۆرکردن لە باشووری کوردستاندا دەستی ناوخۆی لەپشتە، سەرەڕای هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هێرش بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازادیش بەڕێوە دەچێت، دەشڵێت: دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، لە ٨ی تەمووزدا ڕۆژنامەنووسانی چرا تیڤی و چرا ئێف ئێمی بە ئامانج گرت، هەروەها شەهید ناگیهانیش کرایە ئامانج، لە ٢٣ی ئابدا گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کرانە ئامانج، بە ئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسان بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسانی ئازادە، هەروەها بێ ئیرادەکردن و بێ مۆڕاڵکردنی ڕۆژنامەنووسی ئازادە کە کار بۆ دەرخستنی ڕاستیەکان لەلایەن ڕۆژنامەنووسان دەکەن.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، دەوڵەتی داگیرکەر لە دەنگی ئازاد دەترسێت، ئامانجیان لەناوبردنی منداڵی کورد و ڕۆڵەکانی کوردە، فکری کورد لەناو دەبەن، ئەو هێڵە خیانەتەی لە باشووری کوردستاندا بەڕێوە دەچێت، لەسەر ئەقڵیەتی تورک کاری لەسەر دەکرێت، کە ئامانجیانە ئەو ئەقڵیەتە بشاردرێتەوە، وتی: ئەو دوو ژنەی لە باشووردا شەهید کران پێشەنگی ژنان و ڕۆژنامەنووسانی ئازاد بوون، هەردوو شەهید لەگەڵ هاوکارانیان ڕۆژانە پلانمان دەگرت چۆن کار لەسەر هێڵی خیانەت بکەین، چۆن تاوانەکانی لە باشووردا ئەنجام دەدرێت، بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بخرێتەڕوو. دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری پەدەکە بەردەوامی دەدەن بە داگیرکاری و شەهید کردنی ڕۆڵەکانی کوردستان.

 

هەوار محەمەد لە کۆتاییدا تیشکی خستەسەر ئەوەی، دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ئێستادا هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر باشووری کوردستان ئەنجام داوە، لە ڕێگەی لەناوبردنی ژینگە و خاک و وەدەرنانی گوندنشیانەوە هەوڵی تواندنەوەی خاکی کورد دەدات، وتیشی: ڕۆژنامەنووسانی ژن پێویستە هەڵوێستەیەک لەسەر شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد بکەن، ئەو هێرشانەی لە ئێستادا بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ئەنجام دەدرێت، لە داهاتوودا دەکرێتە سەر هەر تاکێکی کورد لە باشووری کوردستاندا، ئەو ئازارەی بە بنەماڵەی هێرۆ و گوڵستان گەیشت، دەشێت بۆ سەر هەر تاکێکی کورد و خانەوادەیەک بگات.