"ژنان شوێن دەستیان لە دروستکردنی شارستانیەتدا هەبووە"

بەهرە ساڵح دەڵێت: زۆر پارچەی شوێنەواری هەیە کە شوێندەست و جێ موڵکی ژنی پێوە دیارە، ئەو ژنانەش کە کاری گڵینکەیان کردووە، مۆری تایبەت بە خۆیان هەبووە لە کارەکەدا، بەهەمان شێوە لە چنین و ڕستنیشدا ژنان مۆری تایبەت بە خۆیان هەبووە.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- شوێنەوار یەکێکە لە ناسنامە زۆر گرنگەکانی بوونی هەر نەتەوەیەک، بوونی شوێنەوار زۆر گرنگە بۆ پاراستنی مێژووی نەتەوەکە، تا چەند پارێزگاری لە شوێنەوار بکرێت، ئەوەندە پارێزگاری لە مێژووی شوێنەکە کراوە، ئێمەش وەک کورد خاوەنی زۆر شوێنەواری مێژوویین و هێشتنەوەیان ئەرکێکی نیشتیمانی هەر تاکێکمانە.

 

تازەترین دۆزینەوەی مێژووی شارستانی کوردستان، کەللە سەری ژنێكە كە ٧٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئەشکەوتی شانەدەر لە كوردستان ژیاوە، کەللە سەرەکە لەلایەن تیمێک لە زانایانی زانکۆکانی کامبریدج و لیڤەرپول دۆزراوەتەوە و مەزەندە دەکرێت ژنێکی ٤٠ ساڵ بێت، ئێسکی ئەم ژنە نیاندەرتاڵە كە لە ساڵی ٢٠١٨دا دۆزراوەتەوە بە "شانەدەر Z" ناونراوە، کە دەرخەری مێژوویەکی دیکەی شارستانی و پاراستنی شوێنەوار و ئاسەوارەکانیش گرنگی لە پاراستنی نەتەوە و گەلاندا هەیە.

 

"مێژووی شارستانی هەر نەتەوەیەک بەستراوەتەوە بە ئاسەواری مێژووەکەیەوە"

بەهرە ساڵح، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە بواری شوێنەوار و کارمەندی مۆزەخانەی سلێمانی، وتی: شوێنەوار گرنگە بۆ ناسنامەی نەتەوەییمان و ئێمە خاوەنی کۆمەڵێک شوێنەواری زۆرین، هەنگاوی باش نراوە بۆ پاراستنیان بەڵام لە ئاستی پێویستیدا نەبووە، کۆمەڵێکیان پارێزراون بەڵام کۆمەڵێکی تر لەناوچوون و ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە، کە ئەم شوێنەوارانە دەکرا سوودی زیاتریان لێ وەربگیردرێت، هەم لە ڕووی ئابووریەوە و هەم لە ڕووی ناساندنیان بە نەوەکانمان، کە ئێمە وەک نەتەوە خاوەنی چین، بۆیە پێویست دەکات کە لە قۆناغە زۆر سەرەتاییەکانەوە هەوڵ بدەین وەها لە تاک بکەین شوێنەواری نەتەوەکەیان خۆشبوێت و بە موڵکی کۆنی خۆیانی بزانن.

 

سەبارەت بە شاری سلێمانی بەهرە ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد، کە مێژووی سلێمانی زۆر لەوە کۆنترە کە بە ئیبراهیم پاشای بابانەوە ببەسترێتەوە، "ئەم شارە، واتا شاری سلێمانی، لەسەر بناغەی شاری تر دروست کراوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەند هەزار ساڵ پێش ئێستا و مێژووەکەی دێرینترە لە بابانیەکان، هەرچەندە شاری سلێمانی خاوەنی کولتوورێکی کەلەپوری زۆر جوانە لە ڕووی بیناسازیەوە و چەندین نەخش و نیگاری تایبەت بە شاری سلێمانی هەیە، بەداخەوە لەم ساڵانەی ڕابردوو دەستی وێران کردن و ڕووخاندن گەشتە زۆرێک لە بینا کەلەپوریەکان، خۆشبەختانە لە ئێستادا بەشێک لە گەڕەکە کۆنەکان دەستکاری کردنیان وەستێنراوە و ناهێڵن بە هیچ شێوەیەک دەستدرێژی بکرێتەوە سەر ئەم بینا کەلەپوریانە".

 

"ویستت هەر گەلێک بناسیت، بڕۆ سەیری مۆزەخانەکەی بکە"

بەهرە ساڵح، سەبارەت بە دۆزینەوەی ئاساواری زیاتر و زیاتر لە کاتی کار کردن لە شوێنە کۆنەکاندا، وتی: لێکۆڵینەوە دەکرێت لەو شوێنەوارانەی کە بەو دواییانە دۆزراونەتەوە بە تایبەت ئەوانەی کاسۆمۆڵی ئێستا، کە هەموو دۆزراوەکان لە مۆزەخانەی سلێمانی هەڵگیراون و لێکۆڵینەوەیان لێ دەکرێت.، هەروەها بینای سەرای سلێمانی لە بەرنامەدایە لە داهاتوودا پشکنینی تێدا بکرێت تا زیاتر مێژووی سلێمانی ڕوونبکرێتەوە.

 

لەبارەی پەیوەندیدار بوونی مانەوەی شوێنەوار و پێشکەوتنی نەتەوەی کورد وتی: لە ڕووی پاشخانی کولتووری و شوێنەواریەوە زۆر دەوڵەمەندین، بەڵام ئەم پاشخانە کولتووریە وەک پێویست سوودی لێ نەبینراوە، وە کۆمەڵێک ناوچەی شوێنەواری زۆر گرنگمان هەیە کە دەکرێت لە ڕووی گەشتیاریەوە بەکار بهێنرێت و ببێتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران.

 

"ژنان کاریگەریەکی بەرچاو بوون لە بنیادنانی شوێنەوارەکان"

بەهرە ساڵح، لە بارەی بەشداری ژنانەوە ڕوونی کردەوە، "هەر لە کۆنەوە ژن دەستێکی باڵای هەبووە لە بنیادنان و پاراستندا، لە یەکەم قۆناغی کشتوکاڵ کردن ژن ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە دۆزینەوە و کردنی کشتوکاڵدا، وە هەروەها هەموو قۆناغەکانی دیکە وەکو گلێنەسازی و ڕستن و چنین و جل دروست کردن بە دەستی ژنان بوون، لە ئێستاشدا خۆشبەختانە کۆمەڵێكی زۆر لە شوێنەوارناسەکان ژنن، لەناو زانکۆ و مۆزەخانەکاندا و لە بواری شوێنەواردا خزمەتێکی بەرچاویان کردووە".

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: زۆر پارچەی شوێنەواری هەیە کە شوێن دەست و جێ موڵکی ژنانی پێوە دیارە، ئەو ژنانەش کە کاری گڵینکەیان کردووە، مۆری تایبەت بە خۆیان هەبووە لە کارەکەدا، بە هەمان شێوە لە چنین و ڕستنیشدا ژنان مۆری تایبەت بە خۆیان هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرکردە ژنەکان شوێن دەستیان لە نووسینەکاندا دیارە و بەشێک بوون لە دروستکردنی شارستانییەتدا.

 

لە دوا پەیامیشیدا وتی: پەیامی من ئەوەیە کە ئەم شوێنەوارانە وەک موڵکی کەسی و حزبی و هیچ بەرپرسێک تەماشا نەکرێت، گەورەتر لەوە وەک ناسنامەی نەتەوایەتیمان سەیر بکرێت، چونکە هەرچەند سەرکردە بگۆڕێت ئەم ئاسەوارانە هەر وەک موڵکی نەتەوە دەمێنێتەوە، بۆیە لەسەر تاک بە تاکی ئەم هەرێمە پێویستە پارێزگاری لە شوێنەوارەکان بکەین.